کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکاڵای چالاکانی مافی منداڵانی نەغەدە لەمەڕ تێکڕووخاندنی پارکی منداڵان

18:21 - 2 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: چالاکانی مافی منداڵان لە شاری نەغەدە بە هۆی تێکڕووخاندنی پارکی منداڵانی ئەو شارە، سکاڵای خۆیان ئاراستەی فرمانداری کردووە هەتا پێش بەو کردەوەیە بگیردرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شارەوانی و شۆرای شاری نەغەدە، ئیزنی تێکڕووخاندن و خراب کردنی خانەیەکی ساوایانیان لە پارکی معلم لە گەڕەکی سندووس داوە.

تێکڕووخاندن و گۆڕینی شێوازی کەڵک وەرگرتن لە خانەی ساوایانی معلم، بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی چالاکانی مافی منداڵان و هاووڵاتییانی شاری نەغەدە، و لێپرسراوانی رێژیم یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ئاڵوگۆڕەن. لێپرسراوانی رێژیم ئیزنی دروست کردنی مەلەوانگەیان لە جێگای خانەی ساوایانی ئەو پارکە لە شاری نەغەدە داوە.

هەروەها لە دوو ساڵی رابردووشدا ئیزن بە سپای پاسدارانی رێژیم لە نەغەدە درا کە پارکی گەڕەکی بێهداشت ژمارە ٢ی ئەو شارە تێک بڕووخێنن و لە جیاتیی ناوەندی بەسیجی ساروڵڵا، باشوور شاریان تێدا دامەزراند.

تێکڕووخاندنی پارکەکانی شاری نەغەدە بۆتە هۆی پەرۆشی و نیگەرانیی هاووڵاتییان و چالاکانی مافی منداڵانی ئەو شارە، هەر بۆیە سکاڵای خۆیان ئاراستەی فرمانداریی شاری نەغەدە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا وڵامێکیان وەرنەگرتۆتەوە.