کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵپەڕی کوردستان میدیا خولێکی رۆژنامەوانی بۆ رۆژنامەنووسانی سەربە دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبی دێمۆکرات بەڕێوە برد

18:46 - 22 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: فیدراسیونی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی و ناوەندی رێکخراوە دێمۆکراتیکەکانی شاری کۆیە، لەسەر داوا و رێکخستنی کوردستان میدیا، خولێکی رۆژنامەوانییان بۆ میدیاکارانی سەربە دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبی دێمۆکرات بەڕێوە برد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیدراسیونی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیی وەرزشی بە هاوکاریی ناوەندی رێکخراوە دێمۆکراتییەکانی شاری کۆیە، خولێکی رۆژنامەوانیان بۆ ٣٢ هەواڵنێر و رۆژنامەنووسی سەربە دەزگا راگەیەنەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کردەوە.
هەر بەو بۆنەوە رێکەوتی 21‌ی رێبەندانی ساڵی 1391‌ی هەتاوی رێوڕەسمی کۆتایی ئەو خولە بە بەشداریی بەڕیز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی و بەرپرسی گشتیی راگەیاندن و بەرپرسانی دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبی دێمۆکرات و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری، لەلایەن ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەو رێورەسمە بە راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد و دواتر رۆژنامەنووس رەحیم ئەحمەدی‌پوور راپۆرتی ئامووزشیی خولەکەی پێشکەش کرد.
بەڕێز ئەحمەدی پوور ریزبەندی بەڕێوە چوونی وانەکانی بەو شێوەیە پێشکەش کرد:

ــ چۆنیەتیی دەربڕین لە راگەیاندندا

ــ ستراتیژی، یان بیردۆزیی راگەیاندن

ــ مێژووی سەرهەڵدانی میدیا

ــ ئەخلاقی رۆژنامەنووسی

ــ جیاوازیی نێوان رۆژنامەگەریی ئازاد و حیزبی

ــ ئەرکی میدیا

ــ ئەرکی دامەزراوەکانی میدیا وەکوو یەکە، لێژنە، فیدراسیۆن، سەندیکا و ئەنجومەنەکان

ــ جیاوازیی نێوان میدیای سەربەخۆ و دەسەڵاتدار

ــ چۆنیەتیی ئامادە کردنی هەواڵ، دیمانە، راپۆرتی مەیدانی و نووسینی وتار

ــ چۆنیەتیی بەرەنگار بوونەوە لە بەرامبەر کۆپی‌رایت
لە بەشێکی دیکەدا پەیامی بەشدارانی خولەکە لەلایەن رۆژنامەنووس هێرش کەریمیـەوە خوێندرایەوە.

کەریمی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، هەنووکە کاربەدەستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە میلیۆنان پارە بۆ بڵاو بوونەوەی یەک بۆچوون، جێگیر کردنی یەک دیدگا، یەک جۆر مۆدێلی هەواڵ و کاناڵی راگەیاندن، گەیاندنی تەنیا یەک پەیامی سیاسی و ئیدیۆلۆژیی دیاریکراو، سەرەف دەکەن بەڵام ئاشکرایە کە جیهانی راگەیاندن و دونیای شیشەیی ‌و ئێنتێرنێت ئێستاکە هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و سەرباری کەند و لەند و رێگری‌و بەربەستەکان لە ناوخۆی وڵات، ئەوە کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن لەبەر ئەوەی کە بڕوایەکی ئەوتۆیان بە راگەیاندنەکانی ئێران نەماوە لە رێگەی سەتلایەت‌و ئینتێرنێتەوە بە دوای راستییە بێ‌سنوورەکاندا دەگەڕین و هەر بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییانە هاووڵاتییان دەستیان بە دەنگ، پێت و رەنگ رادەگات و بەردەنگانی راگەیەنەکان ئەمڕۆکە بە بینەرانی مێژووی زیندوو دێنە ئەژمار.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا بڕاوانامە بەسەر سەرکوتوانی خولەکەدا دابەش کرا.