کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا و سووڕانەوە بە دەوری بازنەیەکی بێ ئەنجام (سمکۆ بێکەس)

13:05 - 7 رێبەندان 2712

سمکۆ بێکەس
ساڵانێکە کە زلهێزەکان بە هەڕەشەکردن و تەحریم و دەسەڵات دارانی ئێرانیش بە کات کوشتن، خەریکی یاری یەکن بە دەوری بازنەیەکی بێ ئەنجام‌دا ، بۆیە گەر لانیکەم ئاوڕێکی کورت لە وتووێژی ئەم چەند ساڵەی دوایی بدینەوە و دەبینین هەموو وتووێژەکانی وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە گەل ئێران نەک بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە بەڵکوو هەر لە سەرەتای خەت دایە ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێرانن کە گاڵتە بە عەقڵی رۆژ ئاوا دەکەن و تەنیا بە کات کوشتن، و هەر رۆژەو لە وڵاتێک ولە سەر مێزی گفتوگۆ کۆ دەبنەوە و دوایی بە راگەیاندراوێک بێ ئەنجامی کۆبوونەوەکان رادەگەێنن.
داخوا کێ سوودمەندە لەم کۆبونەوانە و کێ زەرەرمەندە ئەمە باسیکە کە دەبێت هەلوێستەی لە سەر بکرێ، چونکە بە دڵنیایی قسەی ئاخووندە دەسەڵات‌دارەکان یەکەو نابێ بە دوو، مەگەر دەسەڵاتە لەرزۆکەکەیان بکەوێتە ترۆپکی رووخان و ناچار بن جامێکیتر ژەهر بخۆنەوە وەک ئەو کاتەی لە جەنگەی شەڕی ئێران لە گەڵ عیراقدا خواردیانەوە و پاشەکەشەیان لەو داخوازی یە هێنا کە بە قسەی خۆیان فەتحی کەربەلایان دەکردو رێگەی رزگار کردنی قودسی شەریف لە کەربەلاوە بوو.
بە داخەوە لە هەموو شت خراپتر بە هۆی تەحریمی یەک لە دوایی یەکی رۆژ ئاوا و گرانی شتومەک لە بازار و بێ نرخ بوونی دراوی ئێران و وەزعی سەختی گوزەرانی ژیانی خەڵکی ئاسایی کە بە دەست گرانی لەڕادەبەدەر کەوتوونەتە رۆژی رەشەوە و دەسەڵاتی ئاخووندی هەر ئەوەی کە خەمی نەبێت ژیانی گەلانی ئێرانە بۆیە بە درێژەدان بە کۆبوونەوەی بێ ئەنجام تەنیا دەسەڵاتی خۆیی درێژ دەکاتەوە دەنا لە ویستەکانیان یەک هەنگاو بۆ دواوە ناگەڕێنەوە.
بە سەرنجدان بەم وەزعە کە دەسەڵاتدارنی ئێران تەنیا لە بەر ئەتومی بوون کە پیتاندنی ئورانیوم بە قسەی خۆیان بەرنامەی هەستەیی ئاشتیانە بە کار دێنن نابێتە نانێک بۆ سەر سفرەی هەژارێکی زگ‌برسی بە داخەوە وەک دەڵێن زگی تێر ئاگای لە برسی نیە بۆیە هەر جارەو تەنیا بۆ بەڕێ کردنی کات و وەدست‌خستنی دەرفەتی زیاتر هەر کات پێیان خۆش بێت دەڵێن وەرن با وتووێژ بکەین لە سەر بەرنامەی ئەتومی ئێران.
سەرنج لێرەدایە، تۆ بڵێ رۆژئاوا لەم چەند ساڵەدا لانیکەم ئەمەیان هەست پێ نەکردبێ کە دەسەڵاتی ئاخووندی قسەکەیان نەگۆڕە و تەنیا کات دەکوژن و بە دەوری بازنەیەکی بێ نێوەرۆکدا دەسووڕێنەوە.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە ئیتر رۆژئاواش بە دەسەڵاتدارانی ئێران بڵێن ئیدی بەسە و لەمە زیاتر نە رۆژئاوا بە گێل بزانن و نە خەڵکی ئێرانیش لەمە زیاتر لە بەر نەداری و هەژاری و بێکاری ئازار بدەن.
کاتی ئەوەش هاتووە کە خەڵکی ئێران یەک دەنگ بڵێن ئیتر بەسە و دەسەڵاتێک نەتوانێ ژیانی ئاسایی رۆژانەی خەڵکەکەی دابین بکات پیتاندنی ئورانیومی بۆ چییە کە هەموو سەروەت و سامانی وڵاتەکەمانی بۆ تەرخان کرا بێت و نەبێتە نانێک بۆ سەر سفرەی برسیەکانی وڵاتەکەمان و ئیتر ئەم دەسەڵاتە نابێ بمێنێ و دەنگی وەزاڵە هاتووی کپ کراو هەڵبڕن لە بەر ئەو هەموو گیر و گرفتانەی کە تەنیا بۆ بژیوی ژیانی رۆژانەیان دێتە سەر رێگایان بە گوێی کەڕی دەسەڵات خوازانی کۆماری ئیسلامی بگەێنن و بڵین ئیدی بەسە بۆ دەسەڵاتدارانی ئاخوندی ئێستا ئیتر کاتی هەرەسە.