کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و تورک هەنگاو نان بەرەو دێمۆکراسی (دڵشاد پاڵانی)

13:23 - 22 رێبەندان 2712

دڵشاد پاڵانی

چەمکی بەیەکەوە ژیان و ھاوسەنگی نەتەوەکان لەناو پرۆسەی دەوڵاتداریدا، بەشێکە لە گەشەی مرۆڤ لەدوای ئەو پێکدادانە گەورەی لە نێوان نەتەوە و ئایین و رەگەزە جیاوازەکانی دونیادا روویان داوە، دواجار بوو بە بەشێک لە مێژووی مرۆڤایەتی وەک دەستکەوتێکی ئەزموونی لە دەلاقەی مێژوو و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەگەر رابردوو بەشێک بێت لە مێژووی تاڵی مرۆڤ و قۆناغی ئەزموون بووبێت بۆ مرۆڤەکان، ئەوە قۆناغەکە بەکۆی پێکھاتەکانیەوە لەسەر رەفەی مێژوو وەک ئەرشیڤێکی ھەڵگیراوی ئەزموونی ماوەتەوە، لە بەرئەوە رابردوو و ئایندە وەک دوو بنەمای سەرەکی لە گەشە کردنی کۆمەڵگا دەبینرێت و ھەردوو رەھەندەکە وەک دوو ھاوکێشەی ھاوسەنگ لە پرۆسەی بونیات نانی ژیان رۆڵی گرنگ دەگێڕن،کە واتا رەگی جومگەی چارەسەرە سیاسییەکان لە تورکیە ھاوسەنگ کردنی کورد و تورک و نەتەوەکانی‌ترە لە چوارچێوەی بنەماکانی دێمۆکراسیدا و گەڕانەوەیە بۆ مافە سەرەتایی‌یەکانی مرۆڤ بوون.
بێ‌گومان بەیەکەوە ژیانی نەتەوەکان، ھەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەی بونیات نانی کۆمەڵگا و دەروازەیەکە بۆ گەشە کردنی دەوڵەت، ئەگەر رابردوو ململانێیەکی سەخت بووبێ لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکان و ململانێ لەسەر بنەمای سڕینەوەی یەکتر بووبێ، ئەوە ئەمڕۆ لە وڵاتانی دێمۆکراسیدا بەشێک لە قورسایی ململانێکان چۆتە ناو کێبڕکێی دێمۆکراسییەوە و بۆتە پاڵنەرێک بۆ گەشە کردنی مرۆڤ و ھێزی جووڵاندنی کۆمەڵگا لە ئاڵوگۆر کردنی چەمکەکانی ململانێ بە ئاراستەی گەشە کردن.
لەبەر ئەوە ئەگەر تورک و کورد لەبەردی بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیاوە هەتا ئەمڕۆ وەک دوو ئاراستەی دژبەیەک و سڕینەوە لە پێناوی گەورە و بچووکدا بەتایبەت نەتەوەی سەردەست مامەڵەی کردبێت، ئەوە دەورانی ململانێ لە سەربنەمای سڕینەوە کۆتایی ھاتووە و دێمۆکراسیەت وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ململانێکان جێگای گرتۆتەوە.
تورکیا وەک دەوڵەتێکی بەرچاو لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەبێ ئامادەباشیی ھەبێ بۆ فراوان کردنی بنەماکانی دێمۆکراسی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ھەنگاونان بۆ بەیەکەوە ژیانی نەتەوەکان لە چوارچێوەی ھاوبەشییەکی نیشتیمانیدا.
بە بڕوای من گرنگ‌ترین دەروازە بۆچوونە ناوەوەی ئەم پرۆسەیە، ئەو بۆچوونەی رووناکبیری تورک (محمد علی بیراند) کە دەخوازێت تورکیە بە سیاسەتێکی نوێ‌وە پێشوازی لە گوتارێکی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە بکات و لە قۆناغی ئێستادا ھەنگاوێکی گرنگ بنرێت بۆ ئازاد کردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لێبوردنێکی گشتی و کردنەوەی دەرگای زیندانەکانە بەڕووی ئازادی‌خوازەکان و گوتارێکی ھاوبەشە بۆ بەیەکەوە ژیانی دۆستانە.
ئەوسا شۆڕشی متمانە و پرۆسەی بونیات نانی دەوڵەتێکی دێمۆکراسی لە نێوان کورد و تورک و نەتەوەکانی‌تر لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و رێزگرتنی جیاوازییەکان بونیات دەنرێت، لەبەر ئەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بنیات نانی متمانە لە نێوان کورد و تورک ھەرگیز ناتوانرێت بینای دێمۆکراسیەت و بەیەکەوە ژیانی دۆستانە بەرەو ئاقاری گەشە کردن بەرێت، بۆیە ھەرجۆرە سیاسەتێکی پێچەوانەی بەیەکەوە ژیانی دۆستانە لە نێوان کورد و تورک، قەیرانی چارەسەرەکان بەرەو ئاڵۆزی دەبات و ھەنگاوەکانی ئارامی دەکوژێت، لەبەر ئەوە ھەر ھەنگاوێکی پرۆسەیەکی ئاشتی لە دەرەوەی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و پەکەکە ھەنگاوێکی بێ بایەخ دەبێت و گرنگی بەیەکەوە ژیانی دۆستان لەدەست دەدات بۆیە باشترین رێگا بۆ چارەسەریی کێشەی کورد و تورک نەخشە رێگای (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـە، لەگەڵ کۆمەڵێ بۆچوونی رووناکبیرانی تورک، کە بە رێگای سیاسەتی بەیەکەوە ژیان و رێزگرتن لە بنەماکانی ھاونیشتمانی بوون کە دەروازەی بەیەکەوە ژیان دەکەنە سەنگ بۆ پرۆسەی بەڕێوە بردنی دەڵەت، مادام تورک و کورد لە ناو نیشتمانێکی دیاری کراودا بەیەکەوە دەژین مەرجە بیر لە ھاوسەنگی و بەیەکەوە ژیانی دۆستانە بکەنەوە و ھەموو فیکرێکی توندوتیژی لە بینا کردنی دەوڵەتی تورکدا خزمەت بە پرۆسەی گەشە کردنی دەوڵەتی تورکیە ناکات، بۆیە پرۆسەی بەیەکەوە ژیانی کورد و تورک ئەبێ بەرەو ململانێیەکی دێمۆکراسییانە بڕوات، واتە کۆی ئەو ململانێیانەی کە لەلایەن تورکەوە ئاراستە کراوە کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی نەتەوەی کورد بووە دەبێ بچێتە ناو ئەو ململانێیەی کە دێمۆکراسیەت گەرەکیەتی، بەمەش پرۆسەی جیاوازیی بیر کردنەوە و گەشە کردنی دەوڵەت لە ھەموو بوارەکانەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات بەڵام بە پێچەوانەوە دەوڵەت پەکی دەکەوێت و ناتوانێت مافەکان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دێمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤدا ببینێت، بۆیە گرنگە ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئاشتی و بەیەکەوە ژیان بێت و لە ناپرۆسەی بونیات نانی کۆمەڵگای تورکیدا رەنگ بداتەوە، گومان لەوەدا نییە ئەم ھەنگاوانە قوربانی گەورەیان دەوێت لە نێوان کورد و تورک تا دەچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە وەک چۆن لە نەخشەڕێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشدا ھاتووە بەچەند قۆناغیکی جیاواز باس لە ھێور کردنەوەی دۆخی تورکیە دەکات و دواتر دەچێتە ناو چەقی چارەسەرەیی کێشەکان بۆیە ئەبێ چاوەڕوانی رووداوی گەورەتر بین لە تیرۆر کردنی ئەو ٣ سیاسەتمەدارە ژنەی کەلە فەڕانسە شەھید کران، لەبەر ئەوە ئەم ھەنگاوە مەترسیانە بەشێکن لەو ئاستەنگانەی کە رەنگە لە ئایندەدا چەندین جار بێنە سەر رێگای پرۆسەی ھەنگاونانی بەیەکەوە ژیانی نێوان کورد و تورک لەبەر ئەوە بڕوام وایە ئەم ھەنگاوەی بەرەو ئاشتی و بەیەکەوە ژیان جەنگێکی قورستری بوێت لە نیوان کورد و تورک هەتا دەگاتە مەنزەڵی خۆی.