کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئەمنیەتیی شاری ئەهواز ناجێگیرە

13:44 - 9 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارە بۆ ٥ کەس لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازی، دۆخی ئەو شارە بە توندی ئەمنیەتی کراوە.
چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهوازی بڵاویان کردەوە، پاش پژڕاست کرانەوەی هەواڵی لەسێدارە دانی ئەم ٥ چالاکە عەرەبە و هەروەها پەرچەکردای خەڵک لەهەمبەر ئەم مەسەلەیە، دۆخی ئەمنیەتیی شاری ئەهواز ناجێگیر کراوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا خەڵکی ناوچەکانی حەمیدییە و شەلنگ ئاباد لە شاری ئەهواز رایانگەیاندبوو، لەئەگەری لە سێدارەدانی ئەم ٥ چالاکە سیاسییە عەرەبە، نائارامی و پشێویی بەربڵاو ناوچەکە دادەگرێت.
مەئموورانی ئەمنیەتی و ئینتزامیی لەمەڕ نیشان دانی پەرچە کردار لەهەمبەر ئەگەری سەرهەڵدانی نائارامی، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە چوارڕێیان و مەیدانەکاندا جێگیر بوون کە پەرۆشیی بەرپرسانی رێژیم لە پەرچەکرداری خەڵک لە نزیک بوونەوەی کاتی لەسێدارە دانی ئەم ٥ چالاکە نیشان دەدات.
لەلایەکی دیکەشەوە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی شاری ئەهواز بە شێوەیەکی بەربڵاو بانگهێشتی ناوندە ئەمنیەتییەکان کراون، بەتایبەت ئەوانەی کە پێشتر سزای قورسیان بۆ دیاری کرابوو.
لە هەمان کاتیشدا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی رێبەندان ئەو ٥ چالاکە عەرەبەی کە بڕیارە حوکمی لەسێدارەدانیان بەڕێوە بچێت،لە زیندانی کاروونەوە پێوەنییەکی تەلەفوونییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان گرتووە.

بنەماڵەی ئەم چالاکانە لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار سەردانی دادگوستەری گشتیی پارێزگای خووزستان و زیندانی کاروونی ئەهواز و هەروەها دەفتەری پێش‌نوێژی هەینیی شاری رامشیریان کردووە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە.