کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئەمنیەتییەکان، لە ناوچەی ئاڵەشین هاووڵاتییەکی کوردیان دەسبەسەر کرد

16:36 - 4 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە شاری میاندواو، بە هاوکاریی چەند کەس لە دەست و پێوەندییەکانیان، چوونەتە ئاوایی گامێشگۆڵی لە ناوچەی ئاڵەشین و هاووڵاتییەکیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئازاد حوسێنی خەڵکی ئاوایی گامێشگۆڵی رێکەوتی ٣‌ی رێبەندان بەبێ‌ هیچ هۆکارێکی دیاری کراو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
شایەتحاڵێک بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، ئەو هێزانە بەر لەوەی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر بکەن دەستیان بە پشکنێن ماڵی ژمارەیەک لە دانیشتوانی ئەو ئاواییە کرد و وتیشی: هێزە ئەمنیەتییەکان بە بیانووی بوونی تراکتی تایبەت بە ٢ی رێبەندان ئەو پشکنینانەیان ئەنجام داوە.
بەوتەی دانیشتوویەکی ئاوایی گامێشگۆڵی، ئەو هێزانە دوای ئەوەی کە هیچ بەڵگە، یان تراکتێکیان وەدەست نەکەوت، بەهاوکاری دەست و پێوەندییەکانیان کە هەر خەڵکی ئەو ئاواییەن، چوونە ماڵی ئازاد و دەسبەسەریان کرد.
شایەتحاڵان وتیشیان گومانی ئەوە دەکرێ، ئازاد حوسێنی بە بیانووی ئەوەی کە بنەماڵەی شەهیدە و برایەکی بە ناوی سەیدە حوسێنی لە رێزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا شەهید بووە، دەسبەسەر کراوە.
هێزە ئەمنیەتییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی و کامپیوتێری ئەو هاووڵاتییەشدا گرتووە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگیرانی ئازاد لەبەر دەستدا نییە.