کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی سێ هەزار کەسیی شاری بۆکان

00:07 - 2 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: خەڵکی شاری بۆکان لەمەڕ پەرەسەندنی دیاردەی رفاندن و کوشتنی منداڵان لەو شارە خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٥:٣٠ ئێوارەی رێکەوتی ١ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی ، لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی مانگرتن و خۆپیشاندان لەدژی رفاندن و کوشتنی منداڵانی بۆکان زیاتر لە ٣ هەزار کەس لە خەڵکی بۆکان، لە پارکی ساحلی بە دروشم دان بەرەوە فەلەکەی فرمانداریی شاری بۆکان خۆپیشاندانیان کرد.

لەم خۆپیشاندانەدا ژنان لە ریزی پێشەوەی ئەم ناڕەزایەتییە بە دروشمی چەقۆ کێشان و بکۆژانی منداڵان ئیعدام بکرێن و هەروەها کۆمەڵێک دروشم لە دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بەرز کردەوە.

بەپێی سەرچاوەکە هێزێکی زۆری رێژیم کە زۆربەیان ئیتیلاعاتی و گاردی تایبەت بوون، هەوڵیان داوە پێش بەو خۆپیشاندەران بگرن بەڵام خەڵک لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەم کردەوە دزێوە کۆمەڵایەتییە، کە گومان دەکرێ دەستی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی تێدا بێت، بەردەوام بوون و خەڵک توانیی ئەو هێزانە راو بنێن.