کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری کوردستان، لێگەرێک لەهەمبەر دیکتاتۆری و تۆتالیتریزمدا (مەجید حەقی)

14:43 - 2 رێبەندان 2712

مەجید حەقی

شەست و هەفت ساڵ لەمەوبەر کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، رێبەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد – دوو مانگ دوای دامەزراندنی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لە تەورێز، دامەزرا.
کۆماری کوردستان وەڵامدانەوە بە ویستی کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمە بۆ بەدەستەوە گرتنی مافی چارەنووس و بەیارمەتی هۆکاری دەرەکی و ناونەتەوەیی سەروبەندی کۆتایی شەری دووەمی جیهانی بوو. کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی پرۆپاگەندەی نەیارانی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد و تۆتالیترەکان، بەرهەمی ویستی هێزەکانی دەرەکی یان دەستکردی دەسەڵاتێکی بێگانە نەبوو.
ئەوەی کە گرنگی دەبەخشێتە ئەو کۆمارە ساوەیە، کە تەنیا توانی یازدە مانگ درێژە بە ژیانی خۆی بدات، ناوەرۆکی هومانیستی، دێموکراتیک و دژە فاشیزم و رەگەزپەرەستیی ئەو کۆمارە بوو. دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان لە یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، ئامانجی خەباتی خۆیان دێمۆکراسی، خەبات دژی فاشیزم و هەڵاواردن، بەرەو پێش بردنی رەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵکی کورد لە کوردستان، جێبەجێ کردنی یاسای ئەیالەتی و ویلایەتی مەشرووتە، دادپەروەری و کۆنسێنسۆی کۆمەڵایەتی دیاری کرد.
ئەو ئامانجە دێمکراتیکانە لە راستیدا ببوونە لێگەر و چالشی بەردەم رێژیمی پەهلەوی و سیستەمی دیکتاتۆری زاڵ بەسەر ئێراندا کە خەونی ئێرانێکی دەدی بە یەک پادشا، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا.
کۆماری کوردستان تەنیا یازدە مانگی خایاند، کاتێک حکوومەتی میللیی ئازەربایجان بە هێرشی ئەرتشی پەهلەوی و بە پشتیوانی هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا لە ناو چوو و سەرۆک وەزیران و کاربەدەستانی حکوومتی میللیی ئازەربایجان، تەورێزیان بەرەو یەکیەتی سۆڤیەت بەجێ هێشت و بەوە بوون بە هۆی ئەوەی کە هەزاران کەس لە خەڵکی تەورێز بکوژرێن، سەرۆک کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد، وەفادار بە سوێندێک کە لەرۆژی ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ دا لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد خواردبوو، لە بەرانبەر خۆراگری و ماڵوێرانیەک، کە لەوانەیە شەڕ لەگەڵ ئەرتشی پۆشتە و پەرداخی پاشایەتی بەسەر کوردستاندا سەپا بوایە، بەجێ هێشتنی کوردستان و هەڵاتن بۆ شوێنێکی ئارام و خۆ بەدەستەوەدان و بوون بە قەڵغانی بەرگری لە ویست و ئاواتەکانی خەڵکی کورد یەکێکیان هەڵبژێرێت. سەرۆک کۆماری کوردستان دوایین هەڵبژاردەی بژارد و لە بەردەم دادگای حکوومەتی پەهلەویدا، سیستەمی دیکتاتۆری و حاکمیەتی تۆتالیتری بە دادگا کێشا.
٦٧ ساڵ دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان، هەموو ساڵی گەلی کورد لە سەرانسەری جیهان، یادی دامەزراندنی ئەو کۆمارە دەکەنەوە. کوردەکان ئەو رۆژە یاد دەکەنەوە وەک سەمبۆلی دژی زوڵم و زۆرداری، سەمبۆلی ئازادی سیوتی، دژایەتی لەگەڵ تۆتالیتریزم، شۆڤۆنیزم و چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ.
کۆماری کوردستان، بزاڤی دژی شەپۆڵی دیکتاتۆری و کپ کردنەوەی دەنگی خەڵکی ئێران لە زیندانێک بوو بەناوی تمدن بزرگ ایران بوو. بانگەشەی رەساڵەتی مرۆڤ بوو بۆ بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆی و رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤی.

ئەو نرخانەی کۆماری کوردستان لە پێناویدا دامەزرا و پێشەوا قازی محەممەد گیانی لە رێگایدا لەدەست دا، ئەمرۆ بوونەتە نرخی گشتیی خەباتی نەتەوەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دێمۆکراتیک، سێکۆلاردا کە لەودا هەموو جۆرە چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ خاشەبەڕ بکرێت و دەوڵەمەندییەکانی نەتەوایەتی، کولتووری و ئایینی ئەو وڵاتە بکرێتە هەوێنی پێشكەوتنی مرۆڤ لە هەموو بوارێکەوە