کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرانی کورد هەڵقوڵاوی بێبەری، بێکاری و هەژارین و بە زەبری چەک و گوللـە بنبـڕ ناکرێن

15:05 - 24 رێبەندان 2712

هێرش کەریمی

هەست کردن بە ئێش و ئازاری خەڵکانێک کە رۆژێک باب و باپیرانیان لە پێکهێنەرانی سەرەکیی خاک و نیشتمانی ئێران بوون و لەحاڵی حازردا بۆ خۆیان لە ژێر روانینی ئەمنیەتی و توندوتیژی و بریندار کردن و لە ئەنجامیشدا کوژران دان، شتێکی سانا نییە.

من نازانم خەمی ئازاری نیشتمانەکەم کەلە ژێر چەوسانەوە دایە، بکێشم، یان ئازاری برینی قوولی جێگای ئەو گوللەیەی کە بە جەستەی شکەت و ماندووی پیاوانی سنوورنشینی کوردستانەکەمەوە دیارە بکێشم، من نازانم ئازاری ئەو رۆڵەیەی کە بە نرخی لەدەست دانی گیانی لە هەمبەر دابین کردنی بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵەکەی و زۆر جاریش ئەو سەغیرانەی کە چاویان بڕیوەتە دەستە ماندوو و سەرما لێدراوەکانی بکێشم، یان ئەو باوکەی کە دەکوژرێ‌و تێچووی گوللەکەی لە بنەماڵە چاوەڕوانەکەی دەستێننەوە، بکێشم.

بەڵێ‌راستە دەزانم و باش دەزانم کە مەبەستی من و ئێوەش ئەو کەسانەن کە پێیان دەڵێن کۆڵبەر، کۆڵبەر ئەو کەسانەن کە بە مەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانیان ــ تەنیا بژیوی ژیانیان ــ بە پشتی خۆیان بار هەڵدەگرن، هەتا بتوانن خەرجی رۆژانەی ( ژن، منداڵ، برا، خوشک، دایک و باوک)یان دابین بکەن و بەوتەی یەکێک لە کۆڵبەرانی سەر سنوور جاری وا هەیە ئەو بارەی کە هەڵیدەگرن کێشی لە خۆیان زۆر زیاتر و قورسترە.
هەتا ئێستا زیندانی کردن، بێ‌حورمەتی پێ کردن، مین‌ڕێژ کردنی رێگای هاتووچۆ، لێدانی دیواری بتوونی و تێل دروو و بگرە بریندار کردن و گیان لێ‌ئەستاندنیش نەیتوانیوە پێش بە کاری کۆڵبەرانی کوردی سەر سنوور بگرێ‌و هەمووی ئەو مەترسییانە و زۆر جاریش گیان لێ‌ئەستاندنیشیان تەنیا و تەنیا بۆ بژیوی ژیانی کۆمەڵە کەسێکن کە بێجگە لەو پیشە پڕ لە مەترسییە هیچ دەرەتانێکی دیکەیان نییە.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بە تایبەت ناوچە سنوورنشینەکان خۆی لە بێبەری ئەو ناوچانە لە نەبوونی ناوەندی پیشەیی و فێرکاریدا دەرخستووە و هاووڵاتییانی کوردی ناچار کردووە روو لە کاری پڕ لە مەترسیی و تاقەت پڕووکێنەر و ماندووهێنەری پیشەی کۆڵبەری بکەن، پیشەیەک کە لەم دوایی‌یانەدا گیانی رزگار، حوسێن و هوشیاری گرت.

رۆژ نییە ئێمە گوێ‌بیستی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوور نەبین و ئەو دیاردەیە وای لێ هاتووە کە مانشێتی زۆربەی راگەیەنەکانی بە خۆیەوە تەرخان کردووە، کوژرانی هەر هاووڵاتییەکی کورد وەکوو ئازاری بەشێک لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤێک دێتە ئەژمار و بەگشتی نەتەوەی کورد لەهەر چوار بەشەی کوردستان وەکوو جەستەی مرۆڤێک دێنە ئەژمار.

سەرەڕای هەمووی ئەوانە هەواڵی کوژرانی ئەم دوایی‌یانەی سێ‌کۆڵبەری شاری مەهاباد، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە وێژدانی هەموو مرۆڤێکی هەژاند و دڵ و دەروونی هەموو کوردێکی خەمبار کرد.

تۆ بڵێی تاوانی ئەو سێ‌هاووڵاتییە کوردە چی بێت کە بەو شێوەیە گیانیان لێ‌بستێنرێ‌، ئەو کۆڵبەرانە بە ئەو پەت و گوریسەی کە بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلەکانیان پێیان بووە دەست و لاقیان بەستراوە ولە بەرزترین شوێنی چیایسوورکێوـەوە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە فڕێ‌دراونەتە خوارێ‌.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەبری ئەوەی کە بۆ ئەو کەسانەی کە کاری سەر سنوور دەکەن و بە جەستەی لاواز و بێ‌گوشتی خۆیان سەرقاڵی کاری کۆڵبەرین، کار و پیشەی شێاو و گونجاویان بۆ دابین بکات، گیانیان لێ‌دەستێنێ‌و زۆر جاریش بێ‌حورمەتی بە تەرمەکانیان دەکا و بۆ ماوەیەکی زۆر رادەستی بنەماڵەکانیان ناکاتەوە و ئەگەریش دەیکاتەوە پوولی گوللەکانیان لێ‌دەستێنێتەوە.

دەسەڵاتداران و حاکمانی ئێران لەباتی ئەوەی داهاتی سەرچاوە ژێر زەوییەکان خەرجی بەرە و پێش بردنی ئابووریی کوردستان و کۆتایی هێنان بەو هەژارییە بکەن، ئەو داهاتە سەرفی پارێزگاکانی دیکە دەکەن و زۆر جاریش هەر بە داهاتی سەرانەی هاووڵاتییانی کورد چەک و تەقەمەنی دەکڕن و بە گژ کۆڵبەرانی سەر سنووردا دەچنەوە.

جێگای سرنج راکیشانی ئەو پرسە لێرە دایە ئەو بارەی کۆڵبەران کە بە پشتیان هەڵیدەگرن بریتییە لە چای، شەکر، سیگار، کەلوپەلی ئارایشی، تەلەویزیۆن، کولێر گازی و وەسایلی بەرقی و ئەمانەش بۆ خۆی لە خۆیدا تەنیا بۆ پێداویستی ماڵەکانن و بەپێی یاسای قاچاخی کاڵای حکوومەتی ئێران، تەنیا ئەو کەلوپەلانە دەچنە چوارچێوەی قاچاخەوە کە نرخەکەیان زیاتر لە یەک میلیۆن تمەن بێت و ئەمە لەحاڵێکدا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵیدەگرن نرخەکەیان ناگاتە ئەو ئاستە.

ئەو کۆڵبەرانە بۆ خۆیان خاوەنی ئەو کەلوپەلانە نین و بگرە زۆر جاریش لە ماڵی خۆشیان لەو کەلوپەلانە بێبەشن و بۆ گۆاستنەوەیان تەنیا حەقدەستێکی زۆر کەم وەردەگرن.