کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی شێوەکاری کورد لە کانادا بەشداری لە پڕۆژەیەکدا دەکات

12:54 - 18 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: شێوەکاری کورد دارا ئارام، لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کا‌نا‌دا، لە پڕۆژەیەکی شێوەکاری کە تێیدا ٢٠٠ شێوەکار بەرهەمەکانیان دەخەنە روو، بەشداری دەکات.
ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر لە زاری دارا ئارامـەوە بڵاوی کردەوە، ئەم پڕۆژەیە لەژێر ناوی پڕۆژەی هونەریی تۆرێنتۆ بەڕێوە دەچێت و تێیدا زیاتر لە ٢٠٠ شێوەکار، بەرهەمەکانیان به ‌شێوەی ئەنستاڵەیشێن (installation)، لە چوارچێوەی پیشانگایەکدا دەخەنە بەر دیدی بەشداران.
ئەم شێوەکارە کوردە گوتیشی: لەم پێشانگایەدا بە ١٥ بەرهەمی هونەرییەوە کە ‌ لەسەر کاری هونەریی ئەمڕۆ لەلایەن هەندێک لە رەخنەگرانی هونەریی ئەکادیمیی ئەمریکای باکوورەوە، لێکۆڵینەوە و دانووسانی لەسەر دەکرێت، بەشداری دەکەم.
ئارام ئاماژەی بەوەش دا، پێشانگاکە یەکێک‌ لە پێشانگاکانی ئەمریکای باکوورە کە جێی سەر‌نجی زۆربەی کڕیاران و بازرگانە هونەرییەکانه کە بە دوای کاری هونەریدا دەگەڕێن و ساڵانە ١٠ هەزار بینەر سەردانی دەکەن.
ئەم پێشانگایە لە رێکەوتی ٣ی رەشەمە هەتا ٦ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی لە هۆڵی سەنتەری بێتەر لیڤین تۆرێنتۆ بەڕێوە دەچێت.