کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١١٤مین ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی کوردی

16:50 - 3 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١١٤مین ساڵڤەگەڕی رۆژنامەگەریی کوردی بەیاننامەیەکی بڵاو کردۆتەوە کە دەقەکەی بەم شێوەیە.

رۆژنامەوانان و نووسەرانی کورد!
رۆژنامەگەریی وەک بەشێکی گرینگ و کاریگەری بواری راگەیاندن و میدیا و گواستنەوەی زانیاری لە بوارەکانی سیاسی و فەرهەنگی و ...هتد، هەروەها زمانحاڵی خەڵک و لایەنەکان، هەموو کات خاوەنی پێگەیەکی بەهێز و شوێندانەری خۆی لەسەر کۆمەڵگا داناوە و تەنانەت بە دەسەڵاتی چوارەم لەو راستایەدا نێوی دەرکردووە، بۆیە رۆژنامە و رۆژنامەگەری بەگشتی و رۆژنامەی کوردی بەتایبەتی، خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژ و پێگەیەکی تایبەت لەخۆ دەگرێت.

رۆژنامە و رۆژنامەگەری لە کوردستان وەک وڵاتێکی داگیرکراو کە هەمیشە لە ژێر هەڕەشە و کوشت و کوشتاری داگیرکەراندا بووە بێ‌گومان کارێکی ئەستەم و لە هەمان کاتدا خاوەنی رۆڵێکی بنەڕەتی بووە کە بۆ یەکەم جار لە 2ی بانەمەڕی 1277ی هەتاوی بەرامبەر بە 22ی ئاوریلی 1898ی زایینی لەلایەن مێقداد مێدحەت بەدرخان کوڕی ئەمین عەلی بەگ، لە شاری قاهیرەی پێتەختی وڵاتی میسر بە نێوی رۆژنامەی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە و وەک زمانحاڵ و رێنوێنی خەڵک، ئەرکی وریا کردنەوەی خەڵکی کوردستانی لە راستای مەسەلە پێوەندیدارە سیاسی و فەرهەنگی و ئەدەبییەکان و ... بەگشتی و نەتەوایەتی بەتایبەتی وە ئەستۆ گرت و بوو بە رێچکەیەک کە سەرەڕای هەر چەشنە هەوراز و نشێوێک، رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو گەشەسەندنی زیاتر و هەتا ئیستاش بە هیمەتی نووسەران و ئەدیبانی کورد بە گشتی و لاوان بەتایبەتی لە تێکۆشانی خۆی بەردەوامە.

ئێستا دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە یەک سەدە بەسەر دەرکردنی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردی دەبینین کەلە کوردستانی ئێران و لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی رۆژانە هەوڵی شکاندنی قەڵەمەکان و داخستنی رۆژنامە و بڵاڤۆکە کوردییەکان دەدرێت و نووسەران و خاوەنەکانیان بە بیانووی جۆراوجۆر رەوانەی گرتووخانە و تەنانەت بە لە سێدارەدان حوکم دەدرێن. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی 1383 هەتا 1388 و ماوەی ئەو 5 ساڵە دژوار و ئەستەم‌ترین قۆناخ بووە بۆ رۆژنامەنووسانی کورد لە کوردستانی ئێران کە ئاماژە دان بە رێژەی رۆژنامەنووسانی زیندانی لە کوردستان و بەراورد کردنی لەگەڵ ناوچەکانی‌تر کە زۆرترین رێژەی لەخۆ گرتووە دەرخەری ئەو راستییەیە کە نووسەران و رۆژنامەنووسان هەتا چەند بە دەرکردنی رۆژنامە و بە قەڵەمە زێڕینەکانیان کاریگەریان لەسەر تاک و کۆی کۆمەڵگا لە راستای ئاگابوون و بردنە سەری رێژەی رووناکبیر هەبووە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵدا بوون و هەن بۆ گرتنی رۆژنامەوانان و شکاندنی قەڵەمەکانیان کە کەسانی وەک محەمەد سەدیق کەبوودوەند و عەدنان حەسەن‌پوور و ... هتد دەتوانێت بەڵگەیەکی سەلمێنراوی ئەو راستییە بێت.

لە کۆتاییدا و لە یادی ١١٤مین ساڵوەگەڕی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی وێڕای دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانەی خزمەتیان بە رۆژنامە و ئەدەبیاتی کوردی لە راستای گەشەسەندنیدا کردووە، دەکەین و بەو هیوایەی کە قەڵەمەکانیان هەردەم بەهێزتر و بۆ پاراستنی شوناس و رێنوینی تاکەکانی کورد و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد بخرێتە گەڕ.

یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
3ی بانەمەڕی 1391ی هەتاوی