کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێمۆکرات لە رێوڕەسمی ٢‌ی رێبەندان، لە شاری هەولێر بەشداریی کرد

19:24 - 3 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی کوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی ٦٧ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستانی لە شاری هەولێر کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣‌ی رێبەندان بە بەشداریی شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی، حیزبە سیاسیەكانی چوار پارچەی كوردستان، دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كەسایتیە نیشتمانپەروەر و رووناكبیرەكان و راگەیانە گشتییەكان بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەوتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر کەماڵ کەرکووکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند وتەیەکی لەسەر کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.
دوابەدوای قسەکانی کەماڵ کەرکووکی، عەلی قازی بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی پێشەوا قازی محەممەد لەسەر رۆڵ و جێگە و پێگەی کۆماری کوردستان هاتە دوان.
هەر لەو رێوڕەسمەدا فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەژێر ناویسەمبولێک بۆ یەکیەتیی نەتەوەیی کورد لەسەر دۆخی ئەو کاتی کۆماری کوردستان پیشان درا.
رێوڕەسمە بە شایی و خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانە کۆتایی پێهات.