کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئەمنیەتیی ناوچەی هەورامان ناجێگیرە

15:51 - 27 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران چوونەتە گوندێکی ناوچەی هەورامان و ماڵی هاووڵاتییانیان پشکنیوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە ئینتزامەییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران چوونە گوندی دێوەزناو له ناوچەی هەورامان و بە تیرهاوێژیی هەوایی ترس و دڵەڕاوکێیان لە نێو هاووڵاتییانی ئەو گوندەدا دروست کردووە.
هێزەکانی رێژیم بە بیانووی راوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان لەلایەن خەڵکی ئەو گوندەوە چوونەتە نێو ماڵی هاووڵاتییانەوە.
ئەو هێزانە وێڕای بێ‌حورمەتی پێ کردن گۆشتی نێو یەخچاڵی خەڵکیشیان بەو بیانووە کە گۆشتی راوە زەوت کردووە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش لە گوندی هوومل لە ناوچەی سەردەشت، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم دەستیان بەسەر ٣٠٠ سەر لە مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکدا گرتبوو کە بەهۆی سەرما و سۆڵەوە ١٠٠ سەر لەو مەڕانە مندار ببوونەوە.
پێشتریش لە گوندەکانی دەرەکێ و دزڵیی ناوچەی هەورامانی تەخت، گوندی نێ لە مەریوان و گوندی هانی گەرمەڵە سەربە ناوچەی پاوە، هێزەکانی رێژیمی دەستیان بەسەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییاندا گرتبوو و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا گۆشتی ئەو ئاژەڵانە لە نێو پاسگاکانی ناوچەکەدا دابەش کراوە.