کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی سپای قودس و شیرکەتێکی ئێرانی لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان گەمارۆ دران

17:43 - 2 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: شیرکەتێکی کەشتیڕانی و دوو ئەندامی سپای قودس بە تۆمەتی راگواستنی چەکوچۆڵ لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەحریم کران.

بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، بەپێی بەیاننامەی کۆمیتەی گەمارۆکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەید عەلی ئەکبەر تەباتەبایی و عەزیم ئاقاجانی، دوو ئەندامی سپای قودس و شیرکەتی کەشتیرانیی بهینە، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆ دراون.

لە راپۆرتی کۆمیتەی تەحریمەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە: شیرکەتی کەشتیرانیی بهینە یەکێک لەو دوو شیرکەتە سەرەکییە کە بە شێوەی نایاسایی چەکوچۆڵ بۆ رۆژئاوای ئەفریقا رادەگوێزێت.

هەروەها کۆمیتەی ناوبراو رایگەیاندووە، شیرکەتی بهینە لەلایەن سپای قودسەوە ئەرکی راگواستنی چەکوچۆڵی بۆ رۆژئاوای ئەفریقا لە ئەستۆ بووە.

لە بەیاننامەی تەحریمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: گەمارۆکان لە دژی ئەو کەسانە و ئەو شیرکەتە ئێرانییە، رەگەزنامە و سەردانی وڵاتانی دەرەوە و راگرتنی داراییەکانیان لە خۆ دەگرێت.

هەروەها وەزارەت خەزانەداریی ئەمریکا دوو مانگ پێش ئێستا ئەو دوو کەس و شیرکەتەی لە نێو لیستی تەحریمەکانی خۆیدا دانابوو.

دوو ساڵ پێش ئێستا یەکێک لەو کەسانە بە ناوی عەزیم ئاقاجانی، تەمەن ٤٤ ساڵ لەگەڵ عەلی عەباس جگا، هاووڵاتی نیجریەیی لە بندەری لاگۆسی نیجریە دەسبەسەر کران.

لەلایەکی دیکەشەوە سوزان رایس، باڵویزی ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لە کردەوەی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.

هەروەها ناوبراو گوتوویەتی: ئەو دوو کەسە و شیرکەتی بهینە سەربە سپای قودسی سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بوون کە پەرەیان بە تیرۆریزم و توندوتیژی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران داوە.

بەپێی بـڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧، هەناردە کردن و راگواستنی چەکوچۆڵ لە رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە قەدەغە کراوە.