کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک سەبارەت بە ٢ی رێبەندان، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکرات بەڕێوەچوو

15:11 - 7 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: رێکەوتی ٧ی رێبەندان، بەبۆنەی ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان،فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزب سمینارێکی بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو سمینارە بریتی بوون لە تاوتوێی کار و کردەوەکانی کۆمار، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی، رۆڵی پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرکۆمار و کاریگەریی کۆمار لەسەر گەشە سەندنی رەهەندی نەتەوەی کورد بۆ هەر کام لە بەڕێزان دوکتور رۆژان ئاشتاب، بێهزاد خوشحاڵی و موعتەسەم نوورانی وەکوو کۆڕگێڕیانی ئەو سمینارە پێک هات.


دوکتور رۆژان ئاشتاب سەبارەت بە بواری مێژوویی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بۆ بەشداران دوا و ئاوڕی لە دەسکەوتەکانی کۆمار و هەروەها شی کردنەوەیەکی لەسەر کورتە مێژووی چۆنیەتیی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.
ئاشتاب قۆناغی پێش دامەزرانی کۆمار و پێکهاتنی بەستێنەکەی بە قۆناغی رێنسانسی کوردی ناو برد و پڕژایە سەر فاکتۆرە گرینگەکانی دامەزرانی کۆمار و وتی: رێبەریی کاریزماتیکیی پێشەوا قازی محەممەد وەکوو فاکتەری سەرەکیی دامەزرانی کۆمار دەتوانین ناو بەرین.
ناوبراو ئەوەشی رەت کردەوە هەندێ لایەن دەڵێن، کۆماری کوردستان بەهۆی گەمەی سیاسیی زلهێزەکان دامەزراوە و هەروەها بەهۆی ئەوانیشەوە رووخاوە.
پاشان بەڕێز موعتەسەم نوورانی، سەبارەت بە کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد بەوردی لەسەر ئەوەی کە بۆ چی کۆماری کوردستان بەربەرەکانێی چەکدارانی نەکرد دوا.
نوورانی لەسەر کەسایەتیی پێشەوا وتی: کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە کەسایەتیی کەسانێک وەکوو جۆرج واشینگتۆن، ماهاتما گاندی و ... هتد کەمتر نەبووە. وتیشی: بە حەق پێشەوا کەسایەتییەکی بەرزی هەبووە و مرۆڤێکی بەتوانا بوو هەموو بەڵگە مێژوویی‌یەکانی دەرخەری ئەو راستییەن.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا بەڕێز بێهزاد خوشحاڵی نووسەر و لێکۆڵەر سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین لە نێو گوتاری کۆماری کوردستان و بەراورد کردنی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی دێمۆکراتیک بۆ بەشداران دوا و سەبارەت بە ناسیۆنالیزیم، ناسیۆنالیزمی دێمۆکراتیک مافی چارەی خۆنووسین بۆ بەشداران قسەی کرد.
بڕگەی کۆتایی سمینارەکە بۆ بەشداران تەرخان کرابوو کە باس و پرسیارەکانی خۆیانیان لە کۆڕگێران کرد و لەلایەن کۆڕگێرانەوە وەڵام درانەوە.