• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

بۆمبی ناوکی و لافاوی لەناکاو

زایینی: ٢٢-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/٠٣ - ١٨:٤٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
بۆمبی ناوکی و لافاوی لەناکاو
کەریم پەرویزی

دەڵێن لە شوێنێکی ئەم جیهانە پانوبەرینەدا، وەستایەکی خانوو دروستکردن هەبوو کە ناو و ناوبانگێکی سەیری لە لای کەسانی نیزیک بە خۆی هەبوو و شوێنکەوتووانی بەردەوام پڕوپاگەندەیان بۆ دەکرد کە وەستایەکی وایە و ئەمە تواناکانی و ئەوە بەهرەکەیەتی! هەندێکی ئەو ناوچە و دەورووبەریش بڕوایان بەو پڕوپاگەندانە کردبوو تاکوو رۆژێک کاکی وەستا و بەردەستەکانی ژوورێکی 3 میتر لە چوار میترییان دروست دەکرد و هەتاکوو ئێوارە کاریان کرد و میترونیوێک دیوارەکانیان بەرز کردەوە، بەڵام وەستای شارەزا ئێوارە لە نێو ژوورەکەدا مابۆوە و تازە لێی حاڵی بوو کە درگا و پەنجەرەیەکی بۆ نەهێشتۆتەوە کە لانیکەم خۆی بێتە دەرەوە!

ئاغای خامنەیی، رێبەری رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە شەو و بە رۆژ ئیدیعا دەکەن کە زۆر زانا و فەرزانەیە! زیاتر لە دوو دەیەیە حکوومەتی تاکەکەسیی لەم وڵاتە بەڵالێدراوەدا بەدەستەوەیە و ئەوەندە لە خۆیان دەرچوون و پێیان وایە کە درۆ و پێداهەڵگوتنە لە خۆڕایییەکانیان وەڕاست دەرچووە، دەیانەوێ دەستیان بە چەکی ناوکی بگا و هەموو وڵاتیان تووشی کێشە کردووە، تاکوو رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێناوی مانەوە و پاراستنی نیزام و پەرەدان بە سیاسەتە تیرۆریستییەکاندا، بۆمبی ناوکی هەبێ و ئیدیعا و پڕوپاگەندەکانیان جیهانی گرتۆتەوە و ناوچەکەشی تووشی ئاڵۆزی کردووە و خەڵکی ئێرانیش لەبەر ئەم سیاسەتە هەڵە و سەرەڕۆییانەی وەلیی فەقیه و گۆپاڵ بەدەستەکانی، دەبێ یان گرانی و هەڵایسانی ئابووری و بێکاری و هەزار دەردی دیکەیان بە سەردا بێ یان تووشی ماڵوێرانییەکی دیکە ببنەوە و کۆماری ئیسلامی وڵات بەرەو شەڕێکی دیکە ببات.

ئەم وەستا شارەزایەی رێبەری کۆماری ئیسلامی، ئەوەندە لە خۆڕازی و ملهوڕە و دەورووبەرەکەشی لێیان وەڕاست گەڕاوە کە دەست دەدەنە هەموو جۆرە تەبلیغاتێک و فڕوفیشاڵی زۆر دەکەن بەڵام لە ناکاو بارانێکی زۆر لە بەهاری 1391 دەبارێ و بارانی بەخوڕی بەهاری لە تاران دەبێ بە لافاو و هەموو شەقام و گۆڕەپانە سەرەکییەکان دادەگرێ و میترۆی تاران کە ساڵانێکە مانۆڕی بە سەرەوە دەدەن پڕ دەبێ لە ئاو و تازە بۆیان دەردەکەوێ کە ئاوەڕۆ و زێرابی تاران و میترۆکەیان درگایەکی تێدا نیە و خەریک بوو لە لافاودا بخنکێن!

سیاسەتە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی و پرۆژەی میترۆکەی و زۆر شتی دیکەی، بە بێ درگا و پەنجەرە دروستی دەکەن و دوایی تێیدا دەمێننەوە و رێگای دەربازبوونیان نابێ و بە ناچاری زوو زوو دەست لە بنەما شەرعییەکان وەردەدەن و فتوایەکی تازەی بۆ دەدۆزنەوە!
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک