• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

بەڕێز «مستەفا هیجری» لە وتووێژ لەگەڵ «هاووڵاتی»دا:

زایینی: ٢٢-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/٠٣ - ١٨:٣١ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
بەڕێز «مستەفا هیجری» لە وتووێژ لەگەڵ «هاووڵاتی»دا:
رۆژنامەی «هاووڵاتی»، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە. گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییانە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لێڕوانینی وڵاتانی زڵهێز بەنیسبەت پرسی کورد و هەلومەرجی پێوەندیی نێوان حیزبە کوردستانییەکان لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم وتووێژەن. «کوردستان» لەبەر گرینگیی بابەت و تەوەرەکانی وتووێژەکە، بەپێویستی زانی دەقەکەی بڵاو بکاتەوە کە سەرنجی خوێنەرانی بەڕێزی بۆ رادەکێشین.

هاوڵاتی: بەشێک لە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم دواییانە کەوتوونەتە بەر شەپۆلی ناڕەزایی شەقام و میللەت. کۆماری ئیسلامی دەڵێت ئێمە ئەو دۆخەمان دەمێکە تێپەڕاندووە ئەویش پاش کودتای ساڵی 1979 و گەڕانەوەی ئیمام خومەینی. ئێوە دەڵێن چی؟
ـ بۆچوونی کۆماری ئیسلامی لەو گۆشەنیگایەوە راستە کە سیوسێ ساڵ بەر لە ئێستا دیکتاتۆریی پاشایەتی بە ئیرادەی جەماوەر لە ئێران داڕما و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵێکە ئەم شەپۆلە دەستی پێکردووە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێ چوونکە خەڵکی ئێران زووتر سیستمێکی دیکتاتۆری رووخاندووە کەوابوو بە ئاواتەکانی خۆی کە ئازادی و دێموکراسی بووە گەیشتووە و دەسەڵاتی دوای دیکتاتۆریی شا گەرەنتی هەیە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە. بەڵکوو لێکدانەوەی دروست بۆ ئەو پرسە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران سێ دەیە لەمەوبەر دیکتاتۆری رووخاند بۆ ئەوەی سیستمێکی دێموکراتیکی لە جێگا دابنێ و لە سێبەری ئەم سیستمەدا بە ئازادی بگا بۆ ئەو مەبەستە هەر چۆنێک بێ سیستمی کۆماری ئیسلامی هەڵبژارد کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە، بەڵام بەداخەوە ئەو سیستمە نەک هەر خواستە دێموکراتیکەکانی خەڵکی وەدی نەهێنا، بەڵکوو شەریعەتی ئیسلامیشی وەک ئامرازێک بەکار هێنا بۆ بنیادنانی حکوومەتی دیکتاتۆری ـ ئایینی کە زۆر لە دەسەڵاتەکەی پێشوو سەرەڕۆتر و دژی گەلیتر بوو، بۆیە بەربەرەکانێیەک کە 33 ساڵ بەر لە ئێستا لە ئێراندا دژی دیکتاتۆری دەستی پێکرد تا ئێستاش بەردەوامە و تا ئەو کاتەی خەڵک بە ئامانجەکانی خۆیان دەگەن درێژەی دەبێ.

جیاوازی ئەم بەربەرەکانێیە لەگەڵ شەپۆلی ئێستای ناڕەزایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەدایە کە ئەگەر 33 ساڵ لەوە پێش خەڵکی ئێران لە رووی ناشارەزایی و لە ژێر باندۆری پیلانەکانی ئاخوندەکان دەنگیان بە حکوومەتێکی ئایینی دا، ئێستا بەم راستییە گەیشتوون کە حکوومەتی ئایینی ناتوانێ ویست و داخوازە دێموکراتیکەکانی خەڵک دابین بکا، بۆیە خەبات و بەربەرەکانێى ئێستایان بۆ رووخاندنی حکوومەتی دیکتاتۆری ئایینی و هێنانەسەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی سکولارە، ئەزموونێک کە خەڵکی باقی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی بێ بەهرەن، بۆیە لانیکەم بەشێک لەوان خەریکن بەو رێچکەیەدا دەڕۆن کە پێشتر خەڵکی ئێران بە هەڵە هەڵیانبژارد و ناکام بوون.

هاوڵاتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی لە ناوخۆ و ناوچەکەدا روو دەدەن، ئێستا چ تێڕوانینێکیان بۆ مافی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە و بەگشتی سەقفی داواکارییەکانی کوردی رۆژهەڵات خۆی لەچیدا دەبینێتەوە بەرامبەر هەر ئەگەر و گۆرانکارییەک؟

ـ ئێمە ئێستا مافی نەتەوەی کورد لە ئێرانێکی دێموکراتێکی فیدراڵدا دەبینین کە کورد و باقی ئەو نەتەوانەی لەسەر خاکی خۆیان دەژین حکوومەتی ناوچەیی یان هەرێمی خۆیان پێک بێنن و، لە چوارچێوەی یاسایەکی بنەڕەتی دێموکراتیکدا لە بەڕێوەبردنی ئێراندا شەریک بن و بەم چەشنە هەموو نەتەوەکانی پێکهێنەری حەشیمەتی ئێران لە مافی یەکسان بەهرمەند بن.

ئەمە سەقفی داواکانی نەتەوەی کورد و بگرە نەتەوەکانی دیکەیشە لە ئێراندا، بەڵام ئەو گومانەش نەماوە کە ئەو مافانە لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دابین ناکرێن و هەمووی بەستراوەتەوە بە هەلومەرجی پاش رێژیم.

هاوڵاتی: ماوەی چەند ساڵێک دەبێت پارت و لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵات لە هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشن، بەڵام ئەمە پێک نەهێنرا. هەندێک هۆکارەکە بۆ پارچەپارچەبوون لێکدابڕانی کۆمەڵە و دێموکرات دەزانن، ئێوە هۆکاری سەرنەکەوتنی ئەم هەوڵە تا ئێستا لەچیدا دەبیننەوە؟

ـ دابەشبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵات گرنگترین کۆسپی سەر رێگای پێکنەهاتنی بەرە یان هەر چەشنە هاوکارییەک لەگەڵ یەکترن، بەڵام لەم پێوەندییەدا نابێ دەوری ئەو بۆچوونانەش فەرامۆش بکەین کە بەرژەوەندیی حیزبی بە هەڵە لە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دادەنێن و لە ئاکامدا زۆرتر هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن کە ویست و بەرنامەکەی ئەوان سەرکەوتوو بێ، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ویستەکانی لایەنی بەرامبەر. لەم راستایەدا شوێندانەریی پیلانەکانی لاوەکی نەیارانیش نابێ لە بیر بکەین کە هەم لە دابەشبوونەکانی حیزبەکان شوێندانەر بوون و هەم هۆکارێک بوون بۆ لێک دوورکەوتنەوە و لە ئاکامدا پێکنەهاتنی بەرە یان هاوکاری لەسەر خاڵە هاوبەشەکان.

هاوڵاتی: لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە هەست بە جۆرێک لە بێئومێدی دەکرێت بەرامبەر ئەمریکا بۆ پاراستنی مافی کورد و بەدەستهێنانی مافە رەواکان، لەم روانگەیەوە ئێستا هەست بەوە دەکرێت بۆ پرسی مافی چارەی خۆنووسین گەیشتن بە مافە رەواکان زیاتر مەیلی سەرکردایەتیی کورد بۆ لای وڵاتانی ئورووپا دەڕوات بەتایبەت فەڕانسە و بریتانیا. ئەمە تا چەند بە ئیجابی دەزانی؟

ـ ئێمەی رۆژهەڵاتی و لەو نێوانەشدا بە تایبەت دانیشتووانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردیش بەشێک لەوانە، وەکوو خەڵکانێکی زۆرتر بە هەست و عاتیفی وا بیر دەکەینەوە کە هۆی ناکامییەکانمان دوژمنەکانمانن و بۆ خۆمان بێکەموکوڕین و لەو پێوەندییەدا بەرپرسایەتییەک وە ئەستۆ ناگرین، ئەوە ساکارترین و لە هەمان کاتدا ناسیاسیترین تەوجیهی ناکامییەکانمانە، بۆیە مەحکوومین بەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانمان دووپات و دووپات بکەینەوە بە بێ ئەوەی لە رووداوەکان فێر بین و هەڵەکانمان راست بکەینەوە.

بێهیوایی ـ ئەگەر بێهێوایی هەبێ ـ سەرکردەی کوردیش لە پاراستنی مافی کورد لە لایەن ئەمریکاوە شتێکی لەو چەشنەیە. ئەمریکا بە رووخاندنی دیکتاتۆرێکی وەکوو سەددام حسێن یارمەتییەکی گەورەی بە خەڵکی عێراق و کوردەکانی ئەو بەشە دا، بۆ ئەوەی هەلومەرجی پێکهاتوی دوای سەددام حسێن بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە، بەڵام بێجگە لە عەرەبەکان، کوردیش بە شێوەی پێویست نەیتوانی لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرێ و لە هەرێمی خۆیدا بنەمایەکی تۆکمە بۆ دواڕۆژی خۆی بنیات بنێ، لەو پێوەندییەدا کەموکوڕی و هەڵەکان یەکجار زۆرن کە لەم باسەدا جێگایان نیە. من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەم کەموکوڕی و هەڵە نێوخۆییانە نەبوایەتن و کوردستان دوای زیاتر لە یەک دەیە لە دەسەڵاتداریی خۆی، دەیتوانی بە بەرنامەی درووست و گرتنە بەری سیاسەتێکی نەتەوەیی بەرنامەداڕێژراو، یارمەتیی ئەمریکاو باقی وڵاتانی پێشکەوتوو زیاتر بۆ لای خۆی راکێشێ. بەڵام ئەگەر بێت و وەک لە پرسیارەکەدا هاتووە کورد بیهەوێ ئورووپا لە جیاتی ئەمریکا دابنێ بۆ پشتیوانی لە داخوازەکانی، تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە، چوونکە ئەزموونەکان دەریان خستووە لە بڕیارە گرینگە سیاسییەکانی ناوچەدا، ئورووپا بە بێ پشتیوانیی ئەمریکا زۆر زەحمەتە سەرکەوتن بەدەست بێنێ.

هاوڵاتی: بەرای ئێوە ئەو بارودۆخەی ئێستای باشووری کوردستان تا چەند توانای دەوڵەتداری تێدایە؟

ـ ئەگەر مەبەستتان لە دەوڵەتداری، توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سەربەخۆیە، وڵامی من ئەوەیە کە بە هۆی هەڵەو کەموکورتییەکان، نە لە ناوخۆ و نە لە ناوچە و نە لە رادەی نێونەتەوەییدا زەمینەی پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کوردستانی باشوور پێک نەهاتووە تا قسە لە توانای دەوڵەتدارییەکەی بکەین.

هاوڵاتی: دەپرسین بەلای بەڕێزتانەوە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی وڵاتانی دراوسێ لە پێشتر و گرنگترە یان وڵاتانی زلهێزی دەرەوە؟

ـ بەداخەوە هەلومەرجی ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان جۆرێکە کە لە نێو چەند وڵات و حکوومەتی نادێموکراتیک کە باوەڕیان بە مافی کورد نیە دابەش کراوە، وڵاتانی دیکەی ناوچەش هەر کام بە شێوەیەک دژی مافە دێموکراتیکەکانی گەلانی بندەستن، بۆیە هەر دووکی ئەم هێزانە دەتوانن کۆسپی گەورەمان بۆ پێک بێنن، لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ بە بێ بڕیاری وڵاتانی زلهێزی جیهان پێکهێنانی ئاڵوگوڕ لە سنوورەکاندا نایەتە ئاراوە بۆیە کورد بەرپرسایەتییەکی قورسی دەکەوێتە سەر شان لە راگرتنی پارالێل (تەوازن) لە نێوان ئەو هێز و لایەنانەدا و ناکرێ هیچکامیان فەرامۆش بکا.

هاوڵاتی: ئاشکرایە بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی کوردانی باشوور لە بەشەکانی تری کوردستان باشترە. ئەگەر لەم بەشەدا کار بۆ جاڕدانی دەوڵەت بکرێت، پێتوایە کوردی بەشەکانی تر چۆن پێشوازی لێ دەکەن؟

ـ بە هۆی ئەوە کە کورد لە مێژ ساڵە خەون بە بوونی کوردستانی گەورەوە دەبینێ و مافی خۆشیەتی، بۆیە بانگەواز بۆ گەیشتن بەو خەونە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خەبەرێکی خۆشە، بەڵام بیرکردنەوە لە سەرکەوتنی ئەم بانگەوازە گرینگتریشە، چوونکە راگەیاندنی ئەم بانگەوازە و سەرنەکەوتنی، بێهیواییەکی زۆر لە ناو خەڵکدا پێک دێنێ.

هاوڵاتی: ئەگەر ئەم بەشەی کوردستان لە باشوور جاڕی دەوڵەت بدات خوێندنەوەی تۆ لەسەر هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەم مەسەلەیە چیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن رووبەڕووی ئەم بابەتە دەبێتەوە؟

ـ کۆماری ئیسلامی دژی سەرەتاییترین مافە دێموکراتیکەکانی گەلی کوردە، بۆیە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە کوردستانی باشوور، لەگەڵ دژکردەوەی توندی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو دەبێ.

پرۆفایل:
ناوی سیانی: مستەفا هیجری
ساڵی لەدایک بوون: 1945
شوێنی لەدایک بوون: نەغەدە
بڕوانامە،پسپۆری: بەکالوریس لە زمانو ئەدەبیاتی فارسی
شوێنی دانیشتن و پیشەی پێشوو ئێستا: پێشتر مامۆستای ناوەندی، شارى نەغەدە بووە لە ئێستادا سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا