کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشێکدا بۆسەر زانکۆی حەلەب دەیان کەس بوونە قوربانی

15:50 - 27 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: زانکۆی حەلەب لە سووریە کرایە ئامانج و دەیان کەس لەو هێرشەدا بوون بە قوربانی و دژبەرانی ئەسەد لەو بڕوایە دان کە ئەو هێرشە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتشەوە ئەنجام دراوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی رێژیمی سووریە باس لە تەقینەوەی بۆمب لە زانکۆی حەلەبدا دەکەن و تۆمەتەکەی دەدەنە پاڵ دژبەران و ئەرتشی ئازادی سووریە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە سەرۆک وەزیری رێژیمی سووریە چووەتە تاران و لەگەڵ لێپرسراوانی رێژیمی ئێران دیداری ئەنجام داوە.
دەوڵەتی رووسیەش دژایەتی خۆی لەگەڵ دانی پەروەندەی سووریە بە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانە جەنگییەکان، دەربڕیوە.
هەواڵدەریی فەرمی رێژیمی سووریە رایگەیاندووە، تەقینەوەی تیرۆریستیی ماشینێکی بۆمب‌ڕێژکراو، کوژران و بریندار بوونی دەیان کەسی لە زانکۆی شاری حەلەب لێکەوتووەتەوە.
تەقینەوەکە لە یەکەم رۆژی ئیمتحان رووی داوە و قوربانیان زۆربەیان خوێندکار بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵەریی فەرانسەش لە زاری شایەت‌حاڵانەوە بڵاوی کردەوە، زانکۆی حەڵەب لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتشی سووریەوە بوردمان کراوە.
ئەم سەرچاوەیە نووسیویەتی: لانی‌کەم ٦٩ کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش لەم بوردمانەدا بریندار بوون.