کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەوێکی خۆشی بەشار ئەسەد (سمکۆ بێ‌کەس)

15:56 - 3 رەشەمه 2712

سمکۆ بێ‌کەس

لە قەدیمەوە وتوویانە کوێر هەتا دەمرێ بە تەمایی چاوە، دیارە ئەم وتەیە بۆ کەسێکێ پاکی نابینا تا بڵێی جوانە کەلە ناو دڵە پاکەکەیدا تەنیا ئاواتی بینینی دنیای جوان و رووناکی ژیان بێت.
بەڵام لەلای دەسەڵاتدارانی خوێن‌ڕێژدا ئەمە نەک هەر مومکین نییە بەڵکوو نامومکینە و نابێ و ناکرێ جارێکی‌تر چاو بە دەسەڵاتێکی کوێر بدەی کە دژی گەلەکەی خۆی بێت.
لە دوایین چاو پێکەوتنی خۆیدا بەشار ئەسەدی خوێن‌ڕێژی سووریە لەگەڵ واشینگتۆن تایمز وتوویەتی، کە ئامادەیە جارێکی‌تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی سووریە کاندید بکاتەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا و گەر ئەمەش نەکات واتە گەر مەیلی دەسەڵات و خۆێن رشتنی نەما، ئەوە دەست دەکات بە ژیانی ئاسایی خۆی و وەک دوکتوری تایبەتی چاو و کلینیکی تایبەت دادەنێ لەناو سووریەدا چونکە خاک و زێدی خۆی هەرگیز بە جێ ناهێڵێ.
سەیرترین شێوەی قسە کردن هەموو کات لە دەسەڵاتە زۆردارەکاندا دەبیستین کاتی خۆی هەم سەدام حوسینی دیکتاتۆر و هەم سەرهەنگ قەزافی خۆیان بە سەرۆکی نەتەوەی عەرەب دەزانی و دیتمان کە دەنگی زۆرینەی گەلی عەرەب لە گەڵ رۆژاوا و گەلی راپەڕیوی وڵاتی عێراق و لیبی کەوتن و دەسەڵاتەکەیان هەرس پێ هێنان، بۆیە گەر بەشار ئەسەد پێی وا بێت ئەوە جارێکی‌تر دەرفەتی بە دەسەڵات گەیشتن، یان ژیانی ئاسایی پێ دەدرێ ئەمە ئەو پەری هەڵەیە کە لە مێشکیدا دروست ببێت چونکە ناکرێ سەرۆکێک خاوەنی ئەم رابردووە پڕشەرمە بێت کە کوشتاری هەزاران هاووڵاتیی خۆی بکات و بە سەدان هەزار هاووڵاتی ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بکات و دیسان داخوازیی دەسەڵات، یان ژیانێکی ئاسایی بێت، ئەی دادگای عەداڵەتی خەڵک تۆ بڵێ لەم زاڵمە و هاوشێوەکانی ئەم زاڵمانە بێ دەنگ بێت و خوێنی ئەو هەزاران کەسە هەروا بە فیڕۆ بڕوات.
لەمە سەیرتر دەبێت سەیری پشت پەردەی ئەم وتارە بکەین، چونکە لە راستیدا بەشار ئەسەد تەنیا بووکەڵەیەکی دەستی چەند دەسەڵاتدارێکی ناوچەکەیە بە تایبەت ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بۆ ئەوەی کە هێزی راپەڕین لە وڵاتەکەی خۆیان دوور بخەنەوە دەستیان بە باڵی بەشار ئەسەدەوە گرتووە هەتا نەکەوێ بە زەویدا ، چونکە هەر لە تازەترین هەواڵی پشتیوانی دەر و دراوسێ‌کانی دەسەڵاتی سووریەدا حیزبوڵڵای پڕچەک و جبەخانەی لوبنان کە هەموو سەرچاوەی چەک و دارایی‌یەکەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دابین دەکرێ بە زەبری هێزەوە بەرەوڕووی ئوپۆزسیۆنی سووریە بوونەوە و دەستیان کرد بە شەڕێکی راستی و بەردەوام لەگەل گەلی راپەڕیوی سووریە، لەو لاشەوە ئێران بەردەوام نێردراوەکانی خۆی دەنێرێتە سووریە کە بەڵینیی چەورتر بدەن بە بەشار ئەسەد و بەسیجی تایبەتیی بۆ دروست دەکات و پڕ چەکی دەکات و دارایی گەلی هەژاری ئێران دڕژێنێتە بەر پێ ئەسەدی خوێن‌ڕێژ هەتا خۆی رابگرێ لە سەر دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی ئەمە لە کاتێک دایە کە بە داخەوە لە ئێرانی ئاخووند لێدراودا گرانی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆیی و خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی ئێران بە زەحمەت نانی شەویان بۆ پەیدا دەبێت و رۆژ لە دوای رۆژ ئابووریی ئێران و دراوی ئێرانی بەرەو داتەپین دەچێت، بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتدارانی ئێران بە لێشاو دارایی و موڵکی وڵات دەبەنە دەرەوە و پێشکەش بە حیزبوڵڵای لوبنان و رێژیمەکەی ئەسەدی دەکەن و رووسیەش لە دوایین هەڵویستی خویدا چوار کەشتیی‌تری شەڕکەری ناردە کەناراوەکانی سووریە هەتا دیسان بڵێ ئێمەش هەر پشتیوانی رێژیمەکەی ئەسەدین. لە لایەکی‌ترەوە و لە تازەترین شەڕی هێزەکانی ئوپۆزسیۆن بەرامبەر هێزەکانی دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی ئەسەددا چەند پایگای گرینگ و وەک فرۆکەخانە و جبەخانە کەوتە دەست شۆڕشگێڕەکان کە یەکێک لەو پایگایانە بە قسەی ئوپۆزسیۆن ناوەندی ناردنی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ رژیمی ئەسەد.
سەیرەکە لەمە دایە بۆ چی بەشار ئەسەد هەر لە خەونی شیرینی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازی دایە و ئەم هەموو کوشتن و بریندار و رووخان و ماڵ کاوڵ کردنە هەر بە بایی خەیاڵیدا نایە و مێشێکی میوان نییە و وا دەزانێ کە هەر رێژیمەکەی چەند ساڵ پێش ئێستایە لە کاتیکا دوو لەسەر سێی خاکی سووریە لەژێر دەسەڵاتی رێژیمەکەیدا نەماوە و لە کونترۆڵی ئوپۆزسیۆن دایە ماوەتەوە بڵێن زەبرێکی قورس دەتوانێ بەشار ئەسەد لەم خەوە شیرینە راپەرێنێ ئەویش تەنیا لە ناو چوونی ئەسەد و هاوشێوەکانی وەک ئەو و هاوپەیمانەکانی دەوروبەریەتی، بۆیە گەلی سووریە دەبێت لە هەموو کات زیاتر یەکگرتوو بن و ریشەی ئەم رێژیمە لە بنەوە هەڵبکێشن و کۆتایی بە رێژیمی بەعسی و خوێن‌ڕێژی بەشار ئەسەد بهێنن و ئازادی بۆ گەلی سووریە دەستەبەر بێت و ئەو حکوومەتانەش بناسن کە پشتیوانی ئەم خوێن‌ڕێژە بوون و لە مێژووی سووریەدا تۆماری بکەن.