کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لە ئوتریش، دژایەتیی لەگەڵ بەشداریی نوێنەری ئێران لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا، دەربڕی

14:21 - 8 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێمۆکرات لە ئوتریش لەگەڵ کەمپێنی Stop The Bomb و کۆمەڵێک کەسایەتیی زانستی و ئەدەبیی ئوتریش، لە نامەیەکدا دژایەتییان لەگەڵ بەشداریی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی ساڵانەی UN Alliance of Civilizations دەربڕی.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش نامەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ چەند رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی لەمەڕ دژایەتییان لەگەڵ بانگهێشت کردنی عەلی ئەکبەر ساڵحی بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی رێکخراوی UN Alliance of Civilizations پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنفرانسە و وەزیری دەرەوەی ئوتریش کرد.
لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە: بانگهێشت کردنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەیی‌یەکان دەرفەت بۆ ئەو رێژیمە دەرەخسێنێت کە لەو شوێنانەدا پڕوپاگەندە بەکار بێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی لاواز بوونی هەموو ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی کە بۆ کونترۆڵ کردنی ئەو رێژیمە سەرەڕۆیە دراون و دەدرێن.
هەروەها سەبارەت بە چاوپێکەتنی وەزیری دەرەوەی ئوتریش لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لەو نامەیەدا هاتووە: داوا لە وڵاتانی رۆژئاوایی و یەک لەوان ئوتریش، دەکەین لەجێگای پێشوازی کردن لە نوێنەرانی رێژیمی ئێران، پشتگیری لە دژبەرانی دێمۆکرات و سێکۆلاری ئەو رێژیمە بکەن و بەم جورە ببنە پاڵپشتی نەتەوە خەباتکارەکانی ئێران لە پێناو ئازادی و دێمۆکراسی لەو وڵاتەدا.
لە درێژەی نامەکەدا هاتووە: داوا لە هەموو بەشدارانی ئەو کۆنفڕانسە دەکەین کە دژی بانگهێشت کردنی نوێنەری رێژیم بو ئەو کۆنفڕانسە بوەستنەوە و لەباتی ئەوان نوێنەرانی ئوپۆزێسیۆنی ئازادیخواز و دێمۆکراتی ئێران بانگهێشتی ئەو کۆڕە نێونەتەوەیی‌یە بکەن.