کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی تەندروستیی زیندانییەکی سیاسیی عەرەبی مەحکووم بە ئیعدام، نالەبارە

12:49 - 28 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بنەماڵەی هادی راشیدی زیندانی سیاسیی عەرەبی مەحکووم بە سیدارە، لە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو نیگەرانن.
چالاکانی مافی مرۆڤ عەرەبی ئەهواز بڵاوی کردەوە، هادی راشیدی بەپێی بڕیاری پزیشک، هەمیشە دەوا و دەرمانی تایبەتیی خواردووە کە هەنووکە ئەو دەوا و دەرمانانەی لێ بڕاوە و چەندین جار لە مەرگ نزیک بووەتەوە.
هادی راشیدی کوڕی میر حەمزە لە ساڵی ١٣٥٢ لە دایک بووە و دانیشتووی شارستانی خەلیفە (رامشیر) و هەروەها خاوەن بڕوانامەی بەکارولیۆسی شیمیی کاربوردییە و وەکوو مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندی سەرقاڵ وانە وتنەوە بووە.
ئەو هاووڵاتییە نەخۆشی دڵی بووە و هەر بەو هۆیەشەوە لە سەربازی موعاف کراوە.
هادی هەروەها نەخۆشیی رۆماتیسمی دڵیشی گرتووە و سییەکانی توشی کێشە بوون و لەباری جیسمانییەوە زۆر لاواز بووە.
هادی راشیدی رێکەوتی ٩ی رەشەمەی ١٣٩٠ی هەتاوی، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری ئەهوازەوە دەسبەسەر و لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەهواز بە تۆمەتی دژایەتیی خودا و هەروەها پڕوپاگەندە لەدژی رێژیمی ئێسلامیی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ هاشم شەعبانی‌نژاد، سەید موختار ئەلبوشووکە، سەید یابر ئەلبوشووکە و محەممەد عەلی عومووری‌نژاد سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.