کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی چرا لە شاری ئامەد کۆنفڕانسێکیان لەپێوەندی لەگەڵ رۆژی زمانی زگماکیدا بەڕێوە برد

15:20 - 1 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی چاند و هونەریی چرا لە شاری ئامەد لە کوردستانی تورکیە کۆنفڕانسێکی زانستییان لەسەر ٢‌ی رەشەمە ساڵڕۆژی نێودەوڵەتیی زمانی دایکی بەڕێوە برد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمەڵەی چاندی ‌و هونەری چرا لە ئامەد، بە مەبەستی رێزگرتن و تاوتوێ‌کردنی زانستییانەی رۆژی جیهانی زمانی زگماکی، رێکەوتی ٢٨ی رێبەندان لە هۆلی رەسەپیسیۆن لە پارکی سومەر کۆنفڕانسێکیان بە بەشداریی بەرپرسانی ئەنیستیتۆی زمان لە زانستگەی ئارتووکلوو بەڕێوە برد.
خاتوو سیڤگین یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی چرا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری رێکخراوە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوون و کۆنفڕانسەکە بە ئاخافتنی شیروان داش بەرپرسی کۆمەڵەی چرا لە ئامەد، دەستی پێ کرد.

سیڤگین وتیشی: دوو کەسایەتیی ناودار بە ناوەکانی پرۆفسۆر دکتور قادر ییلدریم و رۆشان لەزگین نووسەر و شارەزیانی بواری زمان، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.
مێژووی پەروەردە بە زمانی زگماکی لەنێو کوردەکاندا ‌و هەروەها دوێنێ، ئەمڕۆ ‌و داهاتووی کوردی زازاکی مژاری باسی ئەو دوو نووسەرە بوون.