• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

عەقڵانییەتی بژێویانە و کاریگەری لەسەر دەنگدان بە دیکتاتۆری

زایینی: ٢٢-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/٠٣ - ١٧:٥٩ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
عەقڵانییەتی بژێویانە و کاریگەری لەسەر دەنگدان بە دیکتاتۆری
رێبوار

بەشی یەکەم

یەکەم پرسیار ئەوەیە کەوا ئەقڵانییەتی بژێویانە چیە و چۆن و لە چ جۆرە کۆمەڵگایەک ساز دەبێ؟ بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ئەقڵانییەتە چیە؟ ئایا سیاسەتی دەوڵەت ڕۆڵێکی لە سازبوونی ئەم ئەقڵانییەتە هەیە؟ ئەقڵانییەتی بژێویانە چۆن دەتوانێ کاریگەری لەسەر دەنگدان بە دیکتاتۆری دابنێت؟

عەقڵانییەتی بژێویانە لە بەرانبەر عەقڵانییەتی زانستی یان مۆدێرن پێناسە دەکرێ. عەقڵانییەتی بژێویانە تەنیا لە دوای هەلپەرەستی و بەرژەوەندیی تاکەکەسیدایە و بەها بە بیرکردنەوەی نێوان ماوە و دوورماوە و کاری بەکۆمەڵ (جمعی) و بەرژەوەندیی گشتی نادات. ئەو عەقڵانییەتە زۆرتر لە غەریزە فەرمان وەردەگرێ و بیرکردنەوەی زانستی لێرەدا واتایەکی نیە. بەڵگەهێنانەوەی زانستی و بیرکردنەوەی مۆدێرن تەنیا بۆ رازاندنەوەی کەسایەتیی ڕواڵەتی تاکەکانە نەوەک باوەڕی قووڵ بە مۆدێرنیتە و کەسایەتیی راستەقینەی مۆدێرن. بە واتایەکی دیکە ژمارەیەکی زۆر لە تاکەکانی ئێرانی و کوردستانی بیرێکی مۆدێرن بەڵام کەسایەتییەکی نامۆدێڕنیان هەیە. ریشە و سەرچاوەی ئەم جۆرە عەقڵانییەتە بۆ کۆپیکردنی ژیانی ماددی رۆژئاوا و تێنەگەیشتن یان خۆگێلکردن لە ناوەڕۆکی کولتووری مۆدێرن کە بەرهەمی کاری چەند سەد ساڵەی رۆژئاواییەکانە، دەگەڕێتەوە. عەقڵانییەتی بژێویانە تەنیا دەیهەوێ لە دەسکەوتە مادییەکانی جیهانی مۆدێڕن کەڵک وەرگرێ و خۆی بۆ پێکهێنانی بنەما فکری، کولتووری، ئابووری و سیاسییەکانی مۆدێرنیتە ماندوو ناکات.

لە نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنیی چالاک و ستراتیژییەکی نەتەوەیی راستەقینە و کردەیی، کەسایەتیی مۆدێڕن و خاوەن بڕیار و نەترس ساز نابێت. کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێ نێوبژیوان بێت لە نێوان شارۆمەندان و دەسەڵات و تاکەکان دەتوانن بەبێ ترس لە سزادان و بێبەشبوون لە ئیمکاناتی وڵاتەکەیان، ناڕەزایەتی و رەخنەی خۆیان لە دەسەڵات دەربڕن و دەنگ بە نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان لە هەڵبژاردنێکی راستەقینە بدەن. ئەندیشە و دیسکۆرسی مۆدێرن بەبێ بوونی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتیی مۆدێرن ئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە.

زۆربەی تاکەکانی ئێرانی و کوردستانی ئاگادار بە بابەتی عەقڵانییەتی مۆدێرن و کولتووری مۆدێڕن هەن بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ چەسپاندنی بنەما کردەییەکانی مۆدێرنیتە تەنانەت لە کەم تێچووترین ئاستییدا وەک مافی دەنگنەدان یان مانگرتن و بایکۆتی هەڵبژاردنی دیکتاتۆری نادەن. رەنگە زۆر لە دەنگدەران بڵێن دەنگی پووچمان داوە بەڵام ئەوە کڵاوێکی گەورەیە کە دەیکەنە سەری خۆیان و رێژیم بۆ هەر کام لەو دەنگانە گەرچی پووچیش بێت کەڵکی تایبەتی لێ وەردەگرێ. ئەو چەشنە دەنگدانە رێژیم تەیار دەکات بە سەرکوت و ترساندنی زیاتری خەڵک بۆ پێشبردنی پڕۆگرامە دژەمرۆڤییەکانی لە داهاتوودا. عەقڵانییەتی بژێویانە بیر لەو خاڵە ورد و گرنگانە ناکاتەوە و دەکەوێتە داوێکەوە کە رێژیم بۆی داڕشتووە. ئەو عەقڵانییەتە بیر لەو بڕە پارەیە دەکاتەوە کە وەکوو یارانە وەریدەگرێ، بەبێ سەرنجدان بەوەی کە هەر شارۆمەندێک مافی کەڵکوەرگرتن لەو شتەی هەیە سا دەنگ بدات یان نا. هەروەها کارکردن و دامەزران و کەڵکوەرگرتن لە ئیمکاناتی وڵات لە سەرەتاییترین مافەکانی هەر شارۆمەندێکە و پەیوەندی بە بەشداری لە هەڵبژاردنی دیکتاتۆریدا نیە.

لە مێژە لە ئێران هەژاری لە رادەی قاتوقڕی نەماوە (فقرزدایی). هەر تاکێکی ئێرانی بە ئاسانی دەتوانێ قومە ئاوێک و سێ نان و کەوچکە چایەک بە دەست بێنێ و لەبرسان نەمرێ. ئەی بۆ خەڵک پێیان وایە لە ئەفریقای ڕەش گیریان کردووە و ئەگەر نەچنە سەر سندوقی دەنگدان بۆ نانی شەو دادەمێنن. ئایا بەڕاستی خەڵک تا ئەو ڕادە برسی و داماون یان ئەوە وەهمێکە کە لە لایەن دەسەڵاتدارەکانەوە پڕوپاگاندەی بۆ دەکرێ و خەڵکی پێ دەترسێندرێ؟ عەقڵانییەتی بژێویانە ئەو عەقڵانییەتەیە کەوا ئێمەی خەڵکی ئێران و کوردستان بەو ڕادەیە لە عەقڵ و بیرو هزرمان کەڵک وەرگرین کەوا تاکێکی ئەفریقایی لەبرسان مردوو لە عەقڵی کەڵک وەردەگرێ. عەقڵانییەتی بژێویانە تەنیا تایبەت بە چینی هەژار نیە و لە نێو خەڵکی هەژار تاکی زۆر رووناکبیرمان هەیە کە خاوەن کەسایەتییەکی بەرزن. عەقڵانییەتی بژێویانە دەتوانێ لە سەرجەم چینەکان بوونی هەبێت و تاکەکانی کۆمەڵگا لە مامۆستای زانکۆوە بگرە تا کاسبکار و کرێکار و کارمەند و بازاڕی و خوێندکار لە خۆ بگرێت. پرسیاری گرنگ لەو بابەتەوە ئەوەیە کەوا لە نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتیی مۆدێڕن و نەترس، چوارچێوەی داڕێژراو لە لایەن رێژیم تا چ رادەیەک کاریگەری لەسەر سازبوونی عەقڵانییەتی بژێویانە و بەلاڕێدابردن و رووخاندنی ورەی خەڵک بۆ دەنگدان بە دیکتاتۆری دادەنێت. بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، سەرەتا پێویستە کورتە باسێکمان لە بابەت کۆمەڵگای مەدەنی هەبێت و بەراوردێکی ئەو کۆمەڵگایە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێران بکەین.

بە پێی لێکۆڵینەوە مێژوویی و کۆمەڵناسییەکان، بنەما فەلسەفییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی یونانی کۆن (باستان) و بنەما یاساییەکانی لە سەردەمی ئێمپڕاتوری رۆم پێک هاتووە و لە سەنتێزی ئەو دوو بنەمایە، کۆمەڵگای مۆدێرنی رۆژئاوا ساز بووە. بەو پێیە دەتوانین بڵێین کەوا لە رۆژئاوا پێش سازبوونی دەوڵەتی مۆدێرن، کۆمەڵگای مۆدێرن بوونی هەبووە. کەوایە دەوڵەتەکانی ئێستای رۆژئاوا سەرچاوەی رەوایی خۆیان لە کۆمەڵگای مەدەنی دۆزیوەتەوە کە ئەزموونی یونانی کۆن، بنەما فەلسەفی و ئەخلاقییەکانی، ئەزموونی ئێمپڕاتوری ڕۆم، بنەما یاساییەکانی، ئەزموونی سەدە ناوەڕاستەکان، بنەما ئایینییەکانی و دواتر ئەزموونی سەدەی بیستەم، بنەما رێکخراوەییەکانی ئەم کۆمەڵگایەی پێک هێنا. ئەوە لە حاڵێکدایە کەوا کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران لە پێش سازبوونی دەوڵەت بوونی نەبووە، دەوڵەت سەرەتا ساز بووە و دواتر کۆمەڵگای مەدەنی دڵخوازی خۆی ساز کردووە. لە ڕاستیدا دەوڵەت لە ئێران و زۆر لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە،رۆڵی سەرەکی لە سەرجەم بوارە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکان دەگێڕێ. بێ هۆ نیە کەوا زۆر لە تیۆریداڕێژەرانی وڵاتانی ڕوو لە گەشە جەخت لەسەر گەشەی ستونی یان گەشە لە سەرەوە (دەسەڵات) بۆ خوارەوە (کۆمەڵگا) دەکەن.

بە هەر حاڵ، کۆمەڵگای مەدەنی چەشنێک لە شێوازی ژیان و هێمایەک لە گەشەی شارستانییەتی مرۆڤییە کە لە بەرانبەر دەوڵەت ڕووبەرێک لە پەیوەندییەکان لە خۆ دەگرێ و دەوڵەت لەوێدا ناتوانێ دەستێوەردان بکات. کۆمەڵگای مەدەنی کۆمەڵێک لە رێکخراوە تایبەتییەکان، دەزگا بەشدارییە یاساییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان لە خۆ دەگرێ و پڕنسیبگەلێکی هەیە کەوا تەنیا بە جێبەجێکردنی ئەوان ،کۆمەڵگای مەدەنی راستەقینە ساز دەبێ.

گرینگترین دەرکەوتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بریتین لە:

ئازادی، یاسامەندی، فرەچەشنی، دیاربوونی سنوورە گشتی و تایبەتییەکان، تلۆرانس و لێکحاڵیبوون. لەو کۆمەڵگایانەدا سیستمی دەسەڵاتدار سیستمێکی فرەچەشنە و لەوێدا گرووپە لابییەکان، گرووپەکانی گوشار، سەندیکاکان، رێکخراوەکان، راگەیەنە گشتییەکان، پارتە سیاسییەکان و گرووپە سیاسییەکانی دیکە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەگەڵ یەکتر رکەبەری دەکەن. هەر ناوەندێکی دەسەڵات لە بەرامبەر ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵات و دەوڵەتی ناوەندی سەربەخۆیە. بە هۆی ئەو ناوەندی دەسەڵات و دەزگا رەسمی و رێکخراوە نادەوڵەتییانەیە کە دەسەڵاتی سیاسی لە پاوانی چین یان گرووپ و دەستەیەکی تایبەت ناکەوێت. رێککەوتنی کۆمەڵایەتی (قرارداد اجتماعی) لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران دڵخوازانە و بە پێی کۆدەنگی نێوان ئەوانە. لە لایەکەوە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، پارتە سیاسییەکان و تاک بە تاکی شارۆمەندان چاودێری دەسەڵاتداران و بژاردەکان (الیت ها) دەکەن و لە لایەکی دیکە سەرجەم شارۆمەندان، پارتەکان و دەستە سیاسییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کەوا سیستمی حوکمڕانی بۆ بەڕێوەبردنی بڕیارەکان و پێشکەشکردنی پڕۆگرامە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکان پێویستی بە ئازادیی پێویست هەیە و بۆیە لەسەر ئەوە رێک کەوتوون کە ئازادیی پێویست بە رێبەرە هەڵبژاردەییەکانیان بدەن.

لە کۆمەڵگای مەدەنی شارۆمەندان ناچنە ژێر گوشاری ئەوە کە دەبێ لایەنگریی خۆیان لە پارتێکی تایبەت و یان رێبەرێک رابگەیەنن، بەڵکوو خەڵک ئازادن لەوەی کە دەنگ بە پارت و لایەنی جۆربەجۆر بە مەبەستی راگەیاندنی وەفاداری و لایەنگریی خۆیان بدەن. ئەو دەوڵەتانەی کە ڕووبەڕووی هێز و دەسەڵاتە ئۆپۆزیسیونە نێوخۆییەکان نەبنەوە هەوڵێک بۆ دابینکردنی ئازادییە مەدەنی و یاساییەکان نادەن. کۆمەڵگای مەدەنی وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی لە دەوڵەت، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و خەڵک رێک دەخات، هێوری دەکاتەوە و رەوایی پێ دەدات و لە رووبەڕووبوونەوه لەگەڵ دەسەڵات ناترسێ.

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە پرۆسەی کولتووری شارۆمەندی و عەقڵانییەتی مۆدێڕن لە ئێران لە چ ئاستێکدایە؟ و ئایا دەتوانین لە کۆمەڵگایەک کە یاسا بنەڕەتییەکەی جەختی لەسەر «دیسکۆرسی نەریتگەرایی ئایدیۆلۆژیک»ە و چینی رووحانییەکانی لە سەرجەم چینەکان پێ سەرترە و مانەوەی کۆمەڵگا لە پێناو گوێڕایەڵی بێئەملاوئەولای خەڵک لە رێبەر دەزانێ، چاوەڕوانی جێبەجێبوونی کۆمەڵگای مەدەنی بین؟ بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە و چۆنیەتیی سازبوونی عەقڵانییەتی بژێویانە لە نەبوون یان لاوازبوونی یەکجار زۆری کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران وا باشە چاوخشاندنێکمان بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سیاسەت لە ئێران و کاریگەرییەکەی لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی هەبێت.

پێشەکییەک لە سەر چۆنیەتیی سیاسەت لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەڕەتی یەککەوتن (وحدت) و نە جیاوازی دامەزراوە. ئەم رێژیمە بنەڕەتێکی جەوهەری لە ئیسلام ساز کردووە و بۆچوونی ئەقڵانی و هیرارشی رەت دەکاتەوە. هەروەها چاوی لە ئاوێتەکردنی هەرچی زیاتری مافەکان و یاسای خودایی (بە تەفسیری بەرژەوەندخوازی خۆی) بڕیوە و ئەوان جیا لە یەک نازانێ.

هێمای کولتووری ئیسلامی پێش هەمو شتێک لەسەر «مونیسم» دامەزراوە و باوەڕی قووڵی بە یەککەوتن (وحدانیت) هەیە. ئەم یەککەوتنە (وحدانیت)، جیاوازە لەگەڵ «دوالیزم» یان دوانەیی کەوا لە ئایینی مەسیحی هەیە.

بیرۆکەی ئۆمەت (امت) واتە بۆچوونی یەکگرتوو لە بابەت کۆمەڵی مرۆڤی (اجتماع بشری) کە هەم لایەنی کۆمەڵایەتی هەیە و هەم لایەنی سیاسی، نیزامی و مەزهەبی لە خوێندنەوەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوە بە واتای رەوایی نەبەخشین بە جیاوازیی بوارە جۆربەجۆرەکانی چالاکی ئینسانییە.

رکەبەریی سیاسی لە کۆماری ئیسلامی وەکوو تەکلیف و ئەرکێک بۆ بڕوادارەکان (مومنان) وایە. ئۆتۆپیا یان ئارمان شاری کۆماری ئیسلامی، قۆم و مەشهەد و تاران و بە گشتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. بە بۆچوونی «خامنەیی» ئەم ئارمان شارە هەمیشە لە مەترسیی داڕمان و لاوازبوون لە لایەن دوژمنان و دژبەراندایە، بۆیە جەخت لەسەر یەککەوتن و لابردنی جیاوازی- یەکان و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە ئوسولگەراکان (اصول گراها) دەکات. هەروەها هیچ دەرفەتێک بە پێکهاتنی حیزب و سازمان و گرووپی رێفۆرمخواز یان ئۆپۆزیسیۆن لە ئێران نادات و تا بتوانێ سەرکوتیان دەکات.

لە ئارمان شاری خامنەیی بیرۆکەی «تەکامولگەرایی رۆژئاوایی» بوونی نیە، چونکە تەکامولگەرایی ئێمە بەرەو لای دۆزینەوە و چوارچێوەبەندی شارێکی ئەقڵانی رێنوێنی دەکات. بیرۆکەی شاری خودا باسی سیاسی لە چوارچێوەیەکدا پێشکەش دەکات کەوا بە تەواوی خۆی دەبوێرێ لە ناکۆکی و دژایەتیی نێوان کۆنسێرڤاتیو و پێشکەوتنخواز.

لە بەرامبەر مەترسیی داڕمان و لێکهەڵوەشانی نێوخۆیی (ئانترۆپی) تەنیا ڕێگەچارەی ئەوان فورموڵی گەڕانەوە (اعادە) بۆ دواوەیە. ئەم گەڕانەوەیە یان بنەماگەرایانەیە (بنیادگرایانە) یان زیندووکەرەوەیە (احیاگرایانە)، بە واتایەکی دیکە یان شێوازی کۆمەڵگای سەردەمی پێغەمبەر دەگرنە بەر یان بە پێچەوانە ئەو جۆرەی کەوا سەید جەماڵەدینی ئەفغانی یان عەبدۆ گرتبویانە بەر چەشنێک ئاشتی لەگەڵ مۆدێرنیتەیە. لە هەر دوو چەشنەکە ئارمان شاری ئیسلامی بە تەواوی لەگەڵ ئاڕمان شاری رۆژئاوایی جیاوازی هەیە. ئارمان شاری ئیسلامی چاو بۆ داهاتوو ناگێڕێ بەڵکوو لە دوای دووپاتکردنەوە و بەڕۆژکردنەوەی شێوازێکە کە پێشتر بوونی بووە و هەموان لێی ئاگادارن. بەو پێیە سیاسەت ئیتر، بواری داهێنان نیە، بەڵکوو شوێنێک بۆ ئاشکراکردن و پتەوکردنی وەفادارییەکانە. بیر لە داهاتوویەکی باشتر و گۆڕینی ڕەوشی هەنووکە بە ڕەوشی دڵخواز لەو بیرۆکەیەدا جێگایەکی نییە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک