کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەسپی حیزبی ئێمە لە رێبەندانان ناسڵەمێتەوە (ئیبراهیم لاجانی)

20:34 - 1 رەشەمه 2712

ئیبراهیم لاجانی

لەبەرانبەر گرێ پووچکەدا نابێت دەستەوەستان دانیشین، گرێ پووچکە
دەبێ بکرێتەوە و لەوەش زیاتر دەبێ لە جێی هەرە سەختدا بکرێتەوە. نابێت بێڵین تیراوەی بنبەستی دەمارگرژیی سەرتاسەری سیاسەتی ئێمە دابگرێ. بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستان، وەک بزووتنەوەی میللەتێک کە ئاجێندا ئەسڵیەکەی بریتییە لە رزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی، هاوڕایی سیاسی لێمان دەوێ. بنبەستی سیاسی بریتییە لەو شوورە بەرزە ئیدیۆلۆژیکتیەی وەک خەتی سوور بە دەوریماندا کێشاوە. بۆ هاتنەدەر لەو بنبەستە سیاسییە، پێش هەموو شتێک دەبێ ئەو زەنجیری رووحیەی مەزهەبی و نامووس‌پەرستییە سیاسییەی کەلە دەستوپێی بیری سیاسی و  عەمەلی سیاسیدا ئاڵاوە، بپچڕێنین.

سواری شایستە بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست، یان لەو رێبەندانانەی کە دێنە سەر رێی لا دەدا، یان بەسەریاندا باز دەدا. بەم جۆرە چونکە ئەو بە داوی ئامانجێکەوەیە کە بریتییە لە گەیشتن بە شوێنی مەبەست، نایەڵی داوەڵ و رێبەندانەکانی سەر رێگا، رووحیەی چوونە پێشی تێدا بکوژن.

ئەرستۆ دەڵێ ئامانجی کاری سیاسی بریتییە لە هەوڵ دان بۆ دابین کردنی خێری خەڵکی شار، ئێستا کە ئێمەش خێری خەڵکی شاری خۆمانمان دەوێ، دەبێ لەسەر چۆنیەتیی دابین و دەستەبەر کردنی ئەو خێرە گشتییە رێک کەوین.

ئەوە ئیمکانی نییە، مەگەر ئەوەی کەلە پێشدا لەگەڵ یەکتر باش بین، خەڵک لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێدا فەرهەنگێکی پێشکەوتووی سیاسیی هاوچەرخیان دروست کردووە، ئەو پەیامانەی جێژنی نەورۆزی پار لە شار و شاڕۆچکەکانی کوردستانەوە بە گوێماندا دران، پێمان دەڵێن کە دەبێ لە گۆشەنیگایەکی روون‌ترەوە بڕوانینە مەسەلەکان، زەمانە لێمان قبووڵ ناکا چۆرت لێ دەین و بە خەواڵوویی بیر بکەینەوە. ململانێ و کەڵەوەکێشی دەگەڵ یەکتر، وەزع و خەباتەکەمان بەرەو کزی دەبا. جێگایەک کە هیچکاممان لێی رازی نین و دەزانین ئەوە شایستەی ئێمە و بزووتنەوەکەمان نییە.
ئەو دۆڵە سیاسییەی لە نێوان خۆمانمان دروست کردوە، بە تێپەرینی زەمان بە زیانی زۆرمان پێ دەگەیەنێ. نەوەی تازەی میللەتی کورد دەبێ بەسەر ئەو پردەدا تێپەرێ و ئەو دوژمنایەتی و رق و بەربەرەکانێیانە بەجێ بێڵێ و کەلە راستیدا دەورانیان بەسەرچووە. وەختێک لە بەر چاوی خۆمان ئەوە دەبینین، ئایا باشتر ئەوە نییە بۆخۆمان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو دۆڵە سیاسییە دەست بەکار بین؟ یەکیەتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب بۆ خەباتەکەمان و بزووتنەوەکەمان هێندە گرنگ و  کارسازە، کە هەر تێبینییەکی دی لە بەرانبەریدا بێ مانا دێتە بەرچاو مەگەر کاری سیاسی بریتی نییە لە دەست نیشان کردن و بردنە پێشی ئەولەویەتەکان؟

بیرکردنەوەی تاکتیکی و حەرەکەتی تاکتیکی ئەگەر لە خزمەت ستراتیژیەکی گەورەدا نەبێ، دەبێتە هۆی تەنگەبەر بوونەوەی گۆشەنیگای روانگەی سیاسی.

بڕیا نیوەی ئەو هەموو وەخت و ئینێرژییەی ئێستا بۆ چارەسەریی ئەو وەزعە خەرجی دەکەین سەرفی بیرکردنەوە لە ئاکامی ئەو رەفتارانە بکرێ کە بوونە هۆی پێکهاتنی ئەو بارودۆخە.

ئێستا ئەگەر پوختە بووبین، دەبێ لەو چەند ساڵەدا هەم زۆر شتی تازە فێر بووبین و هەم زۆر شتیشمان فەرامۆش کردبێت. لە پێداگۆگیدا پێناسەی فێر بوون ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێ دوای دەرس و پەند و عیبرەت وەرگرتن، رەفتار و  هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێ. فێربوون هەر ئەوە نییە کە شتی تازە فێر بی. فێربوون ئەوەش دەگرێتەوە کە شتە کۆن و لە باوکەوتووەکان فەرامۆش کەی، خەبات رەفتاری سیاسی تازەی لێمان دەوێ.

پێویست ناکا تێکۆشین تۆبەنامە و ئیعتراف‌نامە لە یەکتر وەرگرین. ئەوە یارمەتی بە دروست بوونی فەرهەنگێکی سیاسیی مۆدێرن لە نێوماندا ناکا. چونکە کامەمان لە مەوقعیەتێکی ئەوتۆ دایە، وەک حەزرەتی عیسا دەڵێ هێندە پاک و بێگوناهـ بێت، بتوانێ بەردی یەکەم بگرێتە کابرای گوناهبار. ئەگەرئەوە بکرێ یارمەتیمان بە درووست بوونی فەرهەنگێکی سیاسیی مۆدێرن کردووە، کە وەک ئۆکسجین  بۆ  هەناسەدانی خەباتەکەمان پێویستە.

چەند مانگ لەمەوبەر خوشکە مریەم کەریمی، هاوسەری کاک محەممەد کەریمی، بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. کۆچی خوشکە مریەم کۆستێکی گەورە بوو بۆ هەموو ژینگەی کوردی لە نۆروێژ. ئەو دایکێکی مێهرەبان بوو بۆ چەند کوڕ و کچی جوان. هاوسەرێکی بەوەفا بوو بۆ هاوسەرەکەی و کابانێکی لێوەشاوە و میوان دۆستێکی دڵگەورە و دەم بە بزە بوو. بەڵام ئەوەی ئازاری مەرگی خوشکە مریەمی بە سۆتر دەکرد، بریتی بوو لەوە کە مەرگی ئەو نابەوەخت بوو. ئەو رۆمانێک بوو کە زۆر فەسڵی مابوون کەچی لە پڕ تەواو بوو. لە ساڵۆنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی سەرەخۆشیی خوشکە مریەمدا، کە ساڵۆنی قوتابخانەیەکی جیرانی ماڵی خۆیان بوو، هەندێک رستەی جوان بە دیواری یەکێک لە پایەکانی ساڵۆنەکەوە  بە زمانی نۆروێژی هەڵواسرا بوون کە یەکێک لەوان  بۆمن سەرنج راکێش بوو. ئەو رستە ماناکەی ئەوە بوو کە ئەگەر دەمانەوێت بڕۆینە پێش، دەبێ فێر بین بە شێوەی دیکە بیر بکەینەوە و لە پێرسپێکتیڤێکی دیکەوە تەماشا بکەین و بە زمانێک دیکە بدوێین. راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بە  بیر کرنەوەی تازە هەیە. بیر کردنەوە بە شێوەی تازە، رەفتاری سیاسیی تازەشی بەدوادا دێت. لە حاڵەتێکی ئاوا دایە دەتوانین بڵێین لە رابردوو دەرسمان وەرگرتووە.
کاتێک بەرژەوەندییە نەتەوەیی‌یەکان لە گۆڕێ دان، کەی وەختی تۆڵە سەندنەوەی شەخسی و پاکانە حیساب لەگەل یەکترییە؟ روونە کە هەرکەس لە مەحفەلی خۆیدا راحەت‌ترە. بەڵام راحەت بوون لە مەحفەلی خۆتدا، کەی بۆتە هونەرێکی هێندە گەورە کە شانازی لەگەڵ خۆی بێنێ؟

یەکیەتیی سیاسی و تەشکیلاتی ئەو حیزبە هێندە پڕ ئەهەمیەتە، کە دەبێ وامان لێ بکا بۆ دابین کردنی ئەو وەحدەتە سیاسی و تەشکیلاتییە،  تەنانەت بچینە پشتی سەری ئەو کەسانەش کە موافقی بوونی ئەوان لە ڕێبەرایەتی حیزب دانین.  ئەو حیزبە بەرهەمی رەنج و خوێن و فرمێسکی  نزیکەی یەک سەدەی میللەتێکە. کەواتە پاراستنی ئەو حیزبە وەک گەورەترین وەسیلەی خەبات، بۆ تێکۆشەرانی دێموکڕات، دەکەوێتە پێش هەر ئیعتبارێکی دیکەوە.
هەمیشە وایە کە ئەوە جەماوەر و بەدەنە و خەڵکن بە بەشداری کارای خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا، هەلومەرجی چوونەپێشی خێری عموومی خەڵکی شار ئامادەدەکەن. دەبینین لە نێو  ڕیزەکانی بزووتنەوەدا، سەفی موخالیفان و موافقانی وەزعی مەوجوود، بە بارتەقای عەرز و ئاسمان  لێک جیاوازن و کەیفیەت و لەولاشەوە تەنانەت شێوەی بەڵگە هێنانەوەشیان بۆ دیفاع لە  قسەکانیان زۆریان فەرق هەیە.  ئەی کەوایە ئەو  بنبەستە لەکوێ وە سەرچاوە دەگرێ. خۆ ناکرێ بڵێین ئیرادەی کار بۆ چارەسەریەکەی دەکەوێتە دەرەوەی دەستی خۆمان. بەڕێز کاک مستەفا، سکرتێری گشتی حیزب، لە مێژە ئەو هەوری نیگەرانەی
  ڕەواندۆتەوە. ئەو لەوبارەوە زۆرجار وتویەتی ئەوە موشکیلەی حیزبی دێموکڕاتەو هەردەبێ حیزبی دێموکڕات خۆشی چارەسەری کات.

ئەگەر دەمانەوێ هێزێکی گەورەی سیاسی لە نێو میللەتی خۆماندا بۆ خەبات بێنینە مەیدان، دەبێ بتوانین بە هەموو ناکۆکیەکانی نێوانمانەوە، بە هاوڕایی سیاسی بگەین. ئەسڵەن حیزبمان بۆیە درووست کردوە تا لەو وردەناکۆکی و نالێکیانە دەربازمان بێ و بتوانین لەسەر مەسەلە بنەڕەتیەکان پێکەوە هاوکاری بکەین.

کارکردن لە حیزبی دێموکڕاتدا کە حیزبێکی خەباتگێرە، سەختە. ئەوانەی لە کەشتیە ئاسمانیەکاندا، لە فرۆکەکاندا، لە کەشتیە ژێردەریاییەکان دا کار دەکەن دەزانن کار و هاوکاری و کۆمیونیکاشۆن  لەو هەلومەرجانەدا چەندە زەریف و دەقیقە. لەفیلمە کاوبۆییە ئەمریکاییەکاندا، پاڵەوانی فیلمەکان دەبینین کە بە تەنێ یا لە گەڵ چەند سواری تر لە دەشتێکی کاکی بەکاکی گەورەو هەتا چاوبڕکات بەریندا، سواری ئەسپێک بووە،  کڵاو گەرگەریەکی لەسەرناوە، سیگارێکی بەرگی بە لالێوەوە گرتوە و دەمانچەیەکی شەشلوولیشی بە قەدی خۆیدا هەڵواسیوە و شای بە سەپان نازانێ و دەڕواتە پێش.  یانغ
 Œ مەیدانی ئازادی عەمەلی زۆرە. بەڵام لە تەشکیلاتێکی خەباتگێردا کە کار بۆ ئازادی میللەتێک دەکا ئازادی عەمەلی لەو چەشنە بۆ کەس نیە.
ئەو وەزعەی بەسەر ئێمەو خەباتەکەماندا هات، زادە و هەڵقوڵاوی  ئەو هەلومەرجە بوون کە ئەو دەم ئێمەی تێدابووین. ئەویش بە نۆرەی خۆی بەرهەمی ئەو شێوەبیرکردنەوەیە بوو ، کە کاروخەباتمان پێدەکرد. ئێستا ئەگەر بمانەوێ لەو وەزعە دەربازبین دەبێ بە جۆرێکی دیکە بیربکەینەوە و بە ڕووحیەیەکی دیکەوە حیزبایەتی و کاری سیاسی بکەین. ئەگەر نا لە داهاتووشدا تووشی هەمان دەردەسەری دەبینەوە کە ئەوەتا وەک مێردەزمە سواری سەرمان بووە.  ئەگەر بتوانین فەزای کاری سیاسی و حیزبایەتی سالمتر کەین، دەتوانین حیزبەکەمان بکەینە گەورەترین وەسیلەی خەبات و بەربەرکانی. ئەوەش بە نۆرەی خۆی بزووتنەوە بە هێزوبەرین دەکاتەوە.

حیزباتەتی و سیاسەتێک کە مۆنۆپۆلیزە و ئینحسار بکرێ، تووشی  ناکارایی دەبێت. کەواتە پێویستیمان بە ڕەفتاری سیاسی دووربینانە ترە. واتە پێویستە حیزبایەتی و کاری سیاسی لە دەستی ڕەفتار و ڕووحیەی  مەزهەبی گەری ئازاد بکەین.

ئەسپی حیزبی ئێمە توانای ئەوەی هەیە، ئەو رێبەندانانە بخاتە پشت سەری خۆی کە لەسەر رێگای چوونەپێشیدان.  من قەت لە خۆمان و ڕێبەرایەتی خۆمان نائومێد نیم.