کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی \"کۆنسێرڤاتواری چایکۆفسکی\"ی رووسیە پێشکەش بە هونەرمەندێکی کورد کرا

19:16 - 23 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: هونەرمەندێکی کوردستانی ئێران بەبۆنەی توێژینەوە لەسەر مووزیکی کوردی، خەڵاتی کۆنسێرڤاتواری چایکۆفسکیی پێشکەش کرا.


حەمید رەزا ئەردەڵان مووزیکزان و هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن مارگاریتا کاراتینا بەرپرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنسێرڤاتواری چایکۆفسکیی مۆسکۆ، خەڵاتی پێ بەخشرا.
هەر لەو پێوەندییەدا خەڵاتێکیش پێشکەش بە محەممەد رەزا دەروێشی لە بواری توێژینەوە لەسەر موزیکی ناوچەیی ئێران. کراوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر، ئەو دوو مووزیکزانە ساڵی ١٣٩٠ لە کۆنفرانسی ئارکی تایپی مەقامەکانی هیند و ئورووپایی لە مۆسکۆ وتاری زانستی و توێژینەوەیان پێشکەش کردبوو.
حەمید رەزا ئەردەڵان توێژینەوەیەکی بنەڕەتیی لەسەر مووزیکی هیند و ئورووپایی لە کوردستانی ئێران خستبووە روو و تێیدا مووزیکی کوردی و لەکی بە نموونە هێنابووەوە.
خەڵاتی کۆنسێرڤاتواری چایکۆفسکی تەنیا بە مامۆستایان و شارەزایانی بە ئەزموون و بە توانای کۆنسێرڤاتواری چایکۆفسکی پێشکەش دەکرێت و ئەمە بۆ یەکەمین جارە ئەو خەڵاتە بە دوو مووزیکزانی بیانی لە دەرەوەی ئەم کۆنسێرڤاتوارە دەدرێت.