کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"کوژران لە پێناوی ژیان\" راپۆرتی كوردستان میدیا لەبارەی كوژران و بریندار بوونی كۆڵبەران/ مانگی بەفرانبار

19:12 - 30 بەفرانبار 2712

كوردستان میدیا: لەماوەی مانگی بەفرانباری ١٣٩١دا، ٨ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامی ــ ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران گیانیان لێ‌ ئەستێنراوە.
ئەو كۆڵبەرانە تەنیا بە مەبەستی دابین كردنی بژیوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو پێشە پڕ لەمەترسییە و زۆر جاریش ئەو پیشەیە مەترسییەكەی دەگاتە ئاستی گیان لەدەست دانی ئەو كۆڵبەرانە و جێگای تێڕامانی ئەو دیاردەی كوشتنە لێرەدایە كە بەپێی بەندی ئەلف لە مادەی ٢ی یاسای قاچاخی كالای رێژیمی ئێران، ئەگەر كالایەك كەمتر لە یەك میلیۆن تمەن بایەخی هەبێ‌ ئەوە ناچێتە چوارچێوەی كەلوپەلی قاچاخ و سزای نیە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، هەر لەسەرەتای مانگی بەفرانباردا دڵشاد پیرووزی تەمەن ١٨ ساڵ كوڕی عەلی و خەڵكی ئاوایی گڕوێسیی سەردەشت بەتەقەی هێزەكانی رێژیمی ئێران كوژراوە.
دڵشاد لەكاتێكدا كە بەماشێن لەحاڵی تێپەڕین بووە لە شوێنێك بە ناوی قانقا بەردانێ‌ لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە بە گۆمانی هەڵگری كەلوپەلی قاچاخ دەسڕێژی راستەوخۆی لێكراوە.
لە درێژەی كوشتنی بەبەردەوامی هاووڵاتیانی كورد‌‌دا، رێكەوتی ٥ی بەفرانبار هێزە ئینتزامییەكانی ئێران لە شاری مەریوان، لە نزیك پیلەوەری سنووریی باشماخ بە گومانی هەڵگرتنی گازۆییل تەقەیان لە ماشینێكی جۆری پەیكان كرد و لە ئاكامدا شۆفیری ئەو ماشینە بەناوی یوسف خەڵكی گوندی كۆڵان بە سەختی بریندار بوو.
یەك رۆژ دوای بریندار بوونی یووسف هێزەكانی رێژیم لە ناوچەی مەریوان دەسڕێژییان لە ماشێنی هاووڵاتییەكی كورد كرد و لە ئەنجامدا مەسعوود خەڵكی مەریوان بریندار كرا.
هێشتا خەمی بنەماڵەی برینداران و خەڵكی ناوچەی مەریوان لەپێوەندیی تەقە و بێ‌ حۆرمەتی پێكردن بە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە نەڕەویبووە كە دیسان هەواڵی بریندار بوونی دوو كەسی دیكە بە خەم و پەژارەكانیان زیاد بوو.

رێكەوتی ٧ی بەفرانبار هێزە نیزامییەكانی رێژیم لە ناوچەی مەریوان تەقەیان لە ماشێنێكی جۆری مینی بووس كرد و دوو كەس بە ناوەكانی رەحمان كارێزی و حوسێن خەڵكی ئاوایی كۆڵان بە سەختی بریندار كران.
ترس و دڵەڕاوكێی كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد لە تەقەی هێزەكانی رێژیم لەلایەك و ترسی دوژمنی ژێر زەویش كە بەبەردەوامی هەڕەشە لە گیان و ژیانی هاووڵاتییانی كوردنشینی سەر سنوورەكان دەكات لایەنێكی دیكەی ترسی كۆڵبەرانە.
مینە چێنراوەكانی سەردەمی شەڕی نێوان رێژیمی ئێران و عێراق ماوەبەماوە گیانی هاووڵاتیان و كۆڵبەرانی كردۆتە قوربانی، بە چەشنێك كە رێكەوتی ٧ی بەفرانبار كۆمەڵێك لە كۆڵبەرانی كورد لە شلێر لە سنوورەكانی پێنجوین- سەقز كەوتنە سەر مینە چێنراوەكان و كەسێك بە ناوی محەممەد میری خەڵكی شاری سەقز لاقێكی لە دەست دا.
رێكەوتی ١٦ لەسەر ١٧ی مانگی بەفرانبار شەماڵ كوری كەریم، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵكی ئاوایی سالی سەر بە ناوچەی خێلەڕەشی بانە لە لایەن هێزەكانی سەر بە پاسگای بڵەسەنـەوە كەوتە بەر دەسڕێژ و لە ئاكامدا بریندار بوو.

لە زۆربەی حاڵەتەكاندا كە كۆڵبەر و كاسبكارانی كورد لەناوچە سنوورییەكانی كوردستانی ئێران تەقەیان لێدەكرێ‌، هاوڕێ كانیان بۆ چارەسەریی پزشكیی دیانبەنە نەخۆشخانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەو كۆڵبەرانە لەو باوەڕەدان ئەگەر لە نەخۆشخانەكانی ئێران هێزە ئینتزامییەكانی رێژیم پێیان بزانن، دەسبەسەرییان دەكەن.

3446.jpg


رێكەوتی ١٨ی بەفرانبار، هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەقەی راستەوخۆیان لە كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بەناوی سمكۆ ئەحمەدی تەمەن ١٩ ساڵ، كوڕی كەریم و خەڵكی شاری سەردەشت كرد.
سمكۆ ئەحمەدی لە گوندی بێتووشی سەردەشت درابووە بەر دەستڕیژی گوللـە و لە ئاكامدا بە توندی بریندار ببوو و دواتر هاوڕێیەكانی ئەو كۆڵبەرەیان بە مەبەستی چارەسەریی بردبووە نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێ‌ لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بەكارهێنانی چەك، دەبێ‌ هێزە حكوومەتییەكان كاتێك كە هیچ رێگا چارەیەكیان نەما، بە دژی تاوانباران چەك بەكار بێنێن و ئەمە لە حاڵێکدایە کۆڵبەرانی کورد ناچنە ناو بازنەی تاوانبارانەوە و تەنیا گومان لێکراون.
بە پێی مادەی ٧ی بەكارهێنانی چەك لەلایەن هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێرانیشەوە، پێشتر دەبێ‌ ئاگادار كردنەوە (اخطار) بە كەسی تاوانبار بدرێ‌ و ئەگەر ئەنجامی نەبوو لە قۆناغی دووهەمدا تەقەی هەوایی بكرێ‌ و ئەگەر تەسلیم نەبوو لە كەمەر بۆ خوارێ‌ بپێكرێ‌ و كاتێك تەقە لەكەمەر بەرەو خوار دەكرێ‌ تەنیا دەبێ‌ لەلاقی بدرێ‌.
لە دوایین حاڵەتی تەقەكردن لە هاووڵاتییانی کورد لە مانگی بەفرانباردا، هێزە ئینتزامییەكان لە جادەی بیجار ـ سەقز تەقەیان لە ماشێنێك كردوو و لە ئەنجامدا شۆفێری ئەو ماشێنە بە ناوی شەهرام قەیسەری بریندار كرا.
كۆڵبەران، كاسبكاران و هاووڵاتیانی كورد بەمەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان سینگی خۆیان كردۆتە قەڵغان، بەڵام هێزە نیزامییەكانی رێژیم بێ‌ گوێ‌ دان بە هەژاری و برسییەتی، دانیشتوانی سەر سنووری کوردستان هەموو سینگێك دەپێكن.