کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ ئێرانیی دیکە لەلایەن ئەرتشی ئازادی سووریەوە بە دیل گیران

19:33 - 28 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بەسام جەعارە رۆژی پێنج‌شەممە رایگەیاند، ئەرتشی ئازادی سووریە ٢٠ ئێرانیی دیکەی لە خاکی ئەو وڵاتەدا بە دیل گرتووە.
تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییە بڵاوی کردەوە، بەسام جەعارە وتەبێژی شۆڕشی سووریە، ئامادەیی خۆی لەمەڕ ئاڵوگۆڕ ئەو ٢٠ ئێرانییە لەگەڵ دەسبەسەر کراوانی سووری لە زیندانەکانی بەشار ئەسەد دەربڕیوە.
نزیکە دوو مانگ پێشتریش ئەرتشی ئازادی سووریە ٤٨ ئێرانیی کە گومانی ئەوەیان لەسەر بوو ئەندامی سپای پاسداران بن، دەسبەسەر کرد کە حەوتووی رابردوو ئەو ٤٨ ئێرانییە لەگەڵ ٢١٣٠ دەسبەسەر کراوی سووری دیل بە دیل کران.
لەلایەکی دیکەشەوە چالاکانی سووری رۆژی پێنج‌شەممە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بڵاویان کردەوە هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە حاڵی ئەشکەنجە دانی منداڵێکی ١٥ ساڵە دان.
کۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریە لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، رۆژی رابردوو ١٨٣ کەس کە ١٨ کەسیان منداڵ بوون لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی سووریە گیانیان لە دەست داوە.