کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١ رۆژنامەنووس لە تاران دەسبەسەر کران

12:57 - 9 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر دەفتەری ژماریەک لە رۆژنامەکانی نێوخۆی ئێران و ١١ رۆژنامەنووسیان دەسبەسەر کرد.
ئەم هێزانە هاوکات ئەم هێرشەیان بۆسەر دەفتەری رۆژنامەکانی بەهار، شەرق، ئارمان، ئێعتماد و هەفتە نامەی ئاسمان ئەنجام داوە و سەرەڕای دەسبەسەر کردنی ئەو رۆژنامەنووسانە، فیلم و وێنە و ئەرشیڤی ئەم هەواڵدەرییانەیان پشکنیوە.
شەپۆلی دەسبەسەر کردنی رۆژنامەنووسان لە کاتێک دایە کە غوڵام‌حوسێن ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران، رێکەوتی ٢ی رێبەندان رایگەیاندبوو، ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسەکانی ئەمڕۆ، جیا لەوە کەلە رۆژنامەکانی ئێراندا دەنووسن، پێوەندیشیان لەگەڵ رۆژئاوا و نەیاراندا هەیە.
هەواڵدەریی فارس سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، وێڕای پژڕاست کردنەوەی دەسبەسەر کرانی ئەم رۆژنامەنووسانە لەسەر کارەکانیان، هۆکارەکەی بۆ هاوکارییان لەگەڵ هەوڵدەرییە فارس‌زمانەکانی نەیاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران گەڕاندووەتەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە شارەزایانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە ئەو دەسبەسەر کردنانە پێوەندی بە هەڵبژاردنەکانی چەند مانگی دیکەی سەرکۆمارییەوە هەیە.


ئەم هەواڵدەرییە ژمارەی ئەم رۆژنامەنووسانەی ١١ کەس راگەیاندووە.
ناوی ئەم رۆژنامەنووسانە کەلە بەشە جۆراوجۆرەکانی وەکوو سیاسەت، کۆمەڵایەتی، هونەر و وێژەی هەواڵدەرییەکاندا کاریان دەکرد، بریتییە لە:
پووریا عالمی و پژمان مووسەوی (رۆژنامەی شەرق)، ئیمیلی ئەمرایی (رۆژنامەی بەهار)، ئەکبەر مونتەجبی (هەفتەنامەی ئاسمان)، ساسان ئاقایی و جواد دەلیری و نەسرین تەخیری (رۆژنامەی ئێعتماد)، موتەهەرە شەفیعی و نەرگس جەودەکی (رۆژنامەی ئارمان).
وێڕای ئەم چەند رۆژنامەنووسە، رۆژی شەممە ٧ی رێبەندان، هێزە ئەمنیەتییەکان، سلێمان محەممەدی بەرپرسی بەشی رووداوەکانی رۆژنامەی بەهار و میلاد بەهایی بەرپرسی بەشی سیاسیی هەواڵدەریی ئیلنای لە شەقامدا دەسبەسەر و بۆ زیندانی ئەوین رایانگواستبوون.