کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات لە وڵاتی ئوتریش لە خۆپیشاندانێکدا ناڕەزایەتییان بە بەشداریی نوێنەری ئێران لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا دەربڕی

13:37 - 10 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ــ ئوتریش بە هاوکاریی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان بە مەبەستی بەشداریی وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە ئوتریش ساز کرد.
خۆپیشاندەران هەڵگری چەندین تراکت و نووسراوە بوون و تێیاندا نووسرابوو، دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامیی بە چەکی ئەتۆم مەحکووم دەکەین، عەلی ئەکبەر ساڵحی نوێنەری حکوومەتێکی ماف پێشێلکارە.
خۆپیشاندەران دروشمی ئەوەشیان سەردەدا کە رێژیمی ئێران بە توندترین شێوە نەتەوە ستەم لێ کراوەکان دەچەوسێنێتەوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەهەمبەر ئەو پرسەدا بێدەنگ نەبێت.
چەند رۆژ لەمەوبەریش هیوا بەهرامی نوێنەری پێشووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش نامەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ چەند رێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی لەمەڕ دژایەتییان لەگەڵ بانگهێشت کردنی عەلی ئەکبەر ساڵحی بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی رێکخراوی UN Alliance of Civilizations پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنفڕانسە و وەزیری دەرەوەی ئوتریش کردبوو.
لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتبوو، بانگهێشت کردنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەیی‌یەکان دەرفەت بۆ ئەو رێژیمە دەرەخسێنێت کە لەو شوێنانەدا پڕوپاگەندە بەکار بێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی لاواز بوونی هەموو ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی کە بۆ کونترۆڵ کردنی ئەو رێژیمە سەرەڕۆیە دراون و دەدرێن.