کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ کەسایەتی و چەندین ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، داوای راگرتنی حوکمی ئیعدامی چالاکانی ئەهوازیان کرد

13:20 - 5 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: چەندین لایەن و کەسایەتیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بە واژۆ کردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش خوازیاری هەڵاوەشاندنەوەی سزای سێدارەی هاووڵاتییانی ئەهوازی بوون.
نوسخەیەکی ئەم بەیاننامەیە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە،تێیدا هاتووە:
هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی بەفرانبار، ٥ زیندانیی عەرەبی ئەهوازیان لە زیندانی کارونی ئەهوازەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە و بنەماڵەکانیان ترسی ئەوەشیان لێ نیشتووە کە ئەم ٥ چالاکە لەمەڕ جێبەجێ کردنی سزای سێدارە، لەو زیندانە راگوێزراون.
سزای سێدارەی ئەم چالاکە مەدەنییە مانگی ژووئەن لەلایەن دادگای بەرزی وڵاتەوە تەئید کراوەتەوە.

لە بەشێکی دێکەی ئەم بەیاننامەیەدا ناوی ئەم ٥ چالاکەی هێناوە و نووسیویەتی: جابر ئالبووشووکە تەمەن ٢٨ ساڵ، موختار ئالبووشووکە تەمەن ٢٦ ساڵ، هادی راشیدی تەمەن ٣٩ ساڵ، هاشم شەعبانی‌نژاد تەمەن ٣٢ ساڵ و محەممەد عەلی عومووری‌نژاد تەمەن ٣٤ ساڵ ناوی ئەو ٥ چالاکە عەرەبەیە کە هەموویان ئەندامی چالاکی دامەزراوەی زانستی ــ فەرهەنگیی الحوار (دانوسان) بوون، کەلە مانگەکانی رێبەندان و رەشەمەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی دەسبەسەر کران.
محەممەد عەلی عومووری‌نژاد پێشتر لە زیندانی بەسرە لە عێراقدا بووە و لە مانگی رێبەندانی ١٣٨٩ی هەتاوی لە سنووری شەڵەمچەوە رادەستی هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کرایەوە.
بەیاننامەکە لەدرێژەدا نووسیویەتی: تۆمەتبارانی ئەم پەروەندەیە پاش چەندین مانگ دەسبەسەر کران، لەژێر ئەشکەنجەی توندی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، بە موحاربە و ئەنجام دانی کردەوەی تیرۆریستی تۆمەتبار کرا.
عەرەبەکانی ئەهواز یەکێک لە کەمایەتییە ئێتنیکییەکانی ئێرانن کە لەژێر توندترین سەرکوت و زەبر و زەنگی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دان.
پێشتریش چوار چالاکی عەرەبی ئەهوازی کە سێ‌یان برا بوون ئیعدام کران.
جگە لەم ٥ کەسە کە جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان زۆر نزیکە، هەنووکە زیاتر لە ٣٠ زیندانیی سەربە نەتەوەی عەرەب هەڕەشەی ئیعدام کرانیان لەسەرە.
لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا نووسراوە: ئێمە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە وێڕای دەربڕینی پەرۆشی و نیگەرانیی توندی خۆمان لە سێدارەدانی ئەم ٥ چالاکە عەرەبە دەردەبڕین و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکاری مافی مرۆڤ دەکەین بەپەلە هەوڵەکانی خۆیان لەمەڕ راگرتنی سزای سێدارەی ئەو زیندانییانە بخەنە گەڕ.