کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"دیوانی بەرزی وڵات\"ی رێژیم، حوکمی ئیعدامی هاووڵاتییەکی کوردی تەئید کرد

13:28 - 26 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەڵماس کە لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە ئیعدام مەحکووم کرابوو، حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتـەوە پژڕاست کرایەوە.
رەزا مەلازادە کوڕی ئەحمەد، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەلماس ساڵی ١٣٩٠ لە شاری پاوە لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی سپا لە شاری کرماشان راگوێزرا.
هەواڵدەریی هرانا بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی محاربە لەلایەن دەزگا قەزایی‌یەکانەوە بە ئیعدام مەحکووم کرا و حەفتەی پێشووش ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە تەئید کراوە.
ئەحمەد مەلازادە باوکی رەزا لە کاتی دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیدا بە بەردەوامی سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کردووە، بەڵام لێپرسراوان لەدانی زانیاری خۆیان بواردووە.
هەواڵی ئەو حوکمە، لەلایەن ناوبراوەوە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەکەی راگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەری ئیعدام کردنی زانیار و لوقمان مورادی، دوو چالاکی سیاسیی کورد لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەجیش لەئارا دایە.
زانیار و لوقمان مورادی رێکەوتی ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی پێشنوێژی هەینیی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی محارب و مفسد فی الارض هەر دووکیان حوکمی ئیعدام لەبەر چاوی گشتیی خەڵک، بۆ بڕایەوە.