کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٣٦٦ـەوە هەتا ئێستا گەڵاڵەی قازاخانەی سەقز نەچۆتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە

04:02 - 3 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا شارەوانیی شاری سەقز بڕە پارەیەکی لە ٣٥٠ دووکاندارانی بازاری قازاخانە وەرگرتووە و بەڵێنیی داوە بازاری سوننەتییان بۆ دروست بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەک لەوە پێش کۆمەڵێک دووکانداری بازاری قازاخانە لە شاری سەقز سکاڵای خۆیان لە دژی شارەداریی ئەو شارە لەمەڕ فرۆشتنی زەویی ئەو دووکاندارانە تۆمار کردووە.

لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوییەوە شارەوانیی سەقز بڕێک پارەی لە دووکاندارانی بازاری قازاخانە وەگرتووه و گوتوویەتی کە لەو شوێنەدا بازارێکی سوننەتییان بۆ دروست دەکات، لەو کاتەوه کێشەی ئەو دووکاندارانە لەگەڵ شارەوانیی شاریی سەقز کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێستاش لەلایەن شارەوانیی بڕێک لەو عەرزە بە کەسێکی دیکە فرۆشراوە و لە ئاکامدا ناڕەزایەتیی دووکانداران قازاخانەی لێکەوتۆتەوە.

شۆرای دووکاندارانی بازاری قازاخانەی سەقز سکاڵای خۆی بەم بۆنەوە لە دژی شارەوانی تۆمار کردووە و هەروەها نامەشیان بۆ پارێزگای سنە ناردووە بەڵام لایەنە پێوەندیدارەکان هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە ماوەی سێ رۆژە کە نێوان دووکاندارەکان و لایەنی بەرانبەر رووی لە زیاد بوون کردووە و شیمانە دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا ئەو دووکاندارانە بە مانگرتن ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.