کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە ناوەندە مەدەنییەکان و مافی مرۆڤ خوازیاری راگرتنی حوکمی ئیعدامی زانیار و لوقمان و ٥ چالاکی عەرەب بوون

14:37 - 7 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: ٣٨ ناوەندی مەدەنی و رێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، ئەگەری ئیعدامی دوو هاووڵاتیی کورد و ٥ چالاکی عەرەبی ئەهوازی لە ئارا دایە و لەو پێوەندییەدا داوایان لە بیروڕای گشتی کرد کە بە هانایانەوە بچن.
نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە کەبە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە هاتووە، حوکمی ئیعدامی زانیار و لوقمان مورادی لە حاڵێک دایە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتی ئامادە بوون لە دادگادا نکۆڵیان لە تۆمەتی وەپاڵ دراو داوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ماوەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا بڵاویان کردبووەوە، لەژێر زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانداندا دانیان بەو تۆمەتانەدا ناوە.
زانیار و لوقمان مورادی رێکەوتی ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی پێشنوێژی هەینیی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.
مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی محارب و مفسد فی الارض هەر دووکیان حوکمی ئیعدام لەبەر چاوی گشتیی خەڵکیان، بۆ بڕایەوە.
هەر لەو پێوەندییە و لەبەیاننامەکەدا باس لە بە هاناوە چوونی ٥ چالاکی عەرەبی ئەهوازی مەحکووم بە ئیعدامیش کراوە.
هاشم شەعبانی شاعیر و وب‌نووس، هادی راشیدی مامۆستای شیمی، محەممەد عەلی عەمووری‌نژاد وب‌نووس و چالاکی خوێندکاری، سەید یابر ئەلبووشووکە و سەید موختار ئەلبووشووکە ئەو ٥ هاووڵاتییەن کە لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بە ئیعدام مەحکووم کراون.