• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٠ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

زستان بە هەموو سارد و سڕییەکانەوە تێدەپەرێ و رووڕەشی بۆ خەڵووز دەمێنێتەوە!

زایینی: ٢٢-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/٠٣ - ١٨:٢١ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
زستان بە هەموو سارد و سڕییەکانەوە تێدەپەرێ و رووڕەشی بۆ خەڵووز دەمێنێتەوە!
دارا ناتق

تیرۆریزم یەکێک لەو دیاردانەیە کە رێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی باوەڕێکی قووڵی پێی هەیە و وەک ئیدەئاڵترین میکانیزم و ستراتیژی بۆ سەرکوتی موخالیفان و پاراستنی نیزام و مانەوەی دەسەڵاتی نگریسی خۆی پێڕەوی دەکات.

بە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی هەتاوی بەملاوە، تیرۆریزم بەشێکی دانەبڕاو بووە لە سیاسەتی ئێران. کاربەدەستانی پایەبەرزی ئەو رێژیمە بە گشتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە کوشتن، بارمتەگرتن و بۆمبدانان و تەقاندنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی رێژیم لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەی وڵاتدا کەرەستەیەکی یاسایین، لەو ڕووەوە ئێران رێژیمێکی تیرۆریستییە.

خومەینی لە هەڵویستێکی نامرۆڤانەدا بە دوور لە هەر چەشنە عورف و یاسایەکی نێونەتەوەیی و پرەنسیپێکی ئەخلاقی فەرمانی قەدەغەکردنی رێکخراوە سیاسییەکان و رۆژنامەکانی دەرکرد و هەروەها بڕیاری جیهادی بە دژی گەلی کورد و کوشتن و سەرکوتی ئازادیخوازانی وڵاتەکەمانی راگەیاند. پاش دەرچوونی ئەو فەرمانە، تا هەنووکەش تاریکپەرەستانی ئاخوندی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتداریی خۆیاندا بە پراکتیزەکردنی بیری تیرۆریستیی خۆیان بە سەدان کەس لە ئازادیخوازانی وڵاتەکەمان بە تایبەتی رێبەرانی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە شێوەی جۆراوجۆر و لەسەر مێزی ئاشتی و دیالۆگ لە دەرەوە و لە نێوخۆشدا تیرۆر کردووە.

رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی پێی وابوو کە بە تیرۆرکردنی د.قاسملوو تەڤگەری ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات تووشی ئاشبەتاڵ یان لانیکەم بە رادەیەکی بەرچاو تووشی بێهیوایی و لاوازی دەبێت، بەڵام قوتابی مەکتەبی دێموکرات، د.سادق شەرەفکەندی وەکوو کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، لێبڕاو، ناسراو و نەتەوەپەرەست و گرینگتر لە هەمووی ئاکادێمیست و دیپلۆمات و ئاشنا لەگەڵ بارودۆخ و سیاسەتی جیهانی، ناوچەیی و کوردستانی، ئاڵای خەباتی شەکاوە راگرت و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە رێژیم هەست بە مەترسییەکی گەورە بکات، چوونکە ئەمە بە پێچەوانەی خواستی کۆماری تێرور بوو، هەر بۆیە جارێکی دیکە رێبەری ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان بووە ئامانجی تیرۆری رێژیم.

بۆیە هەر زۆر زوو دڕندەکانی نیشتەجێی جەماران، ئەو شەمشەمە کوێرانەی کە لە ترسی رووناکی خزابوونە ئەشکەوتە تاریکەکانی بیر و هزری چاخە کۆنەکان، دەنگی دلێر و سیمای بەهەیبەتی رێبەر و خەباتکاری بە ورە و شۆڕشگێڕی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان، دوکتور سادق شەرەفکەندییان پێ تەحەمول نەکرا و لە ڕۆژی 26ی خەرمانانی ساڵی 1371ی هەتاوی، تاقمێک لە خوێنڕێژانی خۆیان و چڵکاوخۆرانی حیزبۆڵڵای بەرەو بێرلین بەڕێ کرد و لە ریستورانی میکونووس لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هێزە ئێرانییەکاندا، رێبەری گەورەی نەتەوەکەمانی شەهید کرد.

تیرۆرێک کە بە پێچەوانەی تیرۆرەکانی دیکەی رێژیم، شەپۆلێکی بەرینی لە هاوخەمی و هاوسۆزی دروست کرد، واتە لە پرۆسەی بەرۆژەڤکردنی پەروەندەی تیرۆرەکە و دادگاییکردنەکەیدا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دڵسۆزانی ئێرانی و بیانی هاوکاری تەواویان لەگەڵ دادگاکەدا کرد. هەر بۆیە بە هاوکاریکردنی سەرجەم لایەنەکان، سەرەڕای هەوڵی زۆری کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو دادگایە، لقێکی سەربەخۆی دادگای بەرزی بێرلین لە دادگاییەکی بە تەواوی سەربەخۆ و عادڵانەدا کە نزیک بە 5 ساڵی خایاند و پاش گوێدان بە شایەتیدانی نزیک بە 180 کەس و تاوتوێکردنی هەزاران لاپەڕە بەڵگەی موستەنەد، رێکەوتی 22ی خاکەلێوەی 1376ی هەتاوی، لە بڕیارێکی مێژووییدا کاربەدەستانی پایەبەرزی رێژیمی ئێرانیان بە گەڵاڵەداڕێژ و بەڕێوەبەری تیرۆرەکە مەحکووم کرد و «واواک»ی بە تاوانبار و هاوبەش لەم تیرۆرەدا ناساند، هەروەها حوکمی دەستبەسەرکرانی نێونەتەوەیی بە دژی علی فەلاحیان، وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعاتی ئێرانی راگەیاند.

ئاکامی ئەو دادگایە ئەوەی سەلماند کە تیرۆر بەشێکی سەرەکی لە چییەتی و پێکهاتەی دەسەڵاتداری و ئۆتۆریتەی خۆسەپێنەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هەروەها لە دەقی حوکمەکەدا باس لە سیستمی جینایەت و تیرۆری رێژیم دەکرێ کە چۆن و بە چ شێوەیەک بەرنامەی لەنێوبردنی هەموو نەیارانی خۆی داڕشتووە و لەو پێناوەشدا لە هەر جۆرە کەرەستەیەکی تیرۆریستی کەڵک وەردەگرێت.

حوکمی دادگای میکۆنووس بوو بە نوختە وەرچەرخانێکی گرینگ بۆ لێکۆڵینەوە لەو کاربەدەستانەی ئێران کە نەتوانن لەوە زیاتر درێژە بە تیرۆری نێونەتەوەیی بدەن، بڕیارێک کە بوو بە هۆی ریسوایی زیاتری رێژیم لە ئاست بیروڕای گشتیداو روخساری تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بە جیهان ناساند و زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپایی و جیهانی بە نیشانەی مەحکوومکردنی ئەم تێرۆرە باڵویزەکانیان لە تاران کشاندەوە و زۆربەی وڵاتانی جیهان و کەسایەتی و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان کۆماری ئیسلامییان وەک ئەنجامدەری ئەو تیرۆرە مەحکووم کرد.

بڕیاری دادگای میکونووس راستییەکی حاشاهەڵنەگر لەو جینایەت و تاوانانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە تەنانەت کاربەدەستانی رێژیمیش ناتوانن حاشا لەو کردەوە دزێوەی خۆیان بکەن و لە دوایین وتەکانی یەکێک لە بەرپرسانی رێژیم بە نێوی «عەباس سەلیمی نمین» باس لە رۆڵی رەفسنجانی لە تیرۆری ریستورانی میکونووس و تەقاندنەوەی بنکەی نیزامی ئامریکا لە عەرەبستان و... هتد دەکات و هەڕەشەی ئەوە دەکات و دەڵێت ئەگەر هاشمی بێدەنگ نەبێت زۆرێک لەو تیرۆر و جینایەتانەی کە لە سەردەمی سەرکۆماریی ئەو و بە بڕیاری ناوبراو و لە لایەن وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعاتی ئێران (عەلی فەلاحیان) بەرێوەچوون، ئاشکرا دەکات. راستییەک کە دواتر رەفسەنجانی دانی پێدانا و رایگەیاند کە ئەم کردەوەیە کاری «عەواملی خودسەر» لە نێو رێژیمدا بووە، واتە ناوبراو بەو جۆرە قسانە دەیهەوێ بە شێوەیەکی زۆر بێشەرمانە بێئاگایی خۆیان لەو تێرۆرەدا نیشان بدات. جینایەتگەلێکی کە دوای دەیان ساڵ حاشالێکردن لە لایەن ئەنجامدەران و بەرپرسانی رێژیمەوە، هەنووکە خۆیان دانی پێ دەنێن. کوردگوتەنی زستان بە هەموو سارد و سڕییەکانەوە تێدەپەرێ و رووڕەشی بۆ خەڵووز دەمێنێتەوە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا