کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ٢٠ هەزار حاڵەتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی تورکیە رووی داوە

15:00 - 13 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لە ماوەی ساڵێکدا ٢١ هەزار و ١٠٧ حاڵەتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی تورکیە ئەنجام دراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای ئامەد (دیاربەکر) بڵاوی کردەوە، لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢٨٣ کەس لە هێرشی کەسانی نەناسراودا کوژرا و بریندار بوون، بە چەشنێک کە ٥٥ کەسیان کوژراو و ٢٢٨ کەسی دیکەش بریندار کراون.
بەپێی ئەو ئامارە ٢٣ کەسی‌تریش لە رەوشێکی‌ نادیاردا گیانیان لە دەست داوە و هەروەها ٤١ ژن کوژراون و ٢٠ منداڵیش خۆیان کوشتووە و هەوڵی کوشتنی‌ چوار منداڵیش دراوە و لە راپۆرتەکەشدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ٣١ کەسی دیکەش هۆکاری‌ مردنیان هەتا ئێستا نەزانراوە.
بەپێی ئامارەکانی‌ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد لە ئامەد، هەر لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا چوار هەزار و ٤١٨ کەس دەسبەسەر کراون و هەزار و ٤٧٥ کەسیش سزای‌ زیندانی کردنیان بۆ دەرکراوە و ٨٧٦ حاڵەتی‌ ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیش تۆمار کراوە.
بەپێی ئەو ئامارە ٢١٣ جار رێگری‌ لە کۆنفڕانسی رۆژنامەنووسی کراوە و بەو هۆیەوە ٣١٥ کەس بریندار بوون.