کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێبەندان(مەلا برایم مەجید پوور)

13:07 - 1 رێبەندان 2712

مەلا برایم مەجید پوور

رێبەندان گەرچی رێگەبەندانــی
بەڵام گلێنەی چاوی كوردانــی

٢ی رێبەندان بەر بەست و رێگریی داگیركەرانی كوردستانە، لەبەرانبەر دوژمنانی گەلی كورددا كڕێوەیە، گەردەلوولە و تۆفانە، راستە بەفراویە بەڵام لەراستیدا ئاوی حەیات و ژیانە.

گلێنەی چاوە خۆ كەس نیە نەزانێ چاو گرینگترین و بەنرخترین ئەندامی گیانە، چاوە جوان و ناحەز لێك دەكاتەوە، راستی و ناراستەكان لێك هەڵدەوێرێی. رێبەندانە كە بانگەوازی سەربەخۆیی دەكا و رێگە بۆ ئەویندارانی رزگاری كوردستان پاك دەكاتەوە و ئاسۆی سەركەوتنیان نیشان دەدا. رێبەندانە بە راگەیاندنی كۆمار و هەڵكردنی ئاڵا وڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە كە حاشا لەبوونی كورد دەكەن و بۆ لەناو بردنی تێدەكۆشن. رێبەندانە خەباتی رەوای گەل لەدەستی تاك و تایەفە، هۆزو، ئایین و ئیدان دەردێنێ، و دەیكاتە خەباتێكی جەماوەری كەگەل پێك هێنەر و بەڕێوەبەر و خاوەنیەتی. ئێمە لە حاڵێكدا ٢ی رێبەندان جێژن دەگرین كە ٦٧ ساڵ بەسەر دامەزرانی كۆماری كوردستاندا تێپەڕیوە، ئەو تەمەنە هەر چـەنـد درێژە و ئەگەر لەو ماوەیەدا بە ڕواڵەت كۆمارەكە نەماوە، بەڵام وەك رۆژی كوردەواری هەموو ئێواران ئاوا دەبێ و رۆژی دواتر سەر لەنوێی سەر هەڵدەداتەوە، ئەو كاتەش كەلێمان دیار نیە ئەوە خۆی نوێی دەكاتەوە، پشوو دەدا بۆ ئەوەی رۆژی دواتر بە گوڕ و تینێكی زیاترەوە سەر هەڵدەداتەوە. ئەستێرەیەكی پڕشەنگداری ئاسمانە كەمانە و بەردەوام دەدرەوشێتەوە. ئـەو یـادە نـەك فـەرامـۆش نـەكراوە بەڵكو هەتا دڵ لێدەدا ئەویش هەر بە زیندویی لەبەر چاوە، چونكە لەدڵ و دەروندا جێی گرتووە و هەر ماوە. ئامانج و رێبازی ئەو كۆمارە ئاسەوارێكی زۆر و شكۆدارە، بەهاری ئەوین و ئارەزوی هەموو ئازادیخوازان و نیشتمان پەروەرانی كوردە.

رێبوارانی ٢ی رێبەندان هەروا شێلگیرانە بۆ گێڕانەوەی رێـبـەنـدان و پـڕۆسـەكـانـی و بــۆ وەدیهێنانی ئامانجەكانی قوربانی گەلێك مەزن و بەنرخیان داوە و دەیدەن و بۆ ساتێكیش نەوەستاون و دروشمیان هەر نەسرەوتن هەتا سەركەوتنە.

رێبەندان و كۆمارەكەی بەوتەمەنە كورتەوەیەوە پێكهاتە و پڕۆسە و بەرنامەكانی ئەوەندە زانستیانە داڕێژاون كە هەتا ئێستاش شانبەشانی رەوتی ئازادیخوازانە و پێشكەوتوانەی دنیا خۆی دەنوێنێ و بەدنیاشی سەلماندوە كە هەتا هەتایە كۆمارێكە كە كورد هەر ئەوی بەخۆیەوە دیوە و بەس، بۆ دنیای رونكردۆتەوەكە ئەگەر كورد مەودای هەبێ و دەرەتانی بۆ بڕەخسێ دێمۆكڕاتترین گەلی ئەم جیهانەیە، سەلماندی بوونی گەلێكی كەبەردەوام لەلایەن داگیركەرانەوە سەركوت كراو ودەكرێ، گەلێك كەلە هەموو مافەكانی مرۆڤانە و گشت ئازادیە ك بێبەشكراوە، گەلێك كە بەردەوام سەركوت كراوە و دە رگای هە ر چەشنە هەڵدان و پێشكەوتـنـێـكی لـێ گـیـراوە، گەلێك كەبەردەوام لەلایەن دوژمنانی بەشەڕ فرۆش و دز و چەتە ناسێندراوە، گەلێك كە زمان و فەرهەنگ و كەلەپوری لێ‌ قەدەغە و بە تاڵان براوە، ئەگەر هەلی بۆ رەخسا و ئازادی خۆی وەدەست هێنا هەرگیز ناكەوێتە بیری تۆڵە سەندنەوە و بەپێچەوانە لـە زۆربەی گەلانی ئازاد و سەربەخۆش دێمۆكڕاتتر و ئازادیخوازتر و مرۆڤ دوستترن.

ئەگەر بەرژەوەندی ماددی لێبگەڕێ بەڵگە و مەدڕەكی زۆر هەن لە ئاڕشیوی زلهێزانی دنـیـادا بدرێنە دەرێی دەیسەلمێنن ٢ی رێبەن دان نوختە گۆڕانێكی گرینگ و بێ وینەیە لەمێژوی گەلدا و نمونەیەكی گەلێك پێشكەوتوانەیە نەك بۆ ئەودەم بەڵكوو بۆ ئێستاش لەكوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و شانی لـــەشانی وڵاتانی پێشكەوتوی جیهان دەدا.

٢ی رێبەندان لەحاڵێكدا راگەێیندراوە كە ئازادی و دێمۆكراسی لەو مەڵبەدانە ناوێشی هەر بەدەگمـەن دەبــیــسرا، لەشوێنێك راگەێیندرا كە مەڵبەندێكی دوا خرا و لە وڵاتێكی تەواو دوا كەوتوو دابوو، نەخوێندەواری و هەژاری باڵی رەشی بەسەر دا كێشابو، دەسەڵاتی جۆرا و جۆری ناشەرعی و خۆ خواز و دوور لەهەر مەنتیق و زانستێك حوكمی بەسەردا دەكرد، دەر بڕینی بیرو ڕا و داوای مافی رەوای نـەتەوەیی و مرۆڤانە تاوانی نەبەخشرا و مەرگی حەتمی بەدواوە بوو. لەوەها هەلوو مەرج و كەش و هەوایـەكـدا راگەیاندنی كۆمارێكی دێمۆكراتی پێبەند بەهەموو مافەكانی مرۆڤ ویاسا و راساكانی ناو نەتەوەیی لەلایەن پێشەوای مەزن، جگە لە وشیاری و تێگەیشتویی و دێمۆكرات بوونی راستەقینە دەبێ چیدی بگەیەنێ ؟؟!

٢ی رێبەندان دەسكەوتێكی بایخداری مێژویی گەلی كوردە كە دەبێ بەگیان بپارێزرێی و پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی ئەگەر بۆ منی بەزێدە ڕۆیی حێساب نـەكـەن، ئـەركـێـكـی ویـژدانـی، نەتەوەیی، ئینسانی گەلی كورد لە هەموو بەشەداگیر كراوەكانی كوردستانە.

رێبەندان رێبازی گەلە و كۆمارەكەشی ئیی هەموانە. ٢ی رێبەندان بەر و بوی گەلێكن و لەگەڵ ئەوەش دژبەر و بەر هەڵستیشی زۆرن كە لێرەدا ناكرێ هەموو وردەكارییەكانی شیكەمەوە، بەڵام كورتەیەك لەتێگەیشتن و هەڵێنجاندنی خۆمی لەسەر دەنوسم.

نامهەوێ رووداوەكە لە رووی نوسراوان بگێڕمەوە، ئەوە مێژونووسان چ بەئەرێنی و چ بەنەرێنی ئەوەندەی كراوە نووسیویانە و لـــەبەر دەستی كۆمەڵگایان داناوە. باس لەو روداوانە دەكەم كە دۆست و دوژمن دانیان پێدا هێناوە و حاشا هەڵگر نین، باس لەسەر روداوەكانی كوردستان ئێستاشی لەگەڵ بێ دەقا ودەق و بێ تێبینی نەنوسراون ئەوانە لە كەش هەوایەك دا نوسراون كە دوژمن بەسەر وڵات و نوسەرانی كورددا بەتەواوی زاڵ بووە و زاڵە. نوسەران و زانایانمان نەیان توانیوە هەموو راستییەكان وەك روویان داوە بخەنەروو، بەڵكو ئەوەش كە نوسیویانە داگیركەران دەستیان تێوەرداون، زۆر راستیان بەراوەژ و نیشان داوە. بەباوەری من كورد رێگەی پێنەدراوە بەشێوەیەكی زانستیانە روداوەكان وەك خۆیان بنوسن و شیان بكەنەوە. بۆ وێنە شەهید كرانی پێشەوا و هاوڕێیانی، سمكۆ و زۆریتریش حاشا هەڵنەگرن و دوژمنیش نەیتوانیوە پێیان رێبخا، هەر ئەوەندە خۆی بێ تەفسیر و تەعبیر هەقانیەتی كورد دەسەلمێنێ، بەڵام ئەوەی راست بێ چۆنیەتی و وردەكارەیەكانیان وەك خۆیان نین و هـەر كـەسـە بەجۆرێك باسیان دەكا و لێكیان دەداتەوە كە زۆر جار وەك یەك نین وخوێنەر توشی دڕدۆنگی دەكا. جێگای داخەبـەلای مـنـەوەكە هێندیك كەس كە لەو بوارانەدا دەنوسن لە بایەخ و گرینگی ئەو رووداوە مێژوییانە كەم دەكەنەوە، هێندێك رەنگە بەدڵسۆزیش بێ شتی وا دەڵێن كە لەگەڵ كەسایەتی شەهیدەكـە و گرینگی بابەتـەكە نایەنەوە. ناچمە ناو ئەو باسە چونكە لەدووی رێبەندانم دور دەخاتەوە بەڵام دەڵێـم :

كورد مێژوی ٢٧١٢ ساڵەی هەیە حەوت سەد ساڵ لەپێشەوەی میلادی مەسیحە، تەنانەت هێندێك لایان وایە لەوەش كۆنترە و دەڵێن: ئیبراهیمی باوكی پێغەمبەرانیش كورد بوە، ئەو چەشنە وتنانەش بێگومان گۆترە نین و لەخۆوە نەكوتراون. بەپێی سەر گوزەشتەی پێغەمبەرانیش كە لەقورعاندا هاتوون كەشتی نوح لەسەر چیای (جودی) گیرساوەتەوە و لەنگەری گرتووە و راوەستاوە، ئەم چیایەش كوردستانە، كە وابوو زێدە ڕۆیی نیە كە بڵێین: مرۆڤایەتی لەكوردستان ژیاوەتەوە و دنیای داگرتوە. سەرەڕای هەبوونی ئەم هەموو بەڵگانە و زۆریتریش جێگای سرنجە كە حاشا لەبوون و كیانی كورد كراوە و دەكرێ! ئەو پرسیارانەش دێنە ئاراوە كە بۆچی هەتا ئێستاش نەمان توانیوە زێدەكەمان رزگار بكەین كیانی خۆمان پێك بێنین و هەروا لەژیر چەپۆكەییدا ماوینەوە؟! بۆچی بەدرێژایی ئەو مێژوە و بوونی ئەو هەموو خەبات و ئەزمونەوەك پێویست دوژمنمان نەناسیوە و دۆستی راستیەقینەمان نەدۆزیوەتەوە؟! بۆچی كورد ئەو راستییەكە بۆ خۆشی باوەڕی پێیەتی كە دەڵێ‌ سەركەوتن لە یەكگرتویی دایە، بەكردەوە وەدی نەهێناوە؟! بۆچی دژایەتی یەكترمان لەدۆستایەتی و هاوكاری بەلاوە هاسانترە؟! بەباوەڕی من وڵامی ئەو پرسیارانە و زۆرتریش بەرنامەی ٢ی رێبەندان دەیداتەوە و دەڵێ: یەكگرتونین و راسپاردەكانی منتان وەك پێویست بەجێی نەهێناوە، بایەخو بەوە نەداوە كە تەنیا دۆستی راستەقینە و پشتیوانی دڵسۆز و لەخۆ بردوتان و جێی بڕوا تەنیا گەلی كورد و چیاكانی كوردستانە، لەداواكانی كۆمار یان باش تێنەگەیشتون یان لاتان داوە، پێمان دەڵێ: جیا بیر بكەنەوە بەو بۆ چونە جیاوازانەوە رێگایەكی هاوبەش بۆ گەیشتن بەئامانجی گەل بدۆزنەوە، سەیركەن كۆمار هێزێكی تۆكمە و رێكخراوی لەهەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵ دروست كردبوو كە بۆ هەموو كوردستان تێدەكۆشا. پێكهاتەی كۆمار تێكەڵاوبوو لەهەمو چین و توێژەكانی كوردستان بەبێ وەبەر چاو گرتنی ئیدە و ئایین ، بەڵام ئێستا تێكۆشانەكە بۆ پەرەپێدانی چەند بیرۆكە وەكار خراوە. لەگەڵ رێزم بۆ گشت بیر و باوەڕەكان بەڵام دەڵێێم دووی رێبەندان جگە لە وەدیهێنانی مافی نەتەوەی كورد و رزگاری كوردستان و داڕشتنی سیستمێكی دێمۆكرات و گەلی بۆ هیچ ئامانجێكی تر دانەمەزراوە. هۆی سەرەكی تێكدانی كۆمار عامیلی ناوخۆیی و سات و سەودای دەوڵەتان بوو، ئەوەش پێمان دەڵێ : لەنێو خۆتاندا یەكگرتوو بن و مەبنە هۆرە بۆ قەڵشاندنی داری ئاواتتان و پشت بەبێگانە مەبەستن و بەرژەوەندی تاكی مەخەنە پێش بەرژەوەندی گەل و لەبەڵێنی دۆستی رواڵەتی و دوژمنانیش دڵنیا مەبن.

دوژمنانی گەڵی كورد باش لەوە گەیشتبوون پڕۆسە و بەرنامەی ٢ی رێبەندان ئەگەر دابەزێندرێـی بەمانای نەمانی ئەوانە، زلهێزانیش ئەوەیان دەزانێ كەگەلێ كورد ئەگەر سەربەخۆێی، گوێ لەمستی كەس نابێ و نابێتە بەستراوە و ئالەتی دەستی ئەوانە، هەر بۆیە دۆستانی رواڵەتی وازیان لێهێناین و دوژمنانیش زەفەریان پێبردین و لە هەموو دەسكەوتە بەنرخانەی ٢ی رێبەندان بێبەشیان كردین و رێبەرەكەشیان لە دارداین . مەبەستیان ئەوەبو كەسەر لێبدرێی لەش كاری پێناكرێێ . بێ خەبەر لەوە پێشەوای نەمر بەرنامەیەكی بۆ كۆمارەكە داڕشتبوو كەگەلی كوردی بەتێكڕا وەك یەك سەر بەحیساب و بارهێنا بوو، هەتا ئەگەر یەك لەسەرەكان لەئارادا نەما، خەمی بێسەری دامان نەگرێ و تووشی ناهومێدی نەبین و سەرمان لێنەشێوێی و موتمانە بەخۆ لەدەست نەدەین، كەوابوو سەر گەلە و گەلیش نەمرە.

من بەش بەحاڵی خۆم گازندەم لەدوژمن نیەو هەرگیز چاوەڕوانی هیچ چاكەیەكی لێناكەم، قەت بەدۆستی نازانم بڕوام پێی نیە، هەموو بەڵێنیەكانیشی بەپیلانێكی ژێرەكی دەزانم ، پێم وایە لەهەر حاڵەتێكدا خەریكی فێل و تەڵەكە وفریودان و زەبرلێدانە، ئەوەشمان ئەگەر خۆی لێی گێل نەكەین بەچەندجار دیتوە و لەبەر چاومان روون و عەیانە. مەسەلێكی كوردی هەیەدەڵێێ : پیاوی وشیار هەرگیز لەكۆنێكەوە مار پێوەی نادا بەڵام بەداخەوە ئیی ئێمە هیندێكیان لەدوجاریش تێپەڕیوە!

٢ی رێبەندان نمونەی بەرزی یەكگرتویی و یەك دەنگی بوو، ئاوێنەی باڵانوێنی هەموو كوردستان بوو، نوێنەری هەموو ویست و داخوازەكان بوو، بەكوردی رایگەیاند هەتاكە ڕێگای رزگاریتان یەكگرتوویی و یەك هەڵوێستیە، پێی وتین هەتا پرش و بڵاو بن دوژمن باشتر زەفەرتان پێدەبا، كارتان لێتێكدەدا، لەئامانجەكەتان دورتان دەخاتەوە، لێكتان تەریك و دردۆنگ دەكا.

٢ی رێبەندان جیا لەكۆمار و هەڵكردنی ئاڵا بانگەوازی ئازادی و برایەتی بۆ، بانگەوازی خۆ بەڕێوەبردن و سەر بەخۆیی بۆ، بانگەوازی دێمۆكراسی و پێشكەوتوویی و دەربڕێنی راستی و رەوایی داوای گەلەكەمان بوو شەڕی ئیدە و ئایینی نەدەكرد و بۆ رزگاری كوردستان هەمووی لەپاڵ یەكتر دانابون ئێمەی رێبوارانی ٢ی رێبەندان ئەركی سەر شانمانە ئاوڕێكی لێزانانە لەرابردوو بدەینەوە، ژیرانە و وردبینانە لێكی دەینەوە، جارێكیتر بەزانیاری زۆری ئەمرۆیی هەڵی سەنگێنین و دووبارە زیندوی كەینەوە، راستییەكان ببینین و ئەگەر لامانداوە بابگەڕێینەوە، لەو هەموو كەرەسە و ئامرازی پێشكەوتن كەڵك وەرگرین و دەست بدەینە دەستی یەك و جاڕێكیتر بۆ هەتایە ئاڵاكەمان لەسەرتاسەری كوردستان بەرز كەین و بیشەكێنینەوە. با لەهەر فكرو بیر و هەلسوكەوتێك كەلێكمان دەكا بپرینگێینەوە، ئەوەیە پاداشی راستەقینەی شەهیدان ئەوەیە گێڕانەوەی ئەو هەموو خوێنەڕژاوە بۆ لەشی كوردستان. ئەوەیە دەمانكاتە رێبواری رێگای پێشەوا و ٢ی رێیەندان، ئەوەیە بەهاری ئازادی كورد دەخەمڵێنێ، ئەوەیە باغی هیوای گەل وەبەر دێنێ. بەو هیوایە هیوا بڕا و نەبین، لە بەرانبەر كۆسپ و تەگەران تێنەمێنین و نەلەرزین، هەتا گەیشتن بە ئامانجەكانمان نەبەزین بەمستە كۆڵەی دوژمنان نەتەزین، بەخوشك و برایانی ناو خۆ دەڵێم: وریا بن دوژمن چیدی نەمان خەڵەتێنێ و بمانكاتە نۆكەر و باغ و بێستانی ئامانجە چەپەلەكانیان بەئێمەوە بەر بێنێ. با بەهێزی بڕوا و زانست بەرەنگاری دوژمنان بین و لەزێدەكەمان بیان تارێنین. بەو هیوایە.