کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی رۆڵی وڵاتانی بێ‌لایەن لەسەر چارەسەر کردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە سویس

21:13 - 9 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆنفڕانسێک بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە وڵاتی سویس بە بەشداریی نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لەو وڵاتە بەڕێوەچوو.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کونفڕانسێک لەژێر ناوی رۆڵی وڵاتانی بێ‌لایەن لەمەڕ چارەسەریی کێشەی کورد لە رێگای ئاشتییەوە لەلایەن گرووپی پارلمانتاری وڵاتی سویس بە بەشداریی چەندین کەسایەتیی ئاکادێمیک، سیاسی و مافزان لە وڵاتانی ئورووپایی، ئەفریقای باشوور، تورکیە و نوێنەرانی چەندین هێز و لایەنی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە شاری بێڕن پایتەختی وڵاتی سویس بەڕێوەچوو.
ئەم جارە کونفڕانسی رۆڵی وڵاتانی بێ‌لایەن لەمەڕ چارەسەریی کێشەی کورد لە رێگای ئاشتییەوە بۆ بارودۆخی سیاسیی کوردستانی باکوور و کرانەوەی دەرگای دیالۆگ و دانووستان لەلایەن دەسەڵاتی تورکیەوە، تەرخان کرابوو.
ئەو کونفڕانسە سێ پانێڵی سەرەکیی لە خۆ گرتبوو:

ــ ئەزموونی خەباتی گەلانی ئەفریقای باشوور و سەرکەوتنی خەبات لەدژی رەگەزپەرستی

ــ رەخساندنی دۆخی باوەڕ پێکراو بە مەبەستی دەست پێ کردنی وتووێژی راستەقینە لە نێوان گەلی کورد لە کوردستانی باکوور و کاربەدەستانی حکوومەتی تورکیە

ــ رۆڵی وڵاتانی بێ‌لایەن لە لێک نزیک کردنەوەی دوو لایەنی وتووێژکەر
ئەم کەسایەتییانە لەم کونفڕانسەدا قسەیان کرد:

ــ کارلۆ سۆمارۆگا، ئەندام پارلمانی سویس

ــ عیسا مووسا، خەباتگێڕ و مافزانی ئەفریقای باشوور

ــ هامپی، خەباتگێڕی ئیرلەندی باکوور و ئەندام پارلمانی ئەو وڵاتە

ــ گیسمەن، مامۆستای زانینگە و ئاکادیمیسیەن لە وڵاتی ئاڵمان
شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ سویس، لەم کونفڕانسەدا بەشدار بوون و لە پەراوێزی ئەم کونفڕانسەدا شاندی کۆمیتەی حیزب چاوی بە چەندین ئەندام پارلمان و کەسایەتیی سیاسی کەوت.
ئەم کونفڕانسە لەلایەن گرووپی پارلمانتاری وڵاتی سویس بۆ پێوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ گەلی کورد، پێکهاتبوو.