کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی دووهەمی بەشداریی شاندی حیزبی دێمۆکرات لە شۆرای سوسیالیست ئەنترناسیۆنالیستدا

14:55 - 18 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: دووهەمین رۆژی کاریی کۆبوونەوەی شۆرای ئەنترناسیۆنال سوسیالیست بە بەشداریی شاندی حیزبی دێمۆکرات لە وڵاتی پورتەغال بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٦ و ١٧ی رێبەندان، شاندێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لە شاری کەسکاشیایی وڵاتی پورتەغال، لە کۆبوونەوەی شۆرای سوسیالیست ئەنترناسیۆنالدا بەشداریی کرد.
رۆژی دووهەمی شۆرا بۆ تاوتوێ کردنی پرسی سیاسیی هەرێمی ساهێل لە ئەفریقا تەرخان کرابوو و دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ لەسەر ئەم خاڵانە بڕیار درا:


ــ دامەزراندنی کومیسیۆنی تایبەت بۆ دەست‌نیشان کردنی پرسە گرینگ و جیهانییەکان

ــ دامەزراندنی کۆمیتەی هەرێمیی تایبەت

ــ باس کردن لەسەر کەمپەینەکانی داهاتوو و گرووپەکانی کار لەنێو سوسیالیست ئەنترناسیۆنالیستدا

ــ هەڵبژرادنی سێ جێگرسەرۆک

بەشی کۆتایی رۆژی دووهەمی شۆرای ئەنترناسیۆنال سوسیالیست بۆ پەسند کردن بڕیار و گەڵاڵەکان تەرخان کرابوو و لەم پیوەندییەدا گەڵاڵەی بارودۆخی مافی مرۆڤی نەتەوەکانی ئێران کە لەلایەن حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە و پێشنیار درابوو، پەسند کرا.
لەم بڕیارنامەیەدا رەخنەی توند لە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و زیاد بوونی رێژەی ئیعدام کردنی چالاکانی سیاسیی کورد، بەلووچ و عەرەب لە ئێراندا گیراوە.