کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد تورک: تیرۆری سێ ژنە چالاکی کورد، کاری رێژیمی ئێرانە

13:38 - 28 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: ئەحمەد تورک ئەندام پارلمانی تورکیە، دەزگا هەواڵگرییەکانی رێژیمی ئێران و سووریەی لە تیرۆری سێ ژنە چالاکی کوردی تورکیە، بە تاوانبار لەقەڵەم دا.
ئەحمەد تورک پارلمانتاری سەربەخۆی شاری مێردین و هاوسەرۆکی گشتیی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دێمۆکراتی (KCD) رێژیمەکانی ئێرانی و سووریەی لە تیرۆری ٣ ژنە چالاکڤانی کوردستانی تورکیە تۆمەتبار کرد.
ماڵپەڕی خەبەر تورک بڵاوی کردەوە، ئەحمەد تورک لە نێو پارلمانی تورکیە وتوویەتی: لەو بڕوایەدا نییە کە دەوڵەتی تورکیە ئەو تیرۆرەی ئەنجام دابێت و بەو هۆیەوە کە وڵاتانی ئێران و سووریە نایانهەوێ تورکیە لە ناوچەکەدا ببێتە هێز، ئەو سێ ژنە چالاکە کوردەیان لە پاریس تیرۆر کرد.
ناوبراو وتیشی: چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیە، ئەو وڵاتە دەکاتە یەکەمین هێزی ناوچە، کە ئەو کارەش لە بەرژەوەندیی وڵاتێکی وەکوو ئێراندا نییە.
ئەحمەد تورک لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند: دەزگای هەواڵگریی رێژیمی ئێران و سووریە پێکەوە کار دەکەن و پێشبینیی من ئەوەیە ئەم تیرۆرە کاری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.
تورک ئاشکراشی کردووە: ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە رێژیمی ئێران لە رێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکەوە ئەو کارەی ئەنجام دابێت و لە پلەی یەکەمیشدا حکوومەتی فەڕانسە لە ئاشکرا کردنی ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە بەرپرسیارە.
رێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، سێ ژنە چالاکی کوردی کوردستانی تورکیە، بەناوەکانی سەکینە جانسز، لەیلا سۆیلەمز و ڤیدان دۆغان، لە پایتەختی فەڕانسە کەوتنە بەر هێرشێکی تیرۆریستیی کەسانێکی نەناسراو و گیانیان لە دەست دا.
هەر لە یەکەم رۆژەکانی تیرۆری ئەو سێ ژنە چالاکە کوردەی کوردستانی تورکیە، قامکی ئەنجام دانی ئەو تاوانە بەرەوڕووی رێژیمی ئێران راکێشرا.