کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نەوت لە کوردستان، لە راپۆرتێکی فاینانشڵ تایمزدا

19:13 - 9 رێبەندان 2712

و:سەلاحەدین مەجیدپوور
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە ناوەندی گۆڕانکاریی خێرا و بنەڕەتی کە پێوەندی راستەوخۆی بە داهاتووی ئێمەی کوردەوە هەیە. پێگەی نوێ و ژئۆپۆلتیکیی کوردستان لە پێوەندییە ناودەوڵەتییەکاندا، یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی زۆر یەک لەو گۆرانکارییانەیە کە ناوچەکە بە خۆیەوە دیوە و یان لە داهاتوودا دەیان بینێ. زانیارییەکانی ئەو راپۆرتە کورتە کەلە خۆارەوە پێشکەش دەکرێ، یارمەتیدەر دەبێ لە تێگەیشتن لە بایەخی ئابووریی کوردستان کە لایەنی گەلێک گرینگی خستنەگەڕ و بەردەوامیی پرۆسەی سیاسییە لە ئەوڕۆ و داهاتووی نەتەوەکەماندا. راپۆرتەکە بە زمانێکی تکنێکی و ئابووری نووسراوە، هەر بۆیە وەرگێرانیشی ماوەیەکی کێشا، هەتا بۆم کرا بەوە کەلە بەر چاوی ئێوەی بەڕێزە، هیوادارم بە کەڵک بێ.
سەلاحەدین مەجیدپوور
ریچارد لۆ (Lowe) بە دەست پرسیارێکەوە داماوە، کە بۆ زۆربەی ئەو پیاوانەی کە بە دوای نەوتدا دەگەڕێن خەونێکە، ئەویش ئەو پرسیارییە: چە دەکەی لە سەر ئەو هەردە بەخۆی و بە ١٤ میلیارد بۆشکە نەوتی خاوەوە؟
شیرکەتەکەی ئاغای لۆ، کەلە لیستی شیرکەتە وەگەڕخەرە بچووکەکانی لەندەن دایە و نێوی گۆڵف کیستۆنـە، لە ساڵی ٢٠٠٩ نەوتی جێگای باسی کەلە شیخانی کوردستانی عێراقە، دۆزییەوە کە یەکێک لە مەزنترین کانگا ژێرزەوینییەکانە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا.
بەربڵاوی و گەورەیی کانگای شێخان کە هێڵێکی بە چەندین مایل درێژی قاویی هەتا تەپۆڵکە ناهەموارەکانی سنووری تورکیایە دەگرێتە بەرخۆ، هەتا ئێستاش گرفتێکە. ئاغای لۆ سەرۆکی بەشی هەڵکۆڵین (حەفاری)ی شیرکەتی گۆڵف کیستۆن دەڵێ: پرسیاری سەرەکی ئەویە کەلە کوێ را دەست پێ بکەین؟ ئەویش لەو مەیدانە نەوتییە زۆر گەورەیەدا.
دۆزینەوەی مەیدانێکی نەوتی وەک شێخان، کوردستانی کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی باکووری عێراقە، کردۆتە یەکێک لە مەزن‌ترین ناوچەکانی جیهان لە سەنعەتی نەوتدا. هەر ئەوە بۆتە هۆی سەرمایەگوزاریی ١٠ میلیارد دۆلاری شیرکەتە نەوتییە دەرەکییەکان لە وڵاتێک کە ٤.٩ میلیون کەسی حەشیمەتی هەیە.
تۆنی هایوارد سەرۆکی پێشوویی ب.پ و بەڕێوەبەری ئێستای شیرکەتی گەنێڵ ئێنێرژیی، کە ئێستا لە کوردستان خەریکی دۆزینەوەی نەوتە، دەڵێ: ئێرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا شوێنی دەست لێنەدراوە کە کەرتی تایبەت لە بواری دۆزینەوە لە ناوچە خەریکە کاری لە سەردەکا.
لە سەرەتاوە ناوچەکە ببووە مەیدانی هەڵسووڕانی شیرکەتە بچووکە نەترسەکان،بەڵام ئێستا لایەنە مەزنەکانیش هاتوونە ئەو مەیدانەوە. دوای چەند ساڵان شیرکەتە زبەلاحەکانی وەک ئەکسۆن نوبیل، شێڤرن و تۆتاڵ بەشێک لە ٤٥ میلیارد بۆشکە نەوت کە پێیان وایە کە لەژێر هەردی کوردستان دایە، وەدەست خەست.
ئاشتی هەورامی وەزیریی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان چاوەڕوانی شەپۆلێکی تەسبیتی بازار دەکا و دەخۆازێ لە زۆترین کاتدا شیرکەتە نەوتییەکانی هەڵسوور لەوێدا لە ٥٠ شێرکەتەوە بگەڕێنێتەوە بۆ ٢٠ شیرکەت و یان کەمتریش. ئەو بە فاینانشڵ تایمزی گووت: ئێمە لە شتێکی بچووک و ژیکەڵەڕا دەستمان پێکرد، بۆ گەێشتن بە شتێکی گەورە و رازاوە.
هەرچەند شیرکەتە گەورە نەوتییەکان هێندێک نیگەرانی قانوونییان هەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەرو کوردستان هاتوون و دێن. بۆ چەند ساڵێک دەچێ کە کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی سەبارەت بە خاوەندارێتی ناوچەکان کەوتۆتە کێشەوە. بەغدا دەڵێ، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی ئەو دەستەڵاتە نییە کە قۆنترات و گرێبستەکان لەگەڵ شیرکەتەکانی ئینێرژیی رۆژئاوا واژۆ و ئیمزا بکا و ئەو کارەی ئەوان بە جۆریەک کردەوەی دەژ بە قانوونی بنچینەیی دەبینن.
لە ئاڤریلی ساڵی ٢٠١٢دا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئیعتراز بە هەڵوێستی بەغدا لە وەدواخەستنی دانی ١،٥ میلیارد دۆلار، بە ئۆپیراتورەکانی نەوتی لە کوردستان، ناردنی نەوتی خاوی راگرت. بەدوای ئەوەدا هەلومەرجەکە باشتر کرا، لە مانگی ئاگۆستدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناردنی نەوەتی وەک نیشانەیەک لە نییەت پاکی دەست پێکردەوە و مانگێک دواتر حکوومەتی ناوەندیی ئامادە بوو بە دانی پارە دواخراوەکان. لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی کوردیی رەزایەتی خۆی راگەیاند بۆ بردنە سەری ناردنەدەری نەوت. ئەو رێکەوتنەی بەغدا و هەولێر شیرکەتی گۆلف کیستۆنی هان دا بۆ دەستپێکردنەوەی هەڵینجانی نەوت لە شێخان کە ماوەێ پینج مانگ بوو راگیرابوو.
ئاغای لۆ دەڵێ: جێگای خۆشحاڵییەکی زۆرە کە دەتوانین دەست بە هەڵینجانی نەوت بکەێنەوە. رۆژانە نزیک بە سی (٣٠) تانکێر، یا لۆری نەوت لە شێخانەوە باردەکەێن بۆ تەسفییەخانە ناوچەیی‌یەکان.
رێکەوتنی سێپتامبرلە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدادا، هەنگاوێکی لە جێ خۆی دابوو و بۆ بە قانوونی بوونی گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئاغای هەورامی دەڵێ کە بەغدا لەوە گەیشت کەلە هەمووان گرینگتر دانی متمانەیە بۆ وەگەڕ خستنەوەی ناردنی نەوت بە تەواویی، بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە کام یەک لە شیرکەتەکان، بە کامە قۆنترات، یان گرێبەست ئیش دەکا. روانگەکە ئەوە بوو کە: کوردستان دەبێ نەوت بنێرێ بۆ دەرەوە، لەبەر ئەوە کە پێویستمان بە داهاتەکەی هەیە. هەورامی دەڵی: راگرتنی ناردنی نەوت لە قازانجی عێراقدا نییە. بەڵکوو ئەو رێکەوتنە لە قازانجی هەردوو لا دایە.
زۆر زەق و بەرچاوە بڵێین کە کوردستان لەسەر کانگایەکی بە لێشاو نەوت ئۆقرەی گرتووە، لە بەشی باکووری مەیدانی نەوتی گۆڵف کیستۆن لە شێخان، ئاغای لۆ، سەرنجی میوانەکان رادەکێشێ بۆ ئەو نەوتە رەشەی کەلە بەردە قسڵینەکان هاتۆتە دەرەوە و دەڵۆپە رەشەکانی دەکەونە خۆارێ.
هەردناسەکانی عێراقی زانیاریی زۆریان لەسەر توانایەکانی ئەو ناوچەیە هەبووە. ئاغای لۆ دەڵێ: ئەو مەیدانانە دەبێ لە سی هەتا چل ساڵ لەمەوبەروە دۆزرابنەوە. ئەوە کە ئەو مەیدانانە هەر بە دەست لێنەدراوەیی ماونەتەوە بە بڕوای ئاغای لۆ بەشێک لە سیاسەتێکی دیاریکراو بووە بۆ وەدواخستنی دانیشتوانی کورد. لە بەرامبەردا عێراق چاوی لە مەیدانە نەوتییە گەورەکانی کەرکووک و بەسرە بڕی بوو. ئەو سیاسەتی نەوتی عێراق بە قازانجی کوردان تەواو بووە. بە وتەی دیپلۆماتێک لە هەولێر: ئەگەر ئەو نەوتە پەزمەندە بووە و دەستی لێ ندراوە، سی ساڵ لەمەوبەر هەڵێنجرابا، هەموو قازانجەکەی دەچووە گیرفانی سەدام حوسین و بنەماڵەکەیەوە. بە دەست لێ نەدراوی مانەوەی ئەو مەیدانانە تەنیا شتێکە کە دەبێ کوردان بۆی سوپاسگوزاریی سەددام بن.
تەنیا دوای ساڵی ٢٠٠٦ کە ئاغای هەورامی بە وەزیر دیاری کرا، سەنعەتی نەوت لە کوردستان وەگەڕ کەوت. سەرەڕای قۆنترات و چۆارچێوە قانوونییە ئاڵۆزەکان، ئەو بوو بەهۆی دامەزراندنی سەنعەتی نەوتی کوردستان. ئەو توانیی لە هیچەوە سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا مسۆگەر بکا. ئەوەش لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە، مەیدانە نەوتییەکانی باشووری ئێراق لوولەی ناردەنی نەوتیان بە خەلیجەوە گرێ دراوە، کەچی کوردستان بەربەستکراوە و ڕێگای بە رووی بازراری بەرین‌تردا نییە، بەشێکی زۆریی ناوچە دەست لێ نەدراوە و هەروەها هێندێک ناڕوونی هەبوو لەسەر وڵامی ئەو پرسیارە کە ئاخۆ ئەوان مافی ئەوەیان هەیە کە قۆنتراتەکانی خۆیان واژۆ بکەن یان نا؟
لە روانگەی ئاغای هەورامییەوە، ئەوان لەسەر بنەمای قانوونی بنچینەیی ٢٠٠٥ی عێراق، کە نەوت و گاز بە مڵکی هەموو گەلی عێراق لە هەموو ناوچە و ئوستانەکانی دەزانێ هەڵسوکەوتیان کردووە. هەورامی دەستی کردووە بە دەست نیشان کردن و دابەش کردنی ناوچەکانی دەرهێنانی نەوت و بەستنی قۆنتراتەکان لەسەر بنەمای خولقاندنی ئیمکانی وەدەست هێنانی سوودیکی باش بۆ شیرکەتە نەوتییەکان.
لە دەستپێکدا شیرکەتە بچووکەکان ئەو هەلەیان گواستەوە و سەرکەوتنی ئەوان بوو بەهۆی هاتنە کایەی شیرکەتە گەورەکانیش. ئاغای لۆ دەڵی لە هەر ١٠ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی نەوت، بە بەردەوامی حەوت هەوڵیان بۆ هەڵکۆڵینی چاڵەکان لە باری تەجارییەوە سەرکەوتوو بوون، ئەوەش بەو مانایەیە کە رادەی سەرکەوتنی هەوڵەکانی دۆزینەوەی نەوت لە کوردستان لە سەرەوەیە، و لەگەڵ کەم شوێن‌تر دەکرێ بەراورد بکرێت.
ئەگەر هەبوونی شیرکەتە نەوتییەکان بەرین‌تر بکرێتەوە، کوردستان بە خێرای گۆڕانی بەسەردا دێت. لە رابردوویەکی نە زۆر دووردا هەوڵێر لە هەموو عێراقدا، ئوستانێکی نەناسراو و دواخراو بوو، کە رۆژانە بۆ چەند سەعاتێک بەرقی هەبوو، خاوەنی هۆتێلێک بە ناوی شرایتۆن بوو کە لە ساڵەکانی ٧٠دا ساز کرابوو. بە بڕاوی ئەندازیارێکی نەوت کە لەو ساڵانەدا لە هەولێر ژیاوە، ئێستا شارەکە هەروەک شاری سەرکیش و سەربزێوی رۆژاوایWild west frontier town لێ هاتووە.
ئێستا سەردەمی گەشە و رەونەقە، فرۆکەکان کە پڕ لە تاجر و دەوڵەمەندن، لە دۆبەی، ڤییەن و ئیستامبووڵەوە دێن لە فرۆکەخانەی هەوڵێر دەنیشن. بورجی هۆتێلە ٥ ئەستێرەکان و جەری سەقیلەکان و بیناکان و باڵەخانەکان کەلە حاڵی سازبوون دان بە روخساری شارەکەوە دیارن.
ئاشتی و پێشڤەچوون روو لە گەشەیە، لە ساڵی ٢٠٠٨ تەنیا سێ ناوچەی دۆزینەوە لە کوردستان هەبوو، لەم ساڵدا ٢٤ و لە ساڵی داهاتوو ٤٠ مەیدانی نەوتی دەکەونە گەڕ، بەرهەمی رۆژانەی ئێستا کە ٢٠٠ هەزار بۆشکە نەوتە، لە ساڵی داهاتوودا دەگاتە ٢٥٠ هەزار بۆشکە. کوردستان هیوادارە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا رۆژانە بتوانی ١ میلیۆن بۆشکە نەوت بەرهەم بێنێت. بۆ گەیشتن بە ئەو رادەیە لە ناردنی نەوت پێویستە کە چاوخشاندێک بکرێ بەسەر قەوارە و هەیکەلی ژێرخانی سەنعەتی ناردنی نەوتدا لە کوردستان. ئەو لوولە نەوتەی هەنووکە لەژێر کونترۆڵی عێراق دایە کێشەی لە سەرە. زۆر کەس لەو بڕوایە دایە کە کوردستان پێویستە هێڵی سەربەخۆی ناردنی نەوت بۆ تورکیا بە دەست خۆیەوە بێ. ئەگەر ئەوە روو بدات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتەکەی راستەوخۆ بە جێگای بەغدا لە تورکیا وەردەگرێ. ئەو هەنگاوە سەربەخۆیی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەباتە سەر، کە ماوەیەکی دوور و درێژە کوردێکی زۆر خەریکی سازکردن و گەشەپێدانی پێوەندییەکی نزیک لە نێوان کوردستان و جیرانەکەیان، یانێ تورکیا دان.
ئاغای هایورد دەڵێ: لە ئاخری ئەو دەهەیەدا و یان بگرە زووتریش، کوردستان دەڕوا ببێت بە یەکێک لە دابینکەرە مەزنەکانی نەوت لە جیهاندا.
سەرچاوە: فاینانشڵ تایمز
نووسەر: گای چەزەن