کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی رێبەندان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

13:05 - 1 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداریی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، بەبۆنەی جێژنی ٢ی رێبەندان ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان رێوڕەسمێک بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێمۆکرات و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و ئەندامان ولایەنگرانی حیزب لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێز حەسەن شەرەفی وتاری خۆی بەبۆنەی ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.
شەرەفی لە وتارەکەیدا وتی: کۆماری کوردستان رۆلێکی گرینگی لە بەشداری پێکردنی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستاندا هەبوو و کوردانی پارچەکانی دیکە و بەتایبەت بارزانییەکان وەکوو هاووڵاتیی کۆماری کوردستان لەو هەرێمەدا دەژیان و هەروەها ئەو کۆمارە توانیی زمانی کوردی لە تێکڕای ناوەندەکانی خوێندن و ئیدارەکەندا برەو پێ بدات و جێگیریشی بکات.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات وێڕای ئاماژە بە پاشایەتی و عەشیرەتی بوونی دەوڵەتەکانی ناوەچە لەو سەرەدمەدا وتی: کۆماری کوردستان لە سەردەمێکدا سەری هەڵدا و دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیکی لە کوردستاندا دەستەبەر کرد کە تێکڕای حکوومەتەکانی ناوچە عەشیرەتی و پاشایەتی بوون.
ناوبراو وتیشی: ٦٧ ساڵ لەوە پێش کورد بە کردەوە هەنگاوی بۆ دامەزرانی دەوڵەتێک هەڵگرت و لەو دەوڵەتەدا هەوڵی جێگیر کردنی پرسێک درا کە ئێستا وڵاتانی جیهان خەباتی بۆ دەکەن کە ئەویش ئازادیی رادەربڕین بوو. بەستێن، بۆشایی، ویستی خەڵک و دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لە هۆکارە گرینگ و سەرەکییەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان بوون.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا فیلمێکی دێکۆمێنتاری لەسەر کۆماری کوردستان نمایش کرا.
لەم رێوڕەسمەدا چەندین سروود لەژێر ناوی کوردستان و پێش کەوە، لەلایەن کۆری هونەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە و بە تەک‌خانیی هونەرمەندان غوڵام فاتیحی، نیعمان مەلەکی و فارووق سوڵتانی خوێندران.
لە نێوئاخنیشدا چەندین گۆرانی لەلایەن هونەرمەندان غوڵام فاتیحی و رۆیا هاشمییەوە پێشکەش کران.
پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکانەوە بەم رێوڕەسمە گەیشتبوون کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە:
ــ مەکتەبی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ــ لقی ٤ی پارتی دێمۆکراتی کوردستان

ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ــ کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومۆنیستی ئێران

ــ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

ــ حیزبی شیوعیی کوردستانی عێراق

ــ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

ــ حیزبی ئایندەی کوردستان

ــ مەڵبەندی ١ی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

ــ ناوەندی کۆمەڵایەتی سەربە مەکتەبی کۆمەڵایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ــ رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

ــ رێکخراوی رابوونی خوێندکارانی کوردستان، مەکتەبی سکرتاریەت

ــ کۆمەڵەی خوێندەوارانی رۆژهەڵات

ــ کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات

ــ یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق، لقی سلێمانی

ــ ئەنجومەنی پەنابەرانی سیاسی لە سلێمانی

ــ یەکیەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی و کەمپی باریکە