کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی ئەنوەر حوسێن پەناهی نامەیەکیان بۆ ئەحمەد شەهید رێپورتێری نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ نارد

20:28 - 8 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بنەماڵەی ئەنوەر حوسێن پەناهی چالاکی مەدەنیی کوردی دەسبەسەرکراو، دووهەمین نامەیەیان بۆ رێپورتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران نارد.
لەو نامەیەدا کە نوسخەیەکی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە هاتووە، ئێمە بنەماڵەی ئەنوەر حوسێن پەناهی لە نامەیەکدا کە ماوەی چەند مانگ لەمەوبەر پێشکەش بە ئێوە (ئەحمەد شەهید)مان کرد، هەوڵمان دابوو کە باس لەو زەخت و گوشارانە بکەین کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەکرێتە سەرمان و لەو ماوەیەشدا ئەو زەخت و گوشارانە روویان لە زیاد بوون کردووە.
لە نامەکەدا نووسراوە، باوکی ئەنوەر کە نزیک بە ٧٠ ساڵ تەمەنیەتی، لەگەڵ دایک و خوشکەکانی ئەو زیندانییە بۆ چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ‌ کراوە.
بنەماڵەی ئەنوەر نووسیویانە، دوایین زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیم بریتی بوو لە دەست بەسەرداگرتن بەسەر ئەمواڵ و دارییەکانی ئەو بنەماڵەیە و تەنانەت حیسابە بانکییەکانیشیان لێ‌ مەسدوود کردوون.
لە نامەکەدا هاتووە، وادیارە بنەماڵەی ئێمە گەورەترین تاوانی ئەنجام دابێت‌ کە بەو شێوەیە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە زەخت و گوشاری خراوەتە سەر و بە شێوازێک کە ئێمە گەمارۆمان خراوەتە سەر.
بنەماڵەی حوسین پەناهی لەو نامەیەدا کە بۆ ئەحمەد شەهید ناردوویانە نووسیویانە: ئەنوەر حوسێن پەناهی چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی سنە دایە و سیروان حوسێن پەناهی لە گرتنگەکانی ئێدارەی ئیتلاعاتی رێژیم دایە و بۆ ئاخاوتنی تەلەفیزیونی خراوەتە ژێر گوشارەوە.
ئەو بنەماڵەیە داویان لە ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە هانایانەوە بچن و ئاوڕیان لێ‌ بدەنەوە.
ئەنوەر حوسێن‌پەناهی خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەرێ رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و بە ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا.