کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە ریزی مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان بۆ سەر رۆژنامەنووسان دایە

13:04 - 12 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌‌سنوور لە نوێ‌ترین پلەبەندیدا، ئێرانی لە ریزی شەشەمین وڵاتی مەترسیدار بۆسەر رۆژنامەنووسان وەسف کردووە.
بەپێی پلەبەندییە ئێران لە نێوان ١٧٩ وڵاتی جیهان پلەی ١٧٤ی هەیە و بەم چەشنە ئێران شەشەمین وڵاتی مەترسیدار بۆ رۆژنامەنووسان و چاپەمەنیی ئازاد دێتە ئەژمار.
هەر بەپێی ئەو پلەبەندییە وڵاتانی فینلاند، هولەند و نوروێژ بە ریز پلەی یەکەم هەتا سێهەمیان لە ئاستی جیهاندا بۆ ئازادی رۆژنامەوانی بۆ خۆیان تەرخان کردووە.
وڵاتانی ئریترە، تورکمەنستان، کورەی باکوور، چین، سووریە، کووبا، ویتنام و یەمەن لە ریزی مەترسیدارترین و دیکتاتۆرترین وڵاتان لە پێوەندی لەگەڵ ئازادی رۆژنامەنووسی دان.
لە راپۆرتی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌‌سنووردا هاتووە، رێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە رۆژنامەنووسان دەسبەسەر دەکا، بەڵکوو زەخت و گوشاریش دەخاتە سەر رۆژنامەنووسانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران.
بەپێی ئەو پلەبەندییەی کە کراوە، ئاڵمان پلەی ١٧، کانادا ٢٠، بریتانیا ٢٩، ئەمریکا ٣٢، ئیسراییل ١١٢، ئەفغانستان ١٢٨، تورکیە پلەی ١٥٤یان هەیە.
رێژیمی ئێران پێشتریش لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور بە پێنجەمین وڵات لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتی رۆژنامەنووسان هاتبووە ئەژمار.