کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات ــ بلژیک، لە سمیناری یادی مەلا مستەفا بارزانی بەشداریی کرد

20:13 - 12 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک، لە سمیناری ژیان و خەباتی بارزانیی نەمر لە شاری ئانتوێرپێنیی ئەو وڵاتە بەشداریی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو سمینارە رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رەشەمە، بە خوێندنەوەی‌سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد.
سمینارەکه لەژێر ناوی ‌ژیان و خەباتی بارزانیی نەمر، لەلایەن لێژنەی ناوچەی بلژیکی پارتی دێمۆکراتی کوردستان بۆ رۆشنبیر و دیرۆکنووس وەزیری ئەشۆ پێکهات.
وەزیری ئەشۆ لە قسەکانیدا ئاوڕی لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی و کاریگەریی ئەو کەسایەتییە لەسەر بزووتنەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دایەوە.
شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک کە بە فەرمی بۆ ئەم سمینارە بانگهێشت کرابوو، بە سەرپەرەستی ئیبراهیم خودامورادی بەرپرسی کۆمیتە لەو سمینارەدا بەشدار بوون.
بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد و لە پەیامەکەدا تیشکی خستە سەر رۆڵی بەرچاو و کاریگەری مەلا مستەفا بارزانی لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی باشوور و چوونی ئەو سەرکردە کوردە بۆ مەهاباد لە دەورانی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری کوردستان و هاوبیری لەگەڵ پێشەوای نەمر و وەفادار بوونی بە ئامانجە نەتەوایەتییەکانی کۆماری کوردستان.
لەم سمینارەدا نوێنەرانی چەندین حیزبی سیاسیی پارچەکانی کوردستان و کوردەکان دانیشتووی بلژیک بەشدار بوون.