کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆکردنەوەی ماهوارە لە شاری مەریوان درێژەی هەیە

16:27 - 3 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: شەپۆلێکی نوێی کۆکردنەوەی ماهوارە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچەکانی کوردستان دەستی پێکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی نوێی کۆکردنەوەی ماهوارە لە شاری مەریوان دەستی پێکردووە و هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بێ ئیزنی دادگا دەچنە نێو ماڵی هاووڵاتییان و بە دروست کردنی کەش و دۆخێکی تۆقێنەر، دەست بەسەر دەزگای ماهوارەکانیاندا دەگرن.

هەر لەو پێوەندییەدا لە گەڕەکی پۆمپی بەنزینی شاری مەریوان، هێزە نیزامییەکان سەرەڕۆیانە چوونەتە نێو ماڵی خەڵک و وێڕای بێ‌حورمەتی کردن بە خەڵک، دەستیان بەسەر ماهوارەی هاووڵاتییاندا گرتووە.

شەپۆلی کۆکردنەوەی ماهوارە لە حاڵێک دایە کە رێژیم ئیسلامیی ئێران، پارازیتی بەهێزی ناردۆتە سەر فڕێکانسی تەلەفزیۆنە کوردی و فارسییەکانی دژبەری خۆی و پێش بە گەیاندنی زانیاریی ورد و دروست بۆ خەڵک دەگرێت.

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە گەڵاڵەی کۆکردنەوەی ماهوارە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران درێژەی هەیە و ئەو کارەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتۆتەوە.

کۆکردنەوەی ماهوارە تایبەت بە چەند ناوچەیەک نییە، بەڵکوو زۆربەی گوند و شارە گەورەکانی کوردستانیشی گرتۆتەوە و رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەبوونی دەزگاکانی وەرگری ماهوارە، کە ئیمکانی پێوەندیی هاووڵاتییان لەگەڵ دونیای ئازاد دابین دەکات، بە واتای شەڕی نەرم لەقەڵەم دەدات.