کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزب لە سیمیناری رێکخراوەکانی ئوپۆزسیونی ئێرانی لە سوێد

20:51 - 8 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە سیمینارێک کە بۆ نوێنەرانی رێکخراوەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە سوێد ساز کرابوو، بەشداریی کرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەم سیمیناره رۆژی یەکشەممه رێکەوتی ٦ی رەشەمە، لە شاری گۆتێنبێرگ (یۆتێبۆری) سوێد، لەلایەن ناوەندی پێوەندیی نەتەوەیی ئێرانییەکان (ستاد همگرایی ملی ایرانیان) ساز کرابوو. هەیئەتێکی پێنج کەسی بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێمۆکرات لەم سیمینارە بەشدار بوون.
باسی سەرەکی ئەم سێمینارە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و مەسەلەی دێمۆکراسی لە ئێران بوو. ئاسۆ ساڵح، ئەندامی بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتەی سوێد لەم سێمینارە را و بۆچوونی حیزبی سەبارەت بەو دوو مەسەلە، پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا ئاماژەی بەو قەیرانانە کرد کە ئێستا داوێنی کۆماری ئیسلامی گرتووە و لەم ناوە ئاماژەی بە قەیرانی رەوایی، قەیرانی کێشە ناوخۆیی‌یەکانی رێژیم، قەیرانی ناکارامەیی مۆدیریەتی و قەیرانی ئابووری کرد.

هەر لەم بوارە ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کرد کە بە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا، رێژیم دەتوانێ بەشێک لە رەوایی لە دەستچووی خۆی، بە رواڵەت، بە دەس بێنێتەوە.

ئاسۆ ساڵح لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خۆی ئاماژەی بە راستی وڵاتی ئێران وەکوو وڵاتێکی فرە نەتەوەیی کرد و هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە لە بەرچاو گرتنی ئەم راستییە، بەردی بناغەی پێکهاتنی دێمۆکراسی لە داهاتووی ئێرانە.
جگە لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەم سیمینارەدا نوێنەرانی چەند لایەنی دیکە لە ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی بەشدارییان تێدا کردبوو کە بریتی بوون لە:

ــ فەرشاد موستەوفی لەلایەن کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ــ حۆجەت نارنجی لەلایەن رێکخراوی فەداییانی خەڵکی ئێران، زۆرینە

ــ رەزا عەلیجانی لەلایەن رێکخراوی میللی – مەزهەبیی ئێران

ــ کەماڵ ئەرەس لەلایەن بەرەی میللیی ئێران - ئورووپا