کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی جێژنی ٢‌ی رێبەندان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات بەڕێوەچوو

19:12 - 1 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی جێژنی دامەزرانی کۆماری کورستان، بە بەشداریی سکرتێری گشتی، ئەندامانی رێبەری، پێشمەرگە، بنەماڵە و میوانانی حیزب لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆڕتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی رێبەندان ١٣٩١ی هەتاوی بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان بەڕێز دوکتور میرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، وتارێکی بە بۆنەی دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە پێشکەش کرد.
بەڕێز دوکتور مێرۆ عەلیار لە قسەکانیدا وتی: دوو فاکتۆری یاریدەدەر لە دامەزرانی کۆماری کوردستاندا سەرەڕای ویستی گەلی کورد لەمەڕ دامەزرانی ئەو دەسەڵاتە کوردییە، دەتوانین ئاماژە بە لاوازیی حکوومەتی ناوەندی و هەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا بکەین.
دوژمنی کورد هەوڵەکانی خۆی بۆ بەلارێدا بردن و چەواشە کردنی ئەو دەسەڵاتە نەتەوەیی‌یە داوە، هەتا بەو چەشنە بە خەیاڵی خۆی خەباتی گەلەکەمان لاواز بکات.
ئێمە پێویستە گەشەی بیری نەتەوەیی و دیاری کردنی مافی چارەنووسی نەتەوەکەمان وەکوو ئامانجی کورد کە هەموو کات و ساتێکدا چاو لێ بکەین بە گوڕ و تینەوە بۆ وەدی هاتنی خەبات بکەین.
لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان، وەکوو دوو نەتەوەی هاوپەیمان، هاوکاری و هاوپێوەندییان هەبوو و ئێمەش لە داهاتوودا لەو ئەزموونە کەڵک وەربگرین.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سروودێک لەژێر ناوی بڕوا لە وتنی غولام فاتحی، بە هاوکاری کۆرسی کۆڕی هونەریی کۆمیسیۆنی پەروەردی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران خوێندرایەوە.
بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکە پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان و خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لەخۆ گرتبوو، کە لەلایەن رۆژین بەهرامی ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
لە نێوئاخنی رێوڕەسمەکەدا دوو گۆرانی بە دەنگی هونەرمەندان چرۆ سوهرابی و رۆیا هاشمی و هەروەها پەخشانێک لە لایەن چنوور مەحموودیەوە خوێندرانەوە.
لەبڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکە سروودێک بە دەنگی ئازاد مستەفا پوور و بە هاوکاری کۆرسی کۆڕی هونەریی حیزبی دێمۆکراتەوە پێشکەش کرا.
لەم رێوڕەسمەدا پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی لایەن و پارتە کوردییەکانی خوێندرایەوە کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە:
ــ مەڵبەندی ١٤ی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆیە

ــ بزووتنەوەی گۆڕان مەکۆی کۆیە

ــ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆیه

ــ حیزبی ئایندەی کوردستان، کۆیه

ــ یەکیەتیی زانایانی ئایینی ئەوقافی کۆیە

ــ حیزبی شیوعیی کوردستان

ــ مەکتەبی رێکخراوە دێمۆکراتیکەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆیە

ــ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کۆیه

ــ پەیامی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە

ــ خوێندکارانی دانشگای پەیامی نووری سنە

ــ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆیه

ــ پەیامی بنەماڵەی سێ شەهیدی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی ئالانی سەردەشت

ــ یەکیەتیی ژنانی کوردستان، لقی کۆیە

ــ فیدراسیۆنی رێکخراوە مەدەنییەکان، کۆیه

ــ فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران

ــ یەکیەتیی فرمانبەرانی کوردستان لقی کۆیە