کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کرد

13:39 - 10 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: لەدانیشتنی نێوان حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەدا بارودۆخی کوردستان، ئێران، ناوچە و پێوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکان و هاوکاریی نێوان هەر دوولا هەڵسەنگێنرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رەشەمە، شاندێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی بەڕیز مستەفا هیجری پێشوازیی لێ کرا.
لەم دیدارە دۆستانەیەدا کۆمەلێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە بارودۆخی کوردستان و ئێران و ناوچەکە لەلایەن دوو هەیئەتەوە کەوتە بەر باس و لێکدانەوە.
کۆبونەوەکە بە لێکدانەوەی بارودۆخی کوردستانی ئێران و ئێران بەگشتی دەستی پێ کرد کە لەو بەشەدا کارەکانی هەیئەتی هاوبەشی دوولایەن کە بۆ گەڵاڵە کردنی هاوکارییەکانی چەند مانگی رابردوودا پێکهێنرابوو بە موسبەت هەڵسەنگێندرا و جارێکی دیکە دوو لایەن پێداگرییان لەسەر کاری هاوبەش و پەرەپێدانی رێکەوتننامەی هاوبەش کردەوە.
بەشێکی دیکەی باسەکە تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر ناوچەکە بەگشتی و بارودۆخی کورد لە وڵاتانی سووریە و تورکیە، کە دوو لایەن هیواخواز بوون کە پڕۆسەی وتووێژەکانی کورد و دەوڵەتی تورکیە بەردەوام بێت و بە ئاکامی دڵخواز بگات.
باسیکی دیکەی ئەو کۆبونەوەیە لەسەر پێوەندی نێوان هێزەکانی کوردستان و دەستنیشان کردنی هێندیک بوار بۆ هاوکاری زیاتری دوو لایەن لە ئاستی کوردستان و لەگەڵ باقی هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە داهاتوودا بوو کە بۆ هەریەک لەو بوارانە هەیئەتی هاوبەش راسپێردرا بۆ راپەراندنی کارە هاوبەشە دیاری کراوەکانی کۆبوونەوەکە.