کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندی حیزبی دێمۆکرات و یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە دانمارک هاودیتنیان ئەنجام دا

14:20 - 8 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لە هاودیتنی شاندی حیزبی دێمۆکرات و یەکیەتیی نیشتمانی بارودۆخی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و ئەرکی حیزبەکان لە دەرەوەی وڵات لەلایەن ئەندامانی ئەو دوو شاندەوە باسی لێ کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٧ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ دانمارک بە سەرپەرستیی سلێمان کەڵەشی بەرپرسی کۆمیتە، لەگەڵ شاندێکی پێوەندییە کوردستانییەکانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و کەرتی رێکخستنی ئالبوورگ، بە سەرپەرستیی سەلام بوسلی دیدار و چاوپێکەوتنیان پێکهێنا.
لەو دانیشتنەدا سەلام بوسلی بەرپرسی شاندی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان تیشکی خستە سەر رووداوەکانی ئەمڕۆی عێراق بەگشتی و ئەو مەترسییانەی کە بەهۆی ناسەقامیگرییەوە تووشی عێراق بوون.
هەڵگیرسانەوەی شەڕی تایفی و خاڵە جێ ناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی مالیکی و گرتنە بەری رێگای دیالۆگ لەلایەن کوردەوە وەکوو رێگای چارەسەر، بەشێکی دیکە لە باسەکانی بەرپرسی شاندی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بوون.
لەم دانیشتنە دۆستانەدا هاوپەیمانیی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەکوو دەسکەوتێکی گرینگ بۆ کوردستانی رۆژهەڵات وەسف کرا.
دانیشتنی نێوان دەوڵەتی تورکیە و پارتی کرێکارانی کوردستان، تەبایی و یەکڕیزیی پارتەکانی کوردستانی رۆژاوا، ئەرکی حیزبە کوردستانییەکان لە دەرەوەی وڵات و کار کردن بۆ یەکخستنی رەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات، بەشێکی دیکەی باسەکانی ئەم دانیشتە بوو.