کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێمۆکرات رێوڕەسمێکی بەشکۆی بەبۆنەی ٢‌ی رێبەندان لە شاری هەولێر بەڕێوە برد

00:40 - 3 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کەسایەتیە فەرهەنگییەکان، لەلایەن حیزبی دێمۆکراتەوە لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢‌ی رێبەندان دەستی پێکرد و بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان پەیامی خۆی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و دواتر بەڕێز هیجری چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشدارن کرد.
هیجری وتی: کۆماری کوردستان وەک دەسکەوتێکی حیزبی دێمۆکرات دێتە ئەژمار، چونکە ئەگەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستان نەبوایە، ئەگەری ئەوە هەبوو دامەزرانی کۆماری کوردستان ئەستەم بێت و لە درێژەدا وتیشی، بەشداری کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە کۆماری کوردستاندا نیشانەی قورسایی و پرستیژی ئەو کۆمارە بوو.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات ئاماژەی بەوەشدا، دووی رێبەندان و کۆماری کوردستان بۆتە ناسنامەیەک بۆ کوردەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و ئەو کۆمارە بە دەسپێکێکی ئاشتی و پێکەوە ژیان دێتە ئەژمار و بەڕێزیان بۆ پژڕاست کردنەوەی ئەو قسانە ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان کۆماری کوردستان و حکوومەتی ئازەربایجان لەو کاتەدا کرد.
بەڕێز مستەفا هیجری لە درێژەی وتارەکەیدا تیشکە خستەسەر ئەوەش کە یەکێک لە درەسەکانی کۆماری کوردستان پێمان دەڵێ‌ کەلە کۆمەڵگا نادێمۆکراتیکەکاندا مافی نەتەوە و تاکەکان دەستەبەر نابێ‌ و هەر بۆیەش حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دێمۆکراسی و فێدراڵیزم بۆ داهاتووی ئێران پێداگرە.
هیجری ئاشکراشی کرد، ئەگەر لە مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران بەهۆی کەشی ئەمنیەتی و نەبوونی ئازادی، هاووڵاتییان ناتوانن یادی رۆژی کۆمار بکەنەوە، بەڵام ئێستاکە لە شاری هەولێر پایتەختی بەشێکی کوردستان بەشێکی بەرچاو لە هێز و لایەنە سیاسیی و هاووڵاتییانی کورد یادی ئەو رێوڕەسمە دەکەنەوە و ئەو رێوڕەسمە سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد یەک نەتەوە و یەکدەنگە.
دواتر سروودێک لەژێر ناویجێژنی رێبەندان لە وتنی ئازاد مستەفا پوور و بە هاوکاریی کۆڕی هونەریی خوێندرایەوە.
لەبڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا فیلمێکی دێکۆمێنتی لەسەر کۆماری کوردستان پیشان درا.
لەبەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا چرۆ سوهرابی و رۆیا هاشمی گۆرانییەکی فولکلۆری هاوبەشیان پێشکەش کرد.
پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی لاوانی چوار بەشی کوردستان لەلایەن فواد خاکی‌بەیگی سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.
دواتر سروودێک لەلایەن غوڵام فاتیحی بە هاوکاریی کۆڕی هونەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا و گرووپی کچانی ئەستێرە بە چەند تابلۆیەکی هەڵپەرکێ رێوڕەسمەکەیان زیاتر رازاندەوە.

ئەو حیزب و لایەنانەش پەیام و پیرۆز باییان بۆ رێوڕەسمەكە ناردبوو:

ـ پارتی دێمۆكراتی كوردستان

ـ یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان كۆمیتەی ١٩‌ی رێكخستنی بەحرەكە

ـ سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

ـ حیزبی رزگاری كوردستان

ـ پارتی دێمۆكراتی كوردستان (فەرماندەیی لەشكری كوردستان جەماڵ مورتكە)

ـ مەكتەب سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان

ـ مەكتەب سیاسیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

ـ پارتی سوسیالیستی كوردستان ( باكوور)

ـ مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەب سیاسیی و نوێنەری یەكیەتیی دێمۆكراتیكی كورد لە سووریە

ـ مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی دێمۆكراتیكی گەلی كوردستان

ـ پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان

ـ حیزبی سوسیالیستی دێمۆكراتی كوردستان

ـ كۆمیتەكانی حێزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە هەولێر، جێژنیکان، قوشتەپە و سوران